ڕێپێوانی جەژنی زمانی کوردی: زمانەکەمان، هەبوونمانە
لە ئامەد بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، لە ڕێپێوانەکە گوترا: "زمانمان، هەبوونمانە. لەپێناو زمانی دایکمان، هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین".
لە ئامەد بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، لە ڕێپێوانەکە گوترا: "زمانمان، هەبوونمانە. لەپێناو زمانی دایکمان، هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین".
کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و چاندی میزۆپۆتامیا (مەد-دەر)، کۆمەڵەی ئەدیبانی کورد، ئینستیوتی کوردی ئامەد، گۆڤاری دەستار، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد بەبۆنەی ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە ڕێپێوانیان ئەنجامدا، هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر و هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و سەدان کەس بەشداربوون، هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەبوون.
لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردی، پیرۆز بێت" بە زاراوەی کوردی کورمانجی و کورمانجکی هەڵگرت و درووشمی "بێ زمان، ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە. هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردییەوە لافیتەی "زمانی ئازاد/ژیانێکی ئازاد"یان هەڵگرت.
پاشان ڕاگەیاندراوێک بە زمانی کوردی لەلایەن هاوسەرۆکی مەد-دەر شوکران یاقوت خوێنرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخرایە سەر گرنگی و دەوڵەمەندی و دێریینی زمانی کوردی و گوترا: "زمانی کوردی هەبوون و سەربەخۆیی و شکۆ و ناسنامەی نەتەوەیی کوردانە، خێمە و چەتری یەکێتی کوردانە، ئازادی زمانی کوردی سەرچاوەی سەرەکی ڕزگاری و ئازادی نەتەوەی کوردە".
هەروەها ئاماژە کراوە بە ڕەنج و بەرخۆدانی لەمێژینەی گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی، هەروەها گرنگی دەرچوونی گۆڤاری هاوار بە پێشەنگایەتی جەلادەت عەلی بەدرخان وەک تۆوی شۆڕشێکی مەزن بووە سەرچاوەی پێشخستنی تێکۆشانی زمانی کوردی، هاوکات تیشکخرایەسەر وتەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەم ڕووەوە کە دەڵێت: "زمان جەستەیە، خاوەنداری لە جەستەی خۆتان بکەن".
هەروەها ئاماژەکراوە بە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی کوردستان بۆ پاراستنی چاند و زمانەکەی، بانگەواز لە هەموو ناوەندەکانی خەبات کراوە، لە خەباتی سیاسی و چاندی و هونەری و ئابووری خۆیاندا زمانی کوردی بەکاربهێنن، دەڵێت: "بەم ئامانجە ئەمساڵ بە درووشـمی "هەردەم کوردی، لە هەموو جێیەک کوردی" بە ئامانجی بڵندکردن و فراوانکردنی تێکۆشانی شکاندنی گۆشەگیری سەر زمانی کوردی کە بەشێکە لە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری گشتی سەر تێکۆشانی نەتەوەیی کورد، بەرنامە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین".
ڕاگەیاندراوەکە جەژنی زمانی کوردی لە هەموو گەلی کورد و هەموو ژنان و دایکان و تێکۆشەران و خەمخۆران و خەباتکاران و عاشقانی زمانی کوردی پیرۆز دەکات، بانگەواز لە ژنان و گەنجان و هەمووان دەکات، لە قوتابخانە و زانکۆ و هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک بە زمانی کوردی بدوێن و بیربکەنەوە و بخوێنن و بنووسن.
پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر فشارەکانی سەر زمانی کوردی و ڕایگەیاند پێویستە زیاتر هەڵوەستە بکەین بۆ پاراستنی زمانی کوردی، گوتی: "لێرەوە بانگەواز لە هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان دەکەین، لێرە بەدوا زیاتر هەڵوەستە لەسەر زمانی کوردی بکەن. زمانمان هەبوونمانە، دەبێت لە کۆڵان و شەقامەکان فێری زمانی کوردی بین و گەلەکەمان فێری زمانی خۆمان بکەین. بۆ ئەمەش هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین".