ئەم هەفتەیە، ئۆجەلان لە کوێ بوو؟

ئاڵنگارییەکەی ژینا ئەمینی "کە بە ژیانی خۆی تەواوبوو" ، ئەگەر لە سۆبژەدا، وەک بابەتی شۆڕشێکی خۆ بۆ ئامادەکردوو، پانتایی لە شۆڕشدا وەرنەگرێت، ئەوا وەکو هۆکار بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێک، ( با بۆ کاتێکی کەمیش بێت) ، ئەژمار دەکرێت.

ئاڵنگارییەکەی ژینا ئەمینی "کە بە ژیانی خۆی تەواوبوو" ، ئەگەر لە سۆبژەدا، وەک بابەتی شۆڕشێکی خۆ بۆ ئامادەکردوو، پانتایی لە شۆڕشدا وەرنەگرێت، ئەوا وەکو هۆکار بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێک، ( با بۆ کاتێکی کەمیش بێت) ، ئەژمار دەکرێت. شۆڕشێک تەواو فێمینستانە، تا ئەو شوێنەی کە تەواوی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی گرتەوە. ئەو ئارێشەیەی ژینا ئەمینی پێ شەهیدکرا، لە وێنە گەورەکەدا؛ خەمی تەواوی  گەلانی ناو کۆمەڵگەی ئێرانە، نەک بە تەنیا رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لە فۆکەسدا، خەمەکە پشکی شێری بەر شارە کوردیەکان کەوت و، شارەکانی کوردستان هەڵیان گرت و خستیانە سەرشانی خۆیان، چونکە ژینا ئەمینی لە ئیتنیکدا کوردبوو. هەر بەهەمان هۆش بوو، کە تەواوی گەلی کوردی یەکخست و، پرسەداریی کردن. بەدەر لە کورد وەکو گەل کە خاوەنداریی لە کوژراوەکە کرد، گەلانی ئێرانیشی هێنایە سەرجادە و، خەمەکەی لەگەڵ بەشکردن و پێی کردن بەخەمێکی سەرتاسەریی و گشتی.

جل پۆشینی ژنان، کاتێک بە یاسا رێکدەخرێت و، دەسەڵات بۆ هەیمەنە و مەرامی سیاسیی و ئەجێندای خۆی،  دەی شەرعێنێ و بە پێی پارادایم و فەلسەفەی سیاسیی خۆی پەیڕەو و ئاستەنگی بۆ دائەنێ و، بەرتەسکی دەکاتەوە، ئەوە دەبێ بە خەمێکی گشتی تەواوی ئازادیخوازان، بە هەمووگروپ و کەمایەتیەکانی ئەو وڵاتەوە. ئاخر زەحمەتە تۆ لە گروپێکی ئایینی غەیرە موسڵمانی وەکو ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی بیت و،  فەرزبێ لەسەرت باڵاپۆشت کەن، بە جلوبەرگی موسڵمانان. بۆیە راپەڕین لەو قۆناغەدا، ئەبێ بە ئەرکێکی نیشتمانی و جێندەریی، بۆ هەمووان. بەژن و پیاوەوە؛ نەک تەنیا گروپێکی ئیتنی. کەواتە تیرۆرکردنی ژینا لە فۆرمە گشتییەکەدا، لە بابەتێکی ناسیۆنالیستی و کوردبوونەوە، پانتاییەکی فراوانتری وەرگرت و، گەلانی ئێران، ئەگەر بە تێکڕاش نەبووبێ، بەڵام زۆرێک خاوەندار لە بابەتەکە دەرکەوتن و،  بابەتەکە وەک ئەوە لێکنەدرایەوە کە ژنێکی کورد تیرۆرکرابێ، بەڵکو وەک ئەوە وەرگیرا کە ژنێک، لەسەر دەرکەوتنی قژی تیرۆرکراوە ، کە ئەمەش ئەجێندایەکی فکریی رژێمی ئاخوندە، کە فەرزی کردووە بەسەر گەلانی نێو وڵاتی ئێراندا.

 

بەدەر لەوەی باسمکرد؛ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، کاتێک کە خەڵک لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی ئاخوند رژانە سەر شەقام، ئەو بابەتەی زۆر سەرنج راکێش بوو، کە هەڵدەگرێ قسە و لێکدانەوەی زۆری بۆ بکرێ، لە پاڵ وتنەوەی "شەهید نامرێ"، کە ئەمە دەستەواژەیەکی سیاسیی پەکەکەییە،  وتنەوەی سلۆگانی (ژن ژیان ئازادی) بوو! کە تێکڕای دەنگی شارەکان [ بە شارە فارس نشینەکانیشەوە]  بە هەزاران کەس دەیان وتەوە بە ژن و پیاوەوە!

هەموومان دەزانین، ئەو سلۆگانانە، خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە. ئەمە دوو خوێندنەوەی زۆر پێویست هەڵدەگرێ.

یەکەم- ئەوەی ئایا ئەو خەڵکە زۆرە، هەمووی پەکەکەیی بوون، یاخود نەخێر؟

ئەگەر ئەو عەشاماتە زۆرە، پەکەکەیی نەبووبن، کەوایە مەتنی فەلسەفەکەی ئۆجەلان بەتایبەتی ژنۆڵۆژی،  چۆتە نێو هزری  تەواوی گەلانی ئێرانەوە،، کەوایە جگە لە خەڵکی پەکەکەیی، خەڵکانی سەر بە پارتەکانی دیکەی رۆژهەڵات و خەڵکێکی بێلایەنی ناحیزبی  و غەیرە کوردیش بوون.

لەم حاڵەتەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، کە زهنیەتی ئاپۆچێتی لە خولگەیەکی فراوانی ناو هزری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی غەیرە کوردی ناو ئێرانیشدا ، لە ئێستادا ئامادەگی هەیە. ئەگەر سەیری فیدیۆکان و ژمارەی بێشوماری ئەو خەڵکە بکەین، بە خاڵێکی زۆر پۆزەتیف بۆ رێبازی ئاپۆچێتی ئەژماردەکرێ. چونکە ئەمە زیندوێتی بیر و فەلسەفەکەی و جەماوەریی بوونەوەی سلۆگانەکانی ئەو تەڤگەرە دەگەیەنێ لە پانتایی گشتییدا. بێجگە لەوەش بەو چاونەترسییە و لەژێر هەژموونی کۆمەڵگەی بە سەربازگە کراوی رۆژهەڵاتدا، ئەو خەڵکە وا بە عالەمی ئاشکرا، بانگی ئاپۆچێتی هەڵ ئەدا، مانای وایە، بەڵێ، ئەو رێبازە هێزێکی باطنی و شاراوەی لە گیانی خەڵکی سەرکوتکراوی رۆژهەڵاتیەکاندا دروست کردووەو، ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی کردوون و ، تەنانەت لە قۆناغە مەترسیدارەکانیشدا هێزی راپەڕینیان دەداتێ. ئەمە بەخاڵێکی گرنگ و گەورەی وەرچەرخان بۆ خوێندنەوەیەکی لۆژیکیی و کاریگەریی ئاپۆچێتی، لە رۆژهەڵاتدا دائەنرێت. ئیدی لێرەوە، کاتێک باس لە کاریگەری دانان و کاری رێکخستنیی و سیاسیی پەژاک و کۆدار بۆ رۆژهەڵات دەکرێت، دەبێ بڵێین کام جۆر لە خوێندنەوە؟ بەکام لۆژیک؟ لۆژیکی پێش تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، یاخود لۆژیکی پاش تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی؟ چونکە ئەم دوو لۆژیکە ئیدی دوو خوێندنەوەی جیاواز نەبێ، هیچ شتێکی دیکە قبوڵ ناکات. پێمان دەڵێ، تیرۆری ژینا ئەمینی چ تەرازوویەک بوو بۆ کێشانی قورسایی تەڤگەری پەکەکەیی لە هزری مرۆڤی کوردی رۆژهەڵاتییدا. وە چ دەروازەیەک بوو، بۆ هێنانەدەرەوەی هزری پەنگخواردووی ئاپۆچێتی لە ناو خەڵکی خەفەکراوی رۆژهەڵاتی کوردستاندا. دەرکەوت کە ئەو خەڵکەی کە هەمیشە پێمان دەوتن خەڵکێکی مردوون!  نەخێر! نەمردبوون. بەڵکو ئەو هەموو ماوەیە کۆرپەلەیەکی زیندوو بوون، لەنێو مناڵدانی پەکەکەدا و، خەریکی گەشەسەندن بوون و ، ئەو رۆژەی ژینا ئەمینی شەهیدکرا، ئەو کۆرپە کامڵ بووە لە نێو مناڵدانی پەکەکەوە هاتەدەرێ و لە دایک بوو

