بە دیمەن

گەلی کانتۆنی جزیرە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان ئەنجامدا

گەلی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا. لە میانەی چالاکییەکاندا پەیامی؛ "تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، تێکۆشان بەردەوام دەبێت"ڕاگەیەندرا.

پارتی یەکێتی دیموکراتیک پەیەدە بە ئامانجی شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قامیشلۆ و گرکێ لەگێ، ڕێپێوانی ئەنجامدا.

قامیشلۆ

جەماوەرە لە ڕێگای کۆرنیش کۆبوونەوە و بەرەو گۆڕەپانی مەیدانی جووتیاران ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا. هاوسەرۆکی تەڤ- دەم، ڕەمزیە محەممەد و ئەندامی ئەنجومەنی ڕیش سپیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیال خوەیر وتاریان پێشکەش کرد.

ڕەمزیە محەممەد ئاماژەی بە چاوپێکەوتنەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی بۆ ئێمە هەموومان ناردووە. ئێمەش بەناوی هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دێرکەوە تا حەڵەب و شەهبا سڵاو لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و لێرەوە ڕایدەگەیەنین تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین." هەروەها هیال خوەیر، ئەندامی دەستەی ڕیش سپیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی: "ئێمە هێشتا لە ژێر هێرشە داگیرکارییەکانداین و لێرەدا پەیامی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەدەین، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی ئێمەیە."

گرکێ لەگی

هەروەها مەجلیسی پەیەدەی گرکێ لەگێ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانی ئەنجامدا. لە ڕێپێوانەکەدا کە لە مەیدانی شەهید خەباتەوە دەستی پێکرد، پانکارتی، "سەرۆک ئاپۆ ئیرادەمانە" لەگەڵ وێنەی ڕێبەر ئاپۆ بەرز کرایەوە، هاوکات دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" لە میانەی ڕێپێوانەکەدا وترانەوە. دواتر لە کۆبوونەوەکەدا لە دەروازەی ڕمێلان هاوسەرۆکی مەجلیسی شارەکە نەسرین داهر وتارێکی پێشکەش کرد وتی: "لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی تر بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە و لێرەوە هەتا ئیمرالی سڵاوی ئاراستە دەکەین. ئێمە هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکەین، بەردەوام دەبن لە تێکۆشانمان."

پاشان بەڕێوەبەری مەجلیسی پەیەدەی تل کۆچەر مەکسەم سەباح قسەی کرد و وتی: "نا بۆ زڵم و هێرشەکان، نا بۆ کۆمەڵکوژی، بەڵێ بۆ ئاشتی و خوشک و برایەتی گەلان لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ. بە ئیرادەی گەل و بیرۆکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێکەوە سەردەکەوین."