بە دیمەن

ئەنجامنامەی "کۆنفرانسی مێژوو، یادەوەریی و ناڕەزایەتیی کۆڵەکتیڤ" ئاشکرا کرا

ئەنجامنامەی ئەو کۆنفرانسەی بۆ هەڵسەنگاندنی بەرخۆدانی شێخ سەعید و ڕەهەندە سیاسی و کەلتووری و ئەدەبییەکانی ئەنجامدرا، ئاشکرا کرا. لە ئەنجامنامەکەدا بانگەوازکرا بۆ پێکهێنانی میکانیزمەکان بۆ بەدیهێنانی ڕووبەڕووبوونەوە و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بە ناونیشانی "شێخ سەعید و کۆمەڵەی ئازادی: مێژوو، یادەوەریی و ناڕەزایەتیی کۆڵەکتیڤ"، کە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و کۆمەڵگەی ئیسلامیی کوردستان (جیک) و ئەنیستیوتی کوردانی ئەڵمانیا و بەلژیکا لە بروکسلی پایتەختی ئەڵمانیا ئەنجامدرا، ئاشکرا کرا.

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە کرا، هێشتا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و ٤٧ هەڤاڵەکەی ئاشکرا نەکراوە، ئەم ڕەوشە نەوەک هەر بۆ کورد، بۆ ویژدانی مرۆڤایەتیش پێشێلکردنێکی گەورەی مافەکانە.

لە ئەنجامنامەکەدا گوتراوە:

لە ئەنجامنامەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێکران:

چوارچێوە مێژوویی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و هۆکارەکانی شۆڕشی ١٩٢٥

_ دیدگای سیاسیی کۆمەڵەی ئازادی و پەیوەندییەکانی بە شۆڕشەوە.

_ توندوتیژییەکانی کاتی سەرکوتکردنی شۆڕشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمڕۆ.

_ پرۆسەی دادگاییکردن و لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانی.

_ کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و یادگەی کەلتووری.

_ یادکردنەوەی ڕێبەرە کوردە بێ گۆڕەکان و واتاکەی لەمڕۆدا.

بابەت و گفتوگۆکان لە کۆنفرانسەکەدا ڕوونیان کردەوە کە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ "ڕووداوێک نەبووە کە لە ڕابردوودا ڕوویدا و کۆتایی پێهات"، بەڵکو بابەتی ڕاستی و یادەوەری و دادپەروەرییە کە تا ئەمڕۆش بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا پێمان خۆشە ئەم تێبینی و بانگەوازانەی خوارەوە بکەین:

١- ئەوەی کە گۆڕی شێخ سەعید و ٤٧ هەڤاڵەکەی لە دوای لەسێدارەدانیان لە ساڵی ١٩٢٥ەوە ئاشکرا نەکراون، نادادپەروەرییەکی گەورەیە نەک تەنها بەرامبەر بە بنەماڵەکانیان و گەلی کورد، بەڵکو بەرامبەر هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان و مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ. چونکە نەبوونی گۆڕ بەو مانایەیە کە ڕێزنەگرتنە لە مردوو. نەزانینی شوێنی تەرمی مرۆڤ ڕێگری دەکات لە پرسەی کۆمەڵایەتی و یادکردنەوە و بیرهێنانەوە.

٢- بۆیە نەبوونی گۆڕ تەنها کێماسییەکی جەستەیی نییە؛ هاوکات ڕێگایەکە بۆ سەرکوتکردنی یادەوەری و کۆنترۆڵکردنی شوێن و پشتگوێخستنی مافی پرسەی کۆڵەکتیڤی گەل. ئەوانەی بێ گۆڕ دەمێننەوە، هەوڵدەدرێت لە مێژووشدا لەبیربکرێن و لەشکۆیان بدرێت، تاوەکو ناسنامەی کۆڵەکتیڤ لەبیربکرێت. بۆیە لە تێکۆشانی ئەوان بۆ دادپەروەری و دانپیانانی مێژووییدا، ئەم ڕەوشە هێشتا یەکێکە لە داخوازییە سەرەکی و هەنوکەییەکانی گەلی کورد.

٣_ هەرچەندە هەموو زانیارییەکان لەبارەی ئەم گۆرە بەکۆمەڵەوە لە ئەرشیفی دەوڵەتدا هەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەیەوە نەدراوە، نیشانەی نەبوونی ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو و ڕاستییەکانە. دیاریکردنی شوێنی گۆڕەکان و ناسینەوەی بە شێوازی زانستی و گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ بنەماڵەکانیان بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە سەد ساڵە جێبەجێ نەکراوە.

٤_ ئەم ڕەفتاری بێ گۆڕ هێشتنەوەیە، تەنها بە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانییەوە سنووردار نەبووە.

- ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٩٣٠ لە دۆڵی زیلان و لە ساڵی ١٩٣٥ لە ساسۆن کوژران لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردران.

- شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و هەڤاڵانی کە لە دوای کۆمەڵکوژی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ لە سێدارە دراون تا ئەمڕۆ ئاشکرا نەکراون.

_ ئەم سیاسەتەی بێ ناونیشانکردن و لەبیرکردنی یادەوەرییەکانیان، وەک سیاسەتێکی فەرمی لە هەموو شۆڕشەکانی ئەو سەردەمەدا جێبەجێ کراوە.

_ بەهەمان شێوە، گۆڕی بەدیعوزەمان سەعیدی کوردی (سەعیدی نەورسی)، کە ساڵی ١٩٦٠ لە دەربەدەری گیانی لەدەستدا نادیارە، هەرچەن وەسیەتی کردووە لە بەدلیس بنێژرێت.

٥- یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ گەلی کورد ڕووبەڕووبوونەوەی پرسەکانی یادەوەری و ڕاستییە. شاردنەوەی گۆڕەکان و تاوانبارکردنی کەسایەتییە مێژووییەکان و بێبایەخکردنی یادەوەرییەکانیان بەربەستی جیددییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.

٦_ بەم هۆکارانە، بانگەواز لە کۆماری تورکیا و دامەزراوە بەرپرسیارەکان دەکەین، ئەم هەنگاوانە بنێن:

- ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید، خالید بەگ جبری، سەید ڕەزا، سەید عەبدولقادری نەهری، شێخ شەریف، یوسف زیا، ڕەشۆی سلۆ، شێخ ڕەسووڵ، شێخ زاهیر و سەعیدی کوردی، ئەو کەسایەتیانەی کە بەهایەکی گەورەی مێژوویی، سیاسی، کولتووری و ڕەمزییان هەیە بۆ گەلی کورد… هاوڕێ و شوێنکەوتووەکانیان کە لەگەڵیاندا شەهیدبوون؛ تەرمەکان بگەڕێننەوە بۆ بنەماڵەکانیان، ڕێگە خۆش بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵایەتی؛ کۆتایی بە هێرش و بێڕێزی و نزیکبوونەوەی نکۆڵیکارانە بەرامبەر یادەوەری ئەم کەسانە بهێنن.

- نەهێشتنی لێدوانی دوژمنکارانە لە دژی ئەو کەسایەتیانە لە مێژووی فەرمی و سیستەمی پەروەردەدا. پێویستە هەموو ئەرشیفەکانیان بەڕووی ڕای گشتیدا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان دەربکەون.

- دانانی میکانیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازارەکانی ڕابردوو و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری و ئارامکردنەوەی ویژدانەکان و کاراکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

7- ئەوە سەد ساڵە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و لەسێدارەدان و تەسفیەکردن بەردەوامە. زۆربەی شۆڕشەکانی کورد ڕووبەڕووی دادگاییکردن و لەسێدارەدان بوونەتەوە. دوایین شۆڕشی کورد بە پێشەنگایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە ٥٢ ساڵە بەردەوامە، ئێستا لەسەر مێزی دانوستانە. بەم بۆنەیەوە داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵی بهێنن و واز لە پاکتاوکردن و تەسفیەکردن بهێنن و دان بە ماف و ڕاستی گەلی کورددا بنێن.

ئاشتی تەنها بە بێدەنگکردنی تفەنگەکان نایەتەدی؛ بەڵکو هاوکات بە پێدانی مافی زیندووەکان و دۆزینەوەی شوێنی بۆ مردووەکان و داننان بە یادەوەرییەکانیان و پێدانی ماف و ڕووبەڕووبوونەوەی بنەڕەتی لەگەڵ ڕاستییەکانی ڕابردوودا دەکرێت.

گۆڕە ونکراوەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی لە ڕاستیدا پوختەی یادەوەری و مێژووی کوردن کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی لەبیرکردن و سڕینەوەیان دەدرێت. بەڵام هەرچەندە گۆڕ و تەرمەکان ون بکرێن، یادەوەری ناوەستێت، مێژووش بشاردرێتەوە، داوا و تێکۆشانی دادپەروەری بەردەوام دەبێت.

پاش ئەوەی ئەنجامنامەکە بە کوردی و تورکی خوێنرایەوە، پێشنیارەکان دەربارەی ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە وەرگیران.

بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکەی کۆڵن

پاشان لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکار، سەرۆکی گشتی کۆمەڵگەی ئیسلامی کوردستان (جیک) مەلا شەوکەت چاکیر، سوپاسی ئامادەبووانی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەهەندە مێژوویی و هەنوکەییەکانی بابەتەکانی کۆنفرانسەکە کرد. بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لەو گردبوونەوە مەزنەی لە سەدەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ساڵی ١٩٢٥ کە بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید ئەنجامدرا، لە ٢٩ ی حوزەیران لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت.