خەڵکی تەل حەمیس دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد

خەڵکی تەل حەمیس هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان لەدژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە رێپێوانێک شەرمەزار کرد.

لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەدژی هێرشی داگیرکەریدا، بە سەدان کەس لە خەڵکی تەل حەمیسی سەر بە قامشلۆ، ئەندامانی دەزگا مەدەنیەکانی شاروچەکی تەل ئەحمەد، ئەبو جرن، ئوکاز و جەزا، کەسایەتیە سیاسیەکان، سەرۆک هۆزەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندان لەبەردەم باڵەخانەی ناوچەی تەل حەمیس دەستی پێکرد.

لە چواریانی شەهیدانی باکوری ناوچەکە، خۆپیشاندان بۆ میتینگ گۆڕا. لەوێ فاتیمە ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی تەل حەمیس قسەی کرد و وتی، " ئێمە بە گیانی خۆمان لە بەرامبەر فڕۆکە و تانکی دوژمن دەوەستینەوە و خاکی خۆمان دەپارێزین."

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد ئەلدەحام سەرۆکی ئەنجومەنی پارتی سوریای دوارۆژی تەل حەمیس وتی، " دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک پلانەکانی ناتوانێت ئیرادەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بشکێنێت. بۆیەش هاوڵاتی، بیناسازی و ژێرخانی خزمەتگوزاری دەکاتە ئامانج. هەرچەنێک هێرش بکرێت ئێمە تەسلیم نابین."

هەروەها عتائەللا ئەلسەبی ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری سوریای تەل حەمیس بەڵێنیدا کە تۆڵەی خوێنی شەهیدان بکەنەوە و تاوەکو سەرکەوتن پشتگیری لە قەسەدە بکەن.

عەبدولسەلام ئەلجاسم ئەندامی بەڕێوەبەری ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تەل حەمیسیش وتی، " پلانی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە سایەی هوشیاری دانیشتوانی ناوچەکە تێکدەشکێت."

ف.ق