دایکان لە ئێشکگری ئازادی: ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و یەکێتی کوردانمان دەوێت

فاتمە حەمۆ و جەمیلە موحەمەد کە لە هەفتەی ٦١٨ی ئێشکگری ئازادیدان، ئاماژەییان بە گرنگی یەكێتی نەتەوەیکرد و وتییان: " ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کوردمان دەوێت."

ئێشکگری ئازادی لە هەفتەی ٦١٨دایە

ئێشکگری ئازادی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە بە ئامانجی ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتایهێنان بە گۆشەگیری، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت.

لە ئێشکگری هەفتەی ٦١٨دا وڵاتپارێزان فاتمە حەمۆ، جەمیل محمەد، ئەلیان حوسێن و ئەحمەد باگۆک لە شاری مونستەری ئەڵمانیەوە بەشداری چالاکیەکە بوون.

لە چالاکیەکدا ئەلیان حوسێن باسی لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و داوایکرد هەموو کوردێک بۆ ئامانجی نەهێشتنی گۆشەگیری ئیمراڵی تێبکۆشێت.

 جەمیلە موحەمەد ئاماژەی بەوەکرد لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان بەشداری چالاکیەکە بووین و سڵاوی بۆ ئیمراڵی نارد و وتی: "ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەرمانەوە وەرناگرین، ئازادی ڕێبەر و گەلەکەمان دەوێت. بۆئەمەش هەموو کاتێک تێدەکۆشین و لە گۆڕەپانەکان دەبین. هیچ کاتێک کۆڵنادەین لە تێكۆشان."

هەروەها فاتمە حەمۆیی بەشداربووی چالاکیەکە وتی : ماوەی سێ ساڵە نازانین ڕەوشی ڕێبەرمان چۆنە. کورستان لە لایەن دەوڵەتانەوە پارچەکرا. نایانەوێت یەكێتی خۆمان پێکبهێنین. ئەمە قبوڵناکەین. با هەموومان یەکبگرین، گەر یەکنەگرین ناتوانین ئازادبین. خاوەنداری لە شەهیدانمان بکەین، نەک ئەوەی پشت بە دووژمنانمان ببەستین. دەست لە دەست وڵاتمان ئازادبکەین."