لە هۆڵەندا بە بەشداری ٦٠٠ ژن فێستیڤاڵی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکیی" ئەنجام درا

لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا بە ناونیشانی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکیی" فێستیڤاڵێک ئەنجام درا و سەدان ژن بەشدار بوون. ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو.

لە نێوان ٤ بۆ ٧ی تەممووزدا لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا فێستیڤاڵێک ئەنجام درا کە دەیان دامەزراوەی پەیوەست بە خەباتی کۆمەڵگەی ماتریارکاڵی وەک ماتری فۆرم، ئەکادیمیای هاگیا و ماتریڤاڵ بەشداربوون.

فێستیڤاڵەکە بەناونیشانی "بۆ ئایندە کۆمەڵگەی دایکیی" ئەنجام درا، چەندین پانێڵ و وۆرک شۆپ لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی دایکییەوە پێشکەشکرا. یەکێک لە دامەزراوە بەشداربووەکان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو.

زیاتر لە ٦٠٠ ژن، پیاو و منداڵ بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون. ژنانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان بە کولتووری خۆیانەوە گفتوگۆ و ڕوانگەکانیان خستەڕوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ جیهانێکی ئیکۆلۆژی، ئازادیخوازی، یەکسان و ئاشتی بانگەواز کرا. ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداخی لە وۆرک شۆپەکەدا لەسەر لایەنە تیۆری و پراکتیکییەکانی کۆمەڵگەی دایکیی قسەی کرد.

نەجیبە قەرەداخی ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان کەلتووری ئازادی و کەلتووری خوداوەندی لە تێکۆشانی ئازادی ژنان لە کوردستان کرد و دیالێکتیکی شۆڕشی ژنانی لە کوردستان ڕوون کردەوە. قەرەداخی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم دیالێکتیکە لە ئێستادا لە ئاستی ئافراندندایە و ئاماژەی بە درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کرد کە بناغەکەی لە فەلسەفەی ژیانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیەوە.

جنێڤیڤ ڤۆگانیش لە چوارچێوەی بابەتی ئابووریی دیاریدا ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان  دایک و منداڵ نەخشەڕێیەکی بنەڕەتیی ژیانمان دیاریدەکات.

لە کۆمەڵگەی ڕەسەنی خۆجێی کۆستاریکا ماریا سوارێز، هایدن کریستینا و لەیلا مۆرێنا باسی ئەوەیان کرد کە چۆن بە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکان بەهای کلتووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی دایکی سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە.

لێکۆڵەر و نوسەر ئانین ڤان دێر میر  سیمینارێکی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە فیگورە خواوەندییەکان و کۆمەڵگەی دایکی بەر لە ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەژێرناوی 'ما' پێشکەشکرد.

لە بەشی کلتوور و کۆمەڵایەتیی فێستیڤاڵەکەشدا شانۆ، کۆنسێرت، پێشانگا هەبوون کە لەڕێیