زیلان ڤەژین كۆمەڵكۆژی بەلووچستانی شەرمەزار کرد کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە ئەنجامدرا

هاوسەرۆكی پژاک لەپەیامێكدا كۆشتنی هاوڵاتیانی بەلووچی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد و سەرەخۆشی لەبنەماڵە و كەسوكاری گیانبەختكردووان و گەلی بەلووچ کرد.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک" لەراگەیەندراوێكدا، كۆشتنی هاوڵاتیانی بەلووچی لە سیستان و بەلووچستان بەدەستی سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران، بەتوندی رسوا و شەرمەزار کرد. ڤەژین لەهەمانكاتدا سەرەخۆشی لەبنەماڵە و كەسوكاری گیانبەختكردووان و گەلی بەلووچ کرد و جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت هەموو گەلانی ئێران پشتیوانی گەلی بەلووچ و كورد بن؛ چونكە رژێم لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بەلووچستان لەچاو شوێنەكانی تر دەستی بەكۆشتن و كۆمەڵكۆژی زیاتری گەل كردووە.

تاكە رێگەی چارەسەری لەبەردەم گەلاندا تێكۆشانی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی ئازادیە

دەقی راگەیەندراوەكەی هاوسەرۆكی پژاک"زیلان ڤەژین":

بۆ رای گشتی و گەلی بەلووچ

گەلی خۆڕاگر و قارەمانی بەلووچ، لەرۆژانی هەینی و شەممە و یەكشەممە"1401ی هەتاوی"، لەلایەن سوپای پاسدارانی رژێمی فاشیستی ئێرانەوە بەشێوەیەكی بێ بەزەییانە هێرش كرایە سەر هەزاران خەڵكی ناڕازی لەشاری زاهیدان كە بەهۆی هێرشەكانەوە بەدەیان كەس لەهاوڵاتیانی بێ تاوان درانە بەر دەستڕێژی گەلو و لە لووتكەی بێتاوانیدا كۆمەڵكۆژكران. ئێمە وەكو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک" پشتیوان و لایەنگری گەلی ئازادیخوازی بەلووچین و كۆشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی ناڕازی و بێ تاوان بەدەستی سوپای پاسدارانی رژێمی فاشیستی ئێران بەتوندی رسوا و شەرمەزار دەكەین. ئەمجۆرە هێرشانەی رژێمی سەركۆتكار بەبێ گۆمان وەڵامێكی ئاشكرای رژێمە لەبەرامبەر بەو گەلە فەقیر و هەژار و زۆڵملێكراوە كە تەنیا تاوانی داواكاری بەگشتی مافەكان و ئازادیەكەیەتی. رژێمی داگیركەری ئێران لە پانزدە رۆژی رابردوو كە راپەڕینی گەلان بەدرۆشم و فەلسەفەی"ژن، ژیان، ئازادی"بەردەوامە، زیاتر لەهەر شوێنێكی تر دەستی بەكۆشت و بڕ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و بەلووچستان كردوە.

گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە راپەڕینی ئازادیخوازانەی خۆیاندا رۆحێكی نوێ و دووجارەیان كردۆتەوە بەجەستەی رۆژهەڵاتی ناویندا و بۆ گەیشتن بە رێنسانسێكی راستین بەپێشەنگایەتی ژنانی ئازاد، هەنگاوی جددی و گرنگی هەڵگرتووە. باوەڕیمان بە یەكگرتوویی و یەكیەتی گەلان بەتایبەتی گەلی بەلووچ زیاتر لەهەموو جارێك بەگۆڕتر و بەهێزترە. ئەو یەكیەتی و یەكگرتوویی و هاودەنگیە، ریزەكانی ئێمە یەكگرتووتر و ژمارەمان زیاتر و بەهێزتر و پتەوتر دەكات. بەتێكۆشان و پشتبەستن بەئیرادەی سەرهەڵدان، هەموو گەلانی زۆڵملێكراو دەگەنە ئازادی."

ف.ق