فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان و 'داکب' یادی عەلی شێر و زەریفەیان کردەوە

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان (فەدا) و یەکێتیی دیموکراتیکی ژنانی عەلەوی (داکب) بە بەیاننامەیەکی نووسراو یادی ٨٨ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی عەلی شێر و زەریفەخانی هاوژینیان کردەوە.

فیدراسیۆنی دێموکراتیکی عەلەوییەکان (فەدا) و یەکێتی دیموکراتیکی ژنانی عەلەوی (داکب) لە بەیاننامەکەیاندا، بە ئاماژەدان بە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی عەلی شێر و زەریفە خان، ئەو ڕۆژەیان بە یەکێک لە ڕۆژانی پڕ لە رەنج لە سەردەمی ڕاپەڕینی دێرسیم لە ١٩٣٧ زانی و بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی تێکۆشانیان، ڕایانگەیاند: "عەلی شێر، یەکێکە لە پارێزەرانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، پێشەنگی ڕاپەڕینی کۆچگیری بوو لە ساڵی ١٩٢٠. هەروەها زەریفە نەوەک هاوسەری، بەڵکو هاوژینی بوو بە شوناسی خۆی وەک ژن، جێگەی خۆی لە پێشەنگی بەرخۆداندا گرتەوە و بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، ئاماژە بە گیان لەدەستدانی عەلی شێر و زەریفە کراوە کە لە ئەنجامی بۆسەیەکی خیانەتکارێک بە ناوی زەینەل لە ٩ی تەمووزی ١٩٣٧دا ئەنجامدرا و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بە نهێنی هێشتنەوەی گۆڕەکانیان وەک "نهێنی دەوڵەتی" تاوانێکە بەرامبەر یادەوەری گەلێک.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەک فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویەکان و یەکێتیی دیموکراتیکی ژنانی عەلەوی، لە کەسایەتی عەلی شێر و زەریفە خانی هاوژینی، بەڕێزداریی و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان کە لە هەموو سەردەمێکی مێژووییدا بەرخۆدانیان کردووە بەبیر دێنینەوە. ئێمە هەڵوێستی شکۆمەندانەیان بەرز رادەگرین، و بەڵێن دەدەین ڕێبازی بەرزیان بۆ داهاتوویەکی یەکسان درێژە پێدەدەین."