هەڵوێستی ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی هۆکاری شەڕە

هەڵوێستی ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی لە نکۆڵی کردن لە بوونی ئیسرائیل و پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان، پێکهاتەی ئەمنییەتی ناوچەکەی بە توندی تێکداوە و لە بنەڕەتدا هۆکاری سەرەکی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران.

دەکرێت شەڕی ئێستا لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شرۆڤە بکڕێت. ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا و دژی بەرژەوەندیی زلهێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیا هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم پرۆسەیە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەژێر ناوی “پەیمانی ئیبراهیم” لە ساڵانی ٢٠١٠ دەستیپێکرد و دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل پەڕییەوە قۆناغێکی نوێ. ململانێیی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل، لوتکەی کێبڕکێیەکی ستراتیجییە کە دەیان ساڵە، زۆرتر لە ڕێگەی پرۆکسی و ناڕاستەوخۆوە بەڕێوە دەچێت.

هەڵوێستی ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی لە نکۆڵی کردن لە بوونی ئیسرائیل و پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان، پێکهاتەی ئەمنییەتی ناوچەکەی بە توندی تێکداوە و لە بنەڕەتدا هۆکاری سەرەکی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران. لەم ڕووەوە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بە تایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم، مەترسییە بۆسەر هەبوونی ئیسرائیل، بۆتە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە ئامانجی لاوازکردنی توانای سەربازی ئێران و ڕێگریکردنە لە فراوانبوونی هێژمۆنی ئێران و مەترسییەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل. بێگومان شانبەشانی ئەم ئامانجە ئەگەر ئیسرائیل نەتوانێت توانایی بەرنامە ئەتۆمییەکە بوەستێنێت، بەهەمان شێوە بەدوای ناسەقامگیری ناوخۆیی و لاوازکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵات لە ئێراندا دەگەڕێت. هەروەها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدات زەمینەسازی بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران بکات.

لەماوەی چەند ڕۆژێکدا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە، هەردوولا ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی سەربازیی بەرفراوانیان گرتووەتەبەر، کە هەردووکیان لە هەندێک لە هێرشەکانیان تاوانبارن بە هێرش بۆ خەڵکانی مەدەنی. ئیسرائیل هێرشەکانی لەسەر ناوەندەکانی بەرگری و ئەتۆمی و فەرماندەیی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت تاران چڕکردووەتەوە. ڕۆژهەڵات لە ئێستا بووەتە هێڵی پێشەوەی بەرگری کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. سەرەڕای باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی مووشەکی ئێران بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان زیانی بە هەندێک شاری ئیسرائیل گەیاند و دەریخست کە تاران هێشتا توانایەکی بەرچاوی هەیە بۆ وەڵامدانەوە. درێژەی ئەم ڕەوتە دەتوانێت لێکەوتەی ستراتیژی قووڵی هەبێت بۆ داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە و نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ نوێنەرانی سێ وڵاتی ئەوروپی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل باس لە زیادکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەکات و ئەمریکاش داوایکردووە ئێران بەتەواوی تەسلیم بێت و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە درێژەدان بە دانوستانەکان بە مەرجی وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان دەدات و پیتاندنی سفری ئەتۆمی قبووڵ ناکات. پێشهاتەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن کە گەیشتن بە ئاگربەست یان ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە، پێویستی بە کات و دانوستانی زۆرتر هەیە. هەر لایەنێک ئامانجی ستراتیژی تایبەتی هەیە و لە هەمان کاتدا ئامادە نییە لە هێڵە سوورەکانی پاشەکشە بکات. بۆیە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ کۆتایی هاتنی خێرای قەیرانەکە. لەم نێوەندەدا، درێژەدانی شەڕ دەتوانێت لێکەوتەی قووڵی بۆ ناوخۆی ئێران هەبێت. قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان توندتر دەبنەوە، کۆمەڵگاش لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی زیاتر تووشی کێشە دەبێت. بارودۆخی مرۆیییش بەرەو خراپتر دەچێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشارەکان لەسەر خەڵک زیاتر دەبن. هەروەها ڕێژیم بە بیانووی بوونی سیخوڕ و لایەنگرانی هێرشی ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی سیستماتیکی لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان دەستپێکردووە.

لە هەلومەرجی ئێستادا، کە ڕژیم لە لێواری "تەسلیمبوون" یان "ڕوخاندن"دایە، پاراستنی ئاسایش و بوونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەلی کورد - چ لە ئەگەری لاوازبوون یان دوای ڕووخانی رژیم گرنگییەکی ژیانی هەیە. لە کاتێکی مێژوویی ئاوادا، پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆڵێکی کارا و بەرپرسیارانە و هەماهەنگ لە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کوردستان بگێڕن. لەم پێوەندییەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە ڕاگەیاندنی بێلایەنی خۆی لە شەڕی ئێستادا ڕاگەیاندووە و ڕژیمی بە هۆکاری ئەو شەڕە زانیوە و بە تێگەیشتنێکی واقیعی لە مەیدانەکە و پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکان، ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەگەری بۆشایی دەسەڵات یان هەر ناسەقامگیرییەکی سیاسی کە لە ئەنجامی لاوازبوون یان هەرەسهێنانێکی سیاسییەوە بێتە ئاراوا. پژاک وێڕای جەخت کردنەوە لە هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی لە جەمسەرگیری، ڕێبازی خۆی بە بەرگری لە خەڵک و پاراستنی ناسنامە و ماف و ئاسایشی کۆمەڵگای کوردی لەم شەرەدا دەستنیشان کردووە. پژاک هەروەها پێی وایە گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە پێویستی بە تەوافوق و هەماهەنگی و هاوکاری بەرفراوان هەیە لە نێوان هەموو پارت و بزووتنەوە کوردییەکان؛ چونکە تەنها لە ڕێگەی یەکێتی و پلاندانانی هاوبەشەوە دەتوانرێت دەرفەتەکانی داهاتوو کەڵک وەربگیرێت و ڕێگری لە مەترسییە ئەگەرییەکان بکرێت. ئەم ڕێبازە نەک هەر هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی داواکارییە مێژووییەکانی گەلی کورد، بەڵکو دەتوانێ مۆدێلێکی بەڕێوەبردنی عەقڵانی و بەرپرسیارانە لە بارودۆخی قەیراناویدا بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکە دابین بکات.

لە داڕشتنەوەی ئاڵۆزی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕێبازی نادەستێوەردانانەی حکومەتی تورکیا لەم شەڕەدا گرنگییەکی ستراتیژی و تاکتیکی بەرچاوی هەیە. پەیامی سەدەی ئاشتیخوازانەی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد “عەبدوڵڵا ئۆجالان”، وەک یەکێک لە میحوەرە گرنگەکانی پڕۆسەی ئاشتی، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەکەدا. ئۆجەلان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و چارەسەری کێشەی  گەلی کورد چوارچێوەیەکی بۆ گفتوگۆ و هاوکاری خستۆتە ڕوو کە بە شێوەیەکی کاریگەر دەتوانێت ڕۆڵی لە پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی تورکیا و هەروەها لە سەقامگیری ناوچەکەدا بگێڕێت. ئەم دەستپێشخەرییە تەنها نێردراوی ئاشتەوایی ناوخۆی کورد و حکومەتی تورکیا نین، بەڵکوو وەک مۆدێلێکی ئیلهامبەخش بۆ گروپەکانی تر و ئەکتەرە ناوچەییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە ڕەوڵی دەبێت. گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەرەو دانوستان و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کورد لەبوارەکانی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستادا کە ناوچەکە بەرەوڕووی مەترسی زۆر دەبێتەوە، دەتوانێت چڕی ناسەقامگیری کەمبکاتەوە و ئاسایشی ناوخۆی وڵات بەرزبکاتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم پرۆسەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەودای دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی تورکیا و فەزای سیاسی بۆ دامەزراندنی نەزمێکی سەقامگیر و فرەلایەنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین بکات.