بەسێ هۆزات: دەبێت هەموو کەس لە ڕۆژئاوا لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵییەوە خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات
هۆزات ئاماژەی بە جموجوڵەکان لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە کرد و وتی، دەوڵەتی تورک لە ئێستا بەدواوە لەگەڵ بەرەی نوسرە شەڕ لە دژی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر دەکات.
هۆزات ئاماژەی بە جموجوڵەکان لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە کرد و وتی، دەوڵەتی تورک لە ئێستا بەدواوە لەگەڵ بەرەی نوسرە شەڕ لە دژی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر دەکات. هۆزات وتیشی: "لەبەر ئەوە دەبێت بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگا لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵییەوە بەشداری شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بێت".
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی میدیا خەبەر بارودۆخی ئێران و عێراق و سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپەی بەرامبەر بەعەلەویەکان هەڵسەنگاند.
بەسێ هۆزات لە سەرەتادا پلانی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپەی بە ناوی "کردنەوەی عەلوییەکان" هەڵسەنگاند و وتی: "ئەو پلانە، کە ئاکەپە – مەهەپە بەرامبەر بە عەلەوییەکان بەڕێوەی دەبەن پلانی پاکتاوکردن و تواندنەوەیە. هەر بەو هۆیەوە دەیانەوێت عەلەوییەکان ڕادەستی خۆیان بکەن، بیانتوێننەوە و ئاوێتەى دەوڵەتیان بکەن و بیانخەنە خزمەتی دەوڵەتەوە، ئامانج لەوەش ئەوەیە عەلەوییەکان ڕادەستی خۆیان بکەن و بیانتوێننەوە و تێکەڵ و ئاوێتەى دەوڵەتیان بکەن، چونکا عەلەوییەکان کۆمەڵگایەکن، کە سەدان ساڵە لە دەرەوەی دەوڵەت ژیاون. ئاوێتەى دەوڵەت نەبوون، تێکەل و ئاوێتە بە دەسەڵات نەبون، بە باوەڕ، کولتور و نەریتی خۆیانەوە ژیاون، ڕۆحی کۆمەڵگایان لە تێگەیشتنە لەسەر بنەمای ژیانی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی و پێکەوەبوون و هەرەوەزی، بۆیە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی دیموکراسی و ڕەنجە. یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی تێکۆشانی ئازادی.
فەلسەفەی بنچینەیی باوەڕی عەلەوی ٧٢ نەتەوەیە، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەرنج دەدات ئەوە دەبینێت، کە لە ناو عەلەویەکانیشدا نەتەوەپەرەستی دروستکراوە، نەتەوە پەرەستی دروست دەکرێت. دەبێت لەم بوارەدا شەڕێکی تایبەت بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و بە ئەنقەست بەرپا کرابێت. هەندێک دەڵێن: "عەلەوییەکانمان لەناو مەهەپە و لەناو ئاکەپەدان. ئەوانەی چوونەتە ناویان کەسانی وەک عیزێت دۆغانن، کە لە ڕاستیی خۆیان دوورخراونەتەوە و خۆیان بەدەستەوە داوە. عەلەوییەکان بەو کەسانەی کە بەمشێوەیە خیانەتیان لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان کردبێت دەڵێن، ڕووخاوەکان. ڕووخاوەکە".
'دەسەڵات عەلەوییەکان وەک باوەڕێکیش قبوڵ ناکات'
بەسێ هۆزات وتیشی: دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سیاسەتی سەد ساڵەی دەوڵەت لە دژی عەلەوییەکان و وتی: "ئەوەتا جەمخانەکانیان خستووەتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری. واتە عەلەوییان وەک باوەڕ قبوڵ نییە. بە پێی ئەو عەقڵیەت و تێگەیشتنە عەلەوێتی کولتورێکە و لە سنوور چوارچێوەیەکی تەسکدایە. هەندێک بەو سیاسەتە هەڵدەخەڵەتێن. ئەردۆغان ڕۆیشت، هەندێکیش پێشوازییان لێکرد. دەوترێت تا ڕادەیەک داواکاری و سەردان بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری کراوە. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن، ئەو کەسانەن، کە وەک ئەوەی عەلەوییەکان پێیان دەڵێن، منیش دەڵێم، هەموویان کەوتوو و ڕووخاون، خائین و نۆکەرن. ئەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە عەلەوێتی، بە کولتووری عەلەوێتی و باوەڕی عەلەوێتییەوە نییە. عەلەوێتی باوەڕێکی دیموکراتیکە، باوەڕێکی ئازادە، باوەڕێکی دادپەروەرانەیە. ئەو عەلەویانەی لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیست و ڕەگەزپەرست و ناسیۆنالیستدان هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستی و کولتوور و نەریتی عەلەوێتییەوە نییە. دەبێت عەلەوییەکان ئەم ڕاستییە ببینن".
'ڕێکخستنی فیستیڤاڵ لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان سوکایەتیکردنە بە سلۆپی و جزیر و ئامەد'
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا ڕایگەیاند، لە لایەکی دیکەوە شەڕێکی قورسی تایبەت لە دژی کورد هەیە و لەوبارەیەوە وتی: "دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی شەڕی تایبەتە، بەڵام ئەم دەسەڵاتەی ئاکەپە - مەهەپە زیاتر لە دەسەڵاتی پێشوو شەڕێکی پیس لە کوردستان بەڕێوەدەبەن، شەڕی پیس لە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە بۆ لەشفرۆشی ئەنجام دەدەن. بۆ نمونە فیستیڤاڵ. لە گۆڕەپانەکانی بەرخوداندا فیستیڤاڵ سازدەکات. لە سلۆپی و جزیر و ئامەد ئەنجامی دەدەن، لەو شوێنانەدا، کە بەرخۆدانی تێدا بوو، گەنجان خوێنی خۆیان بۆ ئازادی ئەم گەلە ڕشت، گیانیان بەخشی، ئێستا هاتوون ئەم کۆمەڵگایەیان کۆکردەوە و ئاهەنگ و شاییان بۆ دەگێڕن، ئەوان هەوڵ دەدەن کۆمەڵگایەکی کەوتوو و ڕووخاو دروست بکەن، کە گاڵتە بە بەهاکانی خۆی بکات. ئەمە سیاسەتە، و پڕۆژە و هێرشە بۆ دافرەقاندنی کۆمەڵگا".
هۆزات ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو خێزانێک لەو گۆڕەپانانەی بەرخۆداندا شەهیدیان، بەرخۆدانیان هەیە، ئەوانەی لێیە، کە خوێنی خۆیان ڕژاندوە و وتی: "هەر چۆن بە لەشفرۆشی، دەرمان و ماددەی هۆشبەر و سیخوڕی هەوڵی لەناوبردن و دافرەقاندنی کۆمەڵگا دەدەن، دەیانەوێت بەو جۆرە چالاکیانە کۆمەڵگا دابتەپێنن و هەوڵ دەدەن بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا لەناوبەرن. ئەم جەنگە لە شەڕی سەربازی جدیتر و قورسترە. دەبێت لە بەرامبەر ئەمەدا خەڵکی سلۆپی و جزیر و ئامەد لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵییەوە هەستن. ئەوە سووکایەتییە، ناپەسەندییە، زوڵم و دڵڕەقی و خیانەتە لە سلۆپی و جزیر و ئامەد، ئەوە پەسەند نییە و ناکرێت. کۆمەڵگایەک، کە خیانەت لە بەهاکانی بکات نابێت بە کۆمەڵگا، نابێت بە گەل و شکۆمەند و شەرەفمەند نابێت.
پێویستە لە دژی سیاسەتی بێڕەچەڵکردن و بێ ڕیشەکردن بەرخۆدان بکرێت، تێکۆشانێکی گەورە لە دژی ئەو کەسانەش ئەنجام بدرێت، کە هەوڵی ئەنجامدانی ئەو کارانە دەکەن و پێویستە هەڵوێستیان بەرامبەر نیشان بدرێت. نابێت هیچ کەسێک داوا لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بکات، بە وشەیەکیش بێت، چونکا ئەمە ڕووخان و داڕمانە. قبووڵکردنی ئەو فیستیڤاڵانە، ڕۆیشتن بۆ بەشداریکردن لەو فیستیڤاڵانەدا مایەی ڕیسوایی و ئابڕووچوونە، هیچ پەیوەندیەکی بە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییەوە نییە، بەڵکو خیانەتە. ئەوانەی لە کوردستان دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنێک و منداڵێک، هێرش و پەلامار ئەنجام دەدەن، دەبێت سزا بکرێن. من ناڵێم ئەوانە هەرگیز سزانەدراون و بەرنگایان نەبوونەتەوە، نا تا ڕادەیەک سزادان و بەرەنگاری ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەبێت ئەوە زۆر زیاتر گەورە بکرێت و بە تێکۆشانێکی بەهێزەوە بەڕێوەبچێت و درێژەی پێ بدرێت".
درێژەی هەیە