دووەم:-

گریمان ئەو جەماوەرە بێ شومارەی هاواری ئەکرد، ژن ژیان ئازادی، هەمووی پەکەکەیی بوون. لێرەدا دیسانەوە دەچینەوە سەر خولگەی قسەکانی پێشووم. کاریگەری هزری تەڤگەری ئاپۆچێتی لەسەر مرۆڤی کوردی رۆژهەڵاتی، ئامادەگی پەکەکە بەو پانتاییە بەرفراوانە لەناو ماڵی کورد و مێشکی کوردی  رۆژهەڵاتدا. کەوایە دەبێ بێژین. پەکەکە خاوەنی بنکەیەکی جەماوەری بەرفراوان و سڤیلی بێچەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بنکە جەماوەرییەی کە هەمیشە هێزێکی پشت پێ بەستراوە، بۆ شۆڕشی سپی، شۆڕشی عەقڵ و شۆڕشی مەعریفە و شۆڕشی جێندەر و شۆڕشی سیاسیی و لە کۆتاییشدا شۆڕشە رادیکاڵەکەی؛ ( بەرگری رەوا ) ی چەکداریی.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ، تیرۆری ژینا ئەمینی، تەنیا کوشتنێک نەبوو، وەکو کوشتنەکانی دیکە، بەڵکو روداوێکی مێژویی گەورەبوو بۆ وەڵامی پرسیارێکی گەورە. ئەو پرسیارەی کە کام لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوودا دەبن بە سەدای دەنگی خیابانەکان؟

ئاڵای کام لە پارتەکانی رۆژهەڵات، دەبێ بە پەرچەمی دەستی شۆڕشگێڕێک، لە شۆڕشێکی جەماوەریی بەرفراواندا؟

ئەو تیرۆرە،  وەرچەرخانێکی گەورە بوو، بۆ هەڵسەنگاندنی گۆڕەپانی سیاسەتکردنی، پەژاک و کۆدار و دیموکرات و کۆمەڵەکان و تادوایی... بێژەنگێک بوو، بۆ بێژانەوەی رەنگەکان و پارتەکان و، رایەڵەی پەیوەندییان بە خەڵکەوە.

 

با بێنەوە سەر کرۆکی پرسیارەکەی خۆم و ئەوەی ناونیشانی بابەتەکەیە. بۆ جارێکی دی.

ئایا ئەو ئاکت و نمایشە جەماوەرییە گەورە بەرفراوانە، چاونەترسانەیە،  بە وتنەوەی سلۆگانی ژن ژیان ئازادی، لەژێر هەژموونی حوکمڕانی ئاخونددا، کە ئەوەندە قەدەغە و رێگە پێنەدراوە، تا ئاستێک کە هەزاران خەڵکی لەسەر کوژراوەو لەسێدارە دراوە، کە تەنانەت لە باشوریی بەناو ئازادکراوشدا، ساڵانێکە لە زۆنی زەرد قەدەغەیە و، وا خەریکە لە زۆنی سەوزیش، بەهەمان دەرد دەچێ.  چ ئاماژەیەک بە ئێمە دەدات؟

ئایا ئەمە نیشانەیەک نیە بۆ رۆچوونی ئۆجەلان بەناو هزری باطنی و شاراوەی کوردی رۆژهەڵاتدا؟ ئایا ئامادەگی ئۆجەلان لەسەر کوچە و خیابانەکانی شارە گەورەکانی رۆژهەڵات ناگەیەنێت؟

من خۆم ئەم هەفتەیە  بە چاوی باطنیم ئۆجەلانم لەناو هەموو جەماوەریی سەقز و سنە و دیواندەرە و ئیلان و قومی ناوەندی دەسەڵاتی ئاخوند و کرمان و هەموو ئەو شوێنانەدا بینی کە هاوارییان دەکرد ژن ژیان ئازادی..

ئەم هەفتەیە؛ بەچاوی هزریی خۆم، ئۆجەلانم بینی، باسی کۆنفیدرالیزم و شارستانیەتی دیموکراتیک و پێکەوە ژیان و ( بە نیشتمانی کردنی ئینتما) ی بۆ گەلانی ئێران دەکرد .

 

"  ئەم هەفتەیە ئۆجەلان، لە سەر تەواوی خاکی ئێران بوو ، نەک لە ئیمرالی. "

 

ژ.ت