هەپەگە: ئامادەین بە شێوەی فیدایی گەلەکەمان لە باشوور لە داعش بپارێزین!

سەردار یەکتاش وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە وتی: "جموجوڵەکانی داعش لە دەوروبەری کەرکوک دەرەئەنجامی پلانێکە، کە لە جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک جیا نییە".  سەردار یەکتاش وتی: "ئێمە ئامادەین گەلەکەمان لە باشور بپارێزین".

سەردار یەکتاش وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە وتی: "جموجوڵەکانی داعش لە دەوروبەری کەرکوک دەرەئەنجامی پلانێکە، کە لە جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک جیا نییە".  سەردار یەکتاش وتی: "ئێمە ئامادەین گەلەکەمان لە باشور بپارێزین".

سەردار یەکتاش وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە زیادبوونی جموجوڵی چەتەکانی داعش کرد و ڕایگەیاند، ئامادەن گەلی باشوری کوردستان بپارێزن.

سەردار یەکتاش وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

- دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی نیسانەوە بۆ داگیرکردن هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان. لە سایەی بەرخۆدانی گەریلاوە دەوڵەتی تورک نەیتوانی پێشڕەوی بکات و لە هەندێک ناوچەش ناچار بوو بکشێتەوە، بەڵام لە ئێستادا داعش هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی کەرکوکی باشووری کوردستان. ژمارەی قوربانییان لەزیادبووندایە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟

سەردار یەکتاش: ڕاستە، داعش لە دەوروبەری کەرکوک جموجۆڵی هەیە. ئەو جموجوڵانە ئێستا بوونەتە هێرشی روون و ئاشکرا. هاوڵاتیانی مەدەنیمان و پێشمەرگەکانمان لە باشوری کوردستان شەهید بوون. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان و سەرجەم گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەکەین. داعش، کە لەلایەن شەڕڤانانی ئازادیی گەلی کوردەوە تێکشکاوە، ئێستا دووبارە دەستیکردووەتەوە بە هێرش بۆ سەر گەلەکەمان و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە.

'جموجوڵەکانی داعش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک دا نییە'

- داعش لە سوریا و عێراق تێکشکێنراوە، بەڵام ئێستا بۆچی لەناکاو لە دەوروبەری کەرکوک دەستیان بە چالاکی و جموجوڵ کردووەتەوە؟

سەردار یەکتاش: بەڕای ئێمە ئەمە، ئەو جموجوڵانە هیچ لە جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک جیاواز نین. جموجوڵەکانی داعش لە کەرکوک دەرەئەنجامی پلانێکە و ئەو دۆخەش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پلان و جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک دا نییە. کاتێک مرۆڤ لە لێدوان و کارەکانی هەندێک لایەن وردبێتەوە، ئەوە روون دەبێتەوە، کە ئەوانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەو ناوچانە ڕێکخراون. ئەوەش تێگەیشتن لە دۆخەکە باشتر روون دەکاتەوە.

 - ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ئەو ناوچەیە ئێوە وەک هەپەگە، شانبەشانی پێشمەرگە لەو ناوچانە شەڕتان کرد و گەلتان پاراست و ناوچەکەتان لە داعش پاک کردەوە. ئایا ئەگەر ئێستا هێرشەکانی داعش زیاد بکەن و مەترسی و هەڕەشەکانیان زیاتر بکەن، ئێوە دیسانەوە ئامادەن هەمان ئەو کارە لە دژی داعش بکەنەوە؟

سەردار یەکتاش: بێگومان ئەوە دەکەین. لە هەر شوێنێک هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان ئەرکی ئێمەیە، کە بە شێوەی فیدایی گەلەکەمان بپارێزین. ئەگەر بۆ ئەو ناوچەیە بێت کە تۆ وتت، ئەگەر پێویستی بە ئێمە هەبێت و داوامان لێ بکرێت، ئیمە وەک هەپەگە ئامادەین گەلەکەى خۆمان لە کەرکوک بپارێزین. هەروەک وتت، لە ساڵی ٢٠١٤دا چۆن بە ئەرکەکانمان هەستاین، ئێستاش لەلایەن ئێەوە هیچ بەربەستێک نییە، کە ئەو ئەرکەى خۆمان جێبەجێ نەکەین.

لەو هێرشانەدا چەندین هاووڵاتی لە گەلەکەمان و پێشمەرگە شەهید بوون. لەو رووەوە لاوازیی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووەتە بابەتی گفتوگۆ. وەک لە رای گشتیدا باس دەکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە زۆری و بە چڕی رووی لە ناوچەکانی گەریلا کردووە. دەوترێت، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان و ئەو چەکانە، کە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە بۆ شەڕ لە دژی داعش دراونەتە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، ئێستا بەو چەکانە لە سەدان گرد و شاخەوە ناوچەکانی گەریلایان گەمارۆ داوە...

ئەو زانیارییانەی لە ناو ڕای گشتی دا بڵاوبوونەتەوە و ئەوانەى ئێوە باستان کرد، بەداخەوە ڕاستە. ئەو هەموو هێزە سەربازی و ئەو هەمو دەرفەتە دەبوایە نەک لە دژی گەریلا، بەڵکو لە دژی دوژمنانی ڕاستەقینەی گەلی کورد جێگیر بکرانایە. چونکە ئەمە بۆ دۆزی خەڵکی باشووری کوردستان سوودی نییە و بە سوودی بۆ پرسی ئازادیی هەموو خەڵکی کوردستانیش نییە. هەروەها دەبێت ئەوە بزانرێت، بە هێزی قەرەباڵغ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، کە بۆ نمایشکردن بێت، ناتوانرێت گورز لە داعش بدرێت، بەڵکو تەنها به یەکەی بچووک ده توانرێت گورزی لێی بدرێت.  هەر خۆی ئێمە وەک هەپەگە کاتێک شێواز و تاکتیکەکانی سەردەمی نوێی گەریلامان دەستنیشانکرد، ئەمە یەکێک بوو لە گرنگترین تایبەتمەندی و خەسڵەتەکان، کە ئێمە لەبەرچاومان گرت. بەو شێوەیە لە دژی هەموو جۆرەکانی هێرش ئەنجاممان بەدەست هێنا. هەپەگە لەم بوارەدا زۆر بە ئەزموون و لێهاتووە.

"ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە ڕووداوی بۆمبەکەی سێرتەوە نییە"

- لە هەندێک هەواڵدا بڵاوکرایەوە، کە گوایە تەیب ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک لە کاتی رۆیشتنی بۆ سێرت بۆمبێکی لە  ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسدا بۆ دانراوە و ڕێگری لە هێرشێک بۆ سەر ئەردۆغان کراوە. میدیاکانی تورکیا ئەوەیان خستە ئەستۆی گەریلا و هەوڵیان دا ئەوە بکەنە رۆژەڤی تورکیا و لە رای گشتیدا ببێتە جێگای مشتومڕ، ئایا ئەو بانگەشەیە ڕاستە؟

سەردار یەکتاش: ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بە ڕووداوی بۆمبەکەوە نییە. ڕەنگە ئەوە سیناریۆیەک بێت، کە لەلایەن ئاکەپەوە ئامادە کرابێت. ڕژێمێکی فاشیست و سەرکردەکانی ئیدی لە رۆژەڤ و بابەت دا نەماون، بێزراون و کەس باسیان ناکات. ڕەنگە ئەو کارەیان بۆ ئەوە کردبێت، کە ئاکەپە بە شێوەیەکی جیاواز بخەنەوە ناو رای گشتی و رۆژەڤی تورکیا و خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن. دەوترێت بۆمبەکە ١.٥ یەک کیلۆ و نیوە بووە. هەموو کەس دەزانێت، کە تەقەمەنییەکی بەو ئەندازەیە هەرگیز کار ناکاتە سەر ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و گولـلەنەبڕی سەرۆک کۆمار، بۆیە ئەوەی گوتراوە ناڕاستە و تەنها بۆ پڕوپاگەندەیە.

ژ.ت