ئەمڕۆ، شەش ساڵ بەسەر شەهیدبوونی دیار غەریب ناسراو بە "هەڵمەت گابار"، پێشەنگێکی تێکۆشانی ئازادیی و باشووری کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە تێدەپەڕێت، کە له ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠١٩ـدا له هێرشێكی ئاسمانیی فڕۆكه جهنگییهكانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و به چاوساغی سیخوڕان و بهكرێگیراوان لهگهڵ دوو له ههڤاڵانی بهناوهكانی دهوران و شاهین له ههرێمهكانی پاراستنی مهدیا شههید بوون و چوونە كاروانی نەمرانەوە.
ئەمڕۆ لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، لەسەر مەزاری خۆی لە بناری قەندیل بە مەڕاسیمێکی شکۆدار، لەلایەن هاوڕێ و هاوخەباتانی و وڵاتپارێزان و خانەوادەی شەهیدانەوە بەبیرهێنرایەوە.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشانی شەهید هەڵمەت و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستی پێ کرد.
پاشان لەلایەن ئاواز ئیسماعیل، پەیامی هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هەڤاڵ هەڵمەت هەوڵێکی زۆریدا لە باشوور بۆ پەروەردەکردن و ڕۆشنگەریکردنی ژنان و گەنجان و پەرەپێدانی هێزە ڕێکخراوەکانیان بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراسی و یەکسان، بەم مانایە بوونی هەڤاڵ هەڵمەت کاریگەری زۆری لەسەر ئایندەی گەلەکەمان لە باشوور هەبوو، بۆ ئەم ڕاستییە بوو بە ئامانجی داگیرکەری خوێناوی و هاوکارەکانیان.
هەروەها ئەوەش هاتبوو تێیدا، هەڤاڵ هەڵمەت تا کۆتایی دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ بوو، ویسوویەتی هەموو کات لەو ڕێبەر ئاپۆ تێبگات و کارەکانی جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ تێبگات ویستوویەتی لە هەموو نەتەوەیەکدا پەرە بە خۆی بدات، بەردەوام پێداچوونەوە و مۆدێرنیزەکردنی پەیوەندییەکانی دەکرد لەگەڵ هەڤاڵانی ژن، سرووشت و خەڵکدا، هیچکات نەیدەویست دڵی کەسێک بشکێنێت، هەر بەو هۆیەشەوە هەڤاڵ هەڵمەت هەمیشە لە دڵی هەموو هەڤاڵانیدا جێگەی تایبەتی هەبوو.
لە کۆتاییشدا کەجەکە دەڵێت: ڕەنگە لەم سەردەمە نوێیەدا شێواز و شێوازی خەباتمان بگۆڕێت، بەڵام ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان دژی داگیرکاری، جینۆساید و فاشیزم، کە ئاشتییەکی شکۆمەندانە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئازاد لە سەرتاسەری کوردستاندا دابمەزرێت، پێیویستە بگوترێت توڕەیی ئێمە لە خۆفڕۆشان کەمتر نییە لە توڕەییمان بەرامبەر بە داگیرکەران و هێزە جینۆسایدکەرەکان، بەم بۆنەیەشەوە خەباتی ئێمە لە دژی خیانەتکاران هەمیشە بەردەوام دەبێت.
هەروەها وەستا ئیبراهیم، لەسەر ناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و لە کەسایەتی شەهید هەڵمەتدا یادی هەموو شەهیدانی ئازادیی کردەوە و وتی: ئەم بزووتنەوەیە لەسەر هێڵی شەهیدان دروستبووە، شەهیدان لە پێناو ئاشتی و دیموکراتیکدا گیانی خۆیان بەخشیوە، دەبێت هەموومان تا سەرکەوتن لە هەموو شوێنێک بەرپرسیارێتی بخەینە سەرشان و لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بین، کە خەباتی ئازادی و ئاشتی و دیموکراتییە.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا سێ پارچە هۆنراوە لەلایەن جاسمی ساز، ئیبراهیم ڕەئوف، نیاز عەبدوڵا پێشکەش بە ڕۆحی شەهید هەڵمەت کرا.
لە درێژەی مەڕاسیمەکەدا ئەبوبەکر مەجید، هاوخەباتی شەهید هەڵمەت وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: ئەوەی دوور و نزیک هەڤاڵ هەڵمەتی ناسیبێت دەزانێت کە چی کەسایەتییەکی بوێرانە و پێشەنگی هەبووە، شەهید کاریگەریی لەسەر تاک بە تاکی هەڤاڵانی هەبوو، پیلانی دوژمنان ئەوەبوو بە شەهیدکردنی هەڤاڵ هەڵمەت ویستی ڕێ لە بەرفراوانبوونی ئەم تێکۆشانە بگرێت، بەڵام بە شەهیدبوونی هەر هەڤاڵێک ئەم تەڤگەرە تێکۆشانی گەیاندووەتە ئاستێکی باڵاتر، کاتیك ئەم یادانە دەکەینەوە ئێمە هێز وەردەگرین تا درێکە بە تێکۆشان بدەین و ئامانجەکانمان بەدی بهێنین کە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
پاشان ئیبراهیم ئەحمەد دیارییەکی پێشکەش بە خانەوادەی شەهید کرد و دایە سەعدییە، دایکی شەهید هەڵمەت سووپاسی دیارییەکەی کرد و بەخێرهاتنی میوانانی کرد، هەروەها دایکی شەهید ئاماژەی بە قورئانێکدا، کە شەهید هەڵمەت بەهۆی ئەوەی لە خوێندنیدا هەموو ساڵێک بە پلەی یەکەم قۆناغەکانی دەبڕی، لەلایەن مامۆستاکانییەوە پێشکەشی کراوە.
هەروەها لەسەر ناوی خانەوادەی شەهید هەڵمەت، هەڵاڵە غەریب خوشکی شەهید وتی: بێگومان شەهید هەڵمەت چەندە ڕۆڵەی ئێمە بوو زیاتر ڕۆڵەی گەل و خاک بوو، دوای شەهید دلێری براگەورەمان، دووەم شەهیدی بنەماڵەکەمانە کە بەشداریی لە ئازادی گەل و خاکدا کردووە و گیانی خۆیان فیدا کردووە، شەهید هەڵمەت نموونەی ئەو کەسە مەزنانەیە کە لە کەسێتی خۆیدا نموونەی باڵای باڵای شۆڕشگێڕێتی بەرجەستەکردووە، کە چۆنی بیردەکردەوە وەهاش دەدوا، خەباتی دەکرد و دەژیا.
ئاماژەی بەوەشدا، شۆڕشی ئازادیی کوردسگان نەک هەر ئەو خواستەی هێزە داگیرکەرەکان و بەکرێگیراوەکانی ڕاوەستاند بەڵكو لە کەسێتی دیار غەریبەکان مێژووی ئێستا و داهاتووشی قازانج کرد و گرەوی ژیانی ئازادی بردەوە و کردی بە ڕاستینە و حەقیقەتێکی ئەبدی.
هەڵاڵە غەریب جەختیشی کردەوە، هەڤاڵ هەڵمەت هەموو ژیانی خۆی لە پێناو ئازادیی و یەکێتی نەتەوەیی و دیموکراتی بەخشی، پابەندین بە ڕێبازی شەهید هەڵمەت و شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دووپاتی دەکەینەوە و دەڵێین شەهید دیار و شەهیدانی ڕێگای ئازادی نەمرن، ژیان و تێکۆشانیان بۆ ئێمە و هەموو گەلە نیشتیمانپەروەرەکەمان بۆ هەمیشە و تا سەرکەوتن هەر بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە.
دواتر ئامادەبووان بە ڕێپێوان و بەدەم وتنەوەی “شەهید نامرێت دیار نامرێت” بە چەپکە گوڵ ڕوویان لە مەزاری شەهید هەڵمەت کرد و لە دەوری مەزارەکەی کۆبوونەوە.
مەڕاسیمەکە بە وتنەوەی درووشمەکانی “شەهید نامرێت”، “دیار نامرێت” و “بژی سەرۆک ئاپۆ” بە کۆتا هات.