ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین، لە ڕاستیدا شەڕی جیهانی سێیەمی تێدا دەگوزەرێ. هەرچەندە هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێشتا ئەم شەڕە دەستی پێنەکردووە، بەڵام ئەم شەڕە ساڵانێکە بە ڕێباز و شێوازی جیاوازەوە تا دێت بەردەوام دەبێت. ئەم شەڕە کە لە لایەن ڕانتخۆرانی شەڕ، چەکفرۆشان و بەشێکی دەسەڵاتدارانی سەرمایەدارییەوە بەڕێوەدەبرێت کە جیهان بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن و لەم نێوەندەدا زۆرترین زیان بەر کۆمەڵگا و ژنان دەکەوێت و شوێنی ژیانیان وێران دەکرێت. لەم ڕۆژە پڕ لە ئاڵۆزی و ململانێانەدا، تێگەیشتن لەو پڕۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە دروشمی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" دەستیپێکردووە، گرنگییەکی ژیانی هەیە.
پڕۆسەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەم بە لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەماندا دەستیپێکرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر بڕیارە تیرۆر کۆتایی پێبێت، پێویستە ئۆجالان بێت و لە کۆبوونەوەی دەم پارتیدا وتارێک پێشکەش بکات." لە ماوەیەکی کورتدا دواتر شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالیان کرد، دواتر ڕایانگەیاند کە رێبەر ئاپۆ بۆ ڕاگرتنی ململانێکان و پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک دەستپێشخەریی کردووە و ئامادەیە هەنگاوی پێویست بنێت و ئەم پرۆسەیە بە بەرپرسیارێتیەکی مێژووییەوە بەرەو پێش ببات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکی زۆر گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاگەیەندرا. لەکاتێکدا کە ململانێەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتبووە نێو ڕێگەیەکی جیاوازەوە، هێزێکی زۆر لەم شەڕەدا لەناوچوون و هەڕەشەکانیش لەسەر ئێران و تورکیا ڕووی لە زیادبوون دەکرد. سەیر نییە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بگیرێتەبەر. بە تێڕوانین لە دەستکەوتەکانی تێکۆشانی خوشک و برایەتی کورد و تورک لە هەر کاتێک زیاتر، تێگەیشتنی ئەم هەنگاوە ئاسانتر کردووە. لەو ساڵانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە لایەن هێزە پیلانگێڕەکانەوە بە دیل گیرا، ئەو ڕاستیەی کە باسی دەکرد: "ئەوان دەیانەوێت شەڕێک لە نێوان کورد-تورکدا دروست بکەن کە ١٠٠ ساڵ بەردەوام بێت"بە دەستپێشخەری ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگریکردن لەم ململانێیەدا بوو، ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو. واتە کارتی کوردی لە دەستی هەژمونخوازان کە بەساڵان بوو بەکاریان دەهێنا، دەرهێنا. بەو شێوەیە دەرفەتی مێژوویی نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ تورکیاش دەڕەخسێنێت.
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
باسکردن لەسەر هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" نەک تەنها لە کۆمەڵگەی تورکیا و کوردستان، بەڵکو لە ڕای گشتی جیهانیشدا پێشوازیەکی گەورەی لێکرا. پێداگری لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی وەک کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و تیشک خستنە سەر سیاسەت و یاسای دیموکراتیک، گوتاری پارادایمی نوێ و زیندووکردنەوەی خوشک و برایەتی کورد و تورک، هەم هێزی کۆمەڵایەتی-سیاسی رێبەر ئاپۆ و هەم توانای پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ئیرادەی ڕاگرتنی ململانێکانی نیشان دا. بەشێوەیەک کە دەقی ئەم بانگەوازییە بە "مانیفێستی سەردەم" دەنگی دایەوە. جگە لەوەش پلانێک بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ئاژاوەگێڕییەی هەیە و حکومەتی تورکیا تێیدا چەقیوە.
جگە لەوەش ڕێبەر ئاپۆ کە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ پارچە بوون" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و ساڵانێکە لە گۆشەگیری ڕەهای ئیمرالیدا ڕاگیراوە، بوو بە ناونیشانی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگای تورکیا و خاوەنی پارادایمی ئازادیی. ئەمەش بووە هۆی سەرلەنوێ گۆڕانکاری لە مێشکی هەندێک لە لایەن و تاکەکاندا. ئەو کەسانەی هەوڵیان دەدا بە پێچەوانە کردنەوەی ڕاستیەکان درێژە بە ململانێکان بدەن، هەموو پلانەکانیان هەڵوەشایەوە. چونکە رێبەر ئاپۆ هەموو ساتەکان ژیانی لە پێناو بنیاتنان و پەرەپێدانی کۆمەڵگای دیموکراتیک بە تێکۆشان بەسەر بردووە. ئەوەی کە ئەم ڕاستیانە تەنانەت لە لایەن نەیارەکانیشەوە دانی پێدا دەنرێت، نیشاندەری ئەو ڕێز و پێگەگەورەیە کە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ خوڵقاندوویەتی.
وەک دەزانرێت ماوەیەک پێش ئێستا ١٢هەمین کۆنگرەی مێژوویی پەکەکە بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری کۆتایی هێنان بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری درا. بەم شێوەیە بزووتنەوەی ئازادی کورد بە ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی خۆی گەیاندە ئەنجام. بەڵام لە ڕوانگەی یاساییەوە دەبینرێت کە حکوومەت هێشتا دەستی بە گۆڕانکاری یاسایی نەکردووە. لە کۆتاییدا لەو پاکێجەی کە لەم دواییەدا پێشکەشی پەرلەمان و پەسەند کرا، دەرکەوت هیچ بابەتێکی ئەرێنی سەبارەت بە کوردی تێدا نەبوو. بۆیە چاوەڕوانی لایەنە دیموکراتیکەکان لەم بوارەدا بێ ئەنجام دەرچوو. هەروەها سوپای تورکیا بەردەوامە شەڕ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو دژی گەریلا کە لە پێگەی ئاگربەستدان. بە واتایەکی تر سوپای تورکیا دەیەوێت پێگەی پاراستنی هێزەکانی گەریلا کە لە پێگەی ئاگربەستدان، وەکوو دەرفەتێک بۆ خۆی بەکار بهێنێت.
لە تورکیا زۆربەی ئەوانەی کە بە درۆ خۆیان بە "ڕۆشنبیر، نووسەر، پرۆفیسۆر، ڕۆژنامەنووس" دەناسێن و قەڵەمەکانیان دە فرۆشن، بە شیوەیەکی دیکە باس لە بزووتنەوەی ئازادیی کورد و کۆتایی بە چالاکی چەکداری دەکەن و بە بەکارهێنانی بەشێک لە پێشەکییەکەی مانیفێستە ٢١ لاپەڕەییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، باسی جیاواز دەوروژێنن، لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەی ئازادیی کورد دەیانویست بە خێراییەوە ئەم پرۆسەیە بچێتە پێشەوە. بەڵام لەلایەک ئەو گفتوگۆیانەی لە ئیمرالی دەکرێن و بڕیاری پەکەکە بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی، لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورک هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەناوە و درێژە بە هێرشەکانی دەدات. ئەم دۆخە ڕاستی دەوڵەتی تورک و ئاک پارتی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر ئەم پرۆسەیەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها مەبەستی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بەم پرۆسەیە لە کۆمەڵگای تورکیا بە گشتی بووەتە بابەتی گفتوگۆ. گەلی کورد بە هۆی باوەڕ و متمانەی بە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی لە بەرژەوەندی ئەم پرۆسەیەدا ڕاگەیاندووە.
ئەوەی کە بۆ کۆمەڵگەی کوردی گرنگە...
لە هەمووی گرنگتر ئەو بابەتەی کە کۆمەڵگادا زۆرترین چاوەڕوانی لەسەری هەیە، ئازادی جەستەیی و مەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. هەروەها بزووتنەوەی ئازادیی کورد چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێگەی ڕێبەر ئاپۆ وەک کەسێکی ئازاد و چالاک لە هەلومەرجێکی سەلامەتدا خاڵی سەرەکی پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە. هەڕوەها وادەی یه ک ساڵ که له لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوه به تورکیا دراوە بۆ "مافی هیوا" ی ڕێبەر ئاپۆ، دوای سێ مانگی دیکە واته مانگی ئەیلول کۆتایی دێت. سەرەڕای نزیکبوونەوەی ئەو وادەیە و هەنگاوە ئەرێنی و مێژووییەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد و جێبەجێ نەکردنی دەرفەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی و بنەماڵەکان لە ئیمرالی نەک هەر ئەم ڕاستییە کەم ناکەنەوە، بەڵکو ئەو بیرۆکەیە دەوروژێنن کە ڕەنگە ئەم دیدارانە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی زیندانی بوونی ڕێبەرئاپۆ بەڕێوەبچن. لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد و گەلی کوردەوە بە گشتی، گرنگترین بابەت دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری ئاپۆیە. ڕوونە کە دەوڵەتی تورکیا بە ڕوونی خۆی لە بڕیاردانی یاسایی پرسەکە دەپارێزێت. تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی یاسایی نەکراوە، هەروەها پرۆسەکە نەگوازراوەتەوە بۆ پەرلەمان، سەردانەکانی ئیمرالیش هیچ گەرەنتییەکی نییە.
قازانج خوازانی شەڕ لە گۆڕەپانەکەدان
پێشتریش پرۆسەی هاوشێوە لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتی تورکیادا ئەزموون کرابوو. ئەم پرۆسانە بە هۆکاری جۆراوجۆر شکستیان هێنا، بە تایبەتی بەهۆی نەبوونی ڕێبازێکی بەرپرسیارانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و حکومەتەکانی ئەو سەردەمەوە و هاندانە دەرەکیەکان. ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی هاوشێوە دیسان لەم پرۆسەیەدا هەیە. لەلایەک هەنگاو نەنانی یاسایی و لەلایەکی دیکەوە بەردەوامی بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، ئەمەش هیوای قازانج خوازانی شەڕ بە زیندوویی ڕادەگرێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆانگەی هێزە هەژموونخوازە جیهانییەکان، جێگەی مشتومڕە. یانێ مادام هیچ هەنگاوێک ناگیرێتەبەر، زەمینە و ئەگەری نوێ بۆ هەڵوەشانەوەی پرۆسەکە دوور نیە لە ڕاستیەوە.
سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە
هەڵوێستی پارتی دەسەڵاتدار و هەروەها پارتی یەکەمی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەسەر ئەم پرۆسەیە خاڵێکە کە پێویستی بە هەڵسەنگاندن هەیە. دوای ٤ مانگ لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، هێشتا ئەم بابەتە نەگوازراوەتەوە بۆ پەرلەمان و پێداگری جددی لایەنەکان لەم بارەوە نییە و فشارێکی بەرچاو لەسەر ئاکەپە نەکراوە، ئەمە جێگای سەرنجە. یانێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ململانێکانی دەسەڵاتدارییە.
پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) کە پێی وابوو ئەم پرۆسەیە سوودی بۆ ئەردۆغان دەبێت، سیاسەتی سەبر و چاوەڕوانی گرتۆتەبەر. لە کاتێکدا لە جەهەپە لە دۆخێکدایە کە بتوانێت خاڵی پێویست بۆ خۆی دەستەبەر بکات. سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەڵام ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت و لەوە دەترسێت لە هەر ساتێکدا قەیوم بەسەر بارەگا ناوەندییەکەیدا دابنرێت. گەورەترین نیگەرانی ئاکەپە و ئەردۆغان دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانە بۆ سەرۆک کۆماری. هەموو پلان و بەراوەردەکان لەسەر ئەمە هەڵچنراون. بۆیە ئەردۆغان سیاسەتی ناوخۆ بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت دادەڕێژێت و ڕۆژەڤ دیار دەکات و بە سود وەرگرتن لە ناکۆکی نێوان ئۆپۆزسیۆن لە پێگەی هێرشدایە. هەموو ئەمانە ڕێگرن لە پێشکەوتنی ئەرێنی پرۆسەی ئاشتی.
لێرەدا جێگای پرسیارە کە تا چەند بانگەوازە ناوبەناوەکانی دەوڵەت باخچەلی کە لەلایەن کۆمەڵگاوە بە ئەرێنی دەبینرێت ڕەنگدانەوەی هەیە و بە جددی وەردەگیرێت. هەروەها شایانی ئەوەیە بزانرێت ئایا بەڕاستی قسەکان تا چەند دەبنە هۆی گۆڕانی عەقڵیەت و پارادایم. چونکە زامنی سەرەکی و بنەڕەتی ئەم پرۆسەیە گۆڕانی عەقڵیەت و پارادایمی دەوڵەتی تورکیایە بەرامبەر بە کورد.
شەڕ و ئاشتی
لە تورکیا بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپو گەلی کورد بە دوای ئاشتی و چارەسەردا دەگەڕێت و لەم پێناوەدا بەهایەکی گەورەی داوە. ماوەی چەند مانگە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە چالاکییە ڕێکخراوەییەکان لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە ڕێبازی خەباتی چەکداری و تێڕوانین و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپو کە بۆ مسۆگەری پێکەوەژیانی گەلی کورد و تورکە، تاوتوێ لەسەر دەکرێت. بێ گومان ئەو گفتوگۆیانەی کە لە پرۆسەکە تێگەیشتوون و دەوڵەتی تورکیا ناچار دەکەن هەنگاو بنێن، بەنرخن. هەروەها بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی عەقڵیەت پێویستە ئەم گفتوگۆیانە خێراتر بکرێن و هەوڵی چڕتر بۆ تێگەیشتن لە راستی ڕێبەر ئاپو ئەنجام بدرێت. چونکه چەنده له لایەن بزوتنەوەکە و گەلی کوردەوە لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، ئەوەندەش له لایەن گەلی تورکیاشەوه بۆ پرۆسەی چارەسەری گرنگە. لە بەر ئەوە تێگەیشتن لە ڕێبەر ئاپو نەک زیانی بۆ کەس نابێت، بەڵکو بۆ هەموان قازانجی دەبێت.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جەنگی جیهانی سێیەمە، تا دێت زیاتر و توندتر دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، پێکدادانەکانی ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتووە. نە وڵاتانی ناوچەکە و نە دەوڵەتی تورکیاش ناتوانن لەم ئاگرە ڕزگاریان بێت. چونکو دۆخ و پێشهاتەکان نیشاندەری ئەمەن. جگە لەوەش بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیاش لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانە نیگەرانن.
ئەو مەسەلەی کە جێگەی سەرنجە بۆ ڕای گشتی ئەوەیە کە ئایا تورکیا، لەم پرۆسەیەدا، بە هەنگاوە یاساییەکان، ئاشتی لەگەڵ کورددا هەڵدەبژێرێت، یان چاوەڕێی ئاگری ئەو شەڕە جیهانییە دەکات کە بە خێرایی لە ناوچەکە بڵاودەبێتەوە؟ ئەمە پێشبینیەکانی ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بۆیە دەوڵەتی تورک لە سەردەمێکی مێژووییدایە، یان بڕیارێکی مێژوویی دەدات و ئاشتی ڕوودەکاتە تورکیا، یان شەڕ لە دەرگای تورکیا دەدات.
گۆڕان، گۆڕانکاری و پێکهاتەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت تورکیا و کوردستان بکاتە باخچەیەکی ڕاستەقینەی گەلانی دیموکراتیک. بۆ نۆژەنکردنەوە و چەسپاندنی ئەو پەیوەندییە خوشک و برایەتیەی کە سەدان ساڵە زیانی پێگەیشتووە، تێکۆشانێکی زۆر بەرێوە دەبات. هەروەها هەوڵ دەدات کۆمەڵگه لەم بازنەی توندوتیژییه ڕزگار بکات و بیهێنێته ئاستێک که مرۆڤەکان ئازادتر بیربکەنەوە و بتوانن خزمەت بە خۆیان و دەوروبەریان بکەن. هەروەها هەوڵی نەهێشتنی ئەو تێڕوانینە هەڵە و ڕێبازە نادروستانە دەدات کە لە نێو گەلی کورد و کۆمەڵگای تورکیادا دروستکراون. بۆیە کۆمەڵگا وەک دینامیکی سەرەکی ئەم پرۆسەیە دەبێت چالاکانە لە بنیاتنانی ئاشتی و دیموکراسیدا رەوڵ بگێڕێت.
هەروەها یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بەو ئامانجە هەنگاونانە بەرەو پێکهاتەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی کۆمەڵگا دروست بکرێت، هاوکات دەبێت کۆمەڵگەش خۆی لەم بارەوە بەرپرسیار ببینێت. لەبیرمان نەچێت مسۆگەری بنەڕەتی ئەم پرۆسەیە، هێندەی یاسا گرنگی هەیە. بۆیە لە قۆناغێکدا کە هەمووان بە ئەرێنیەوە چاودێری هەنگاوە سۆسیالیستیەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و باسی لەسەر دەکەن، گەورەترین هێزی لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێت. لە قۆناغێکدا کە کۆمەڵگاکان لەژێر گوشاری شەڕی دەسەڵاتداراندا دەمرن، پاراستنی کۆمەڵایەتی ئەرکێکی شکۆمەندانەیە کە دەبێت هەر مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق و ویژدان بە بەرپرسیاریەتەوە نزیکی بێتەوە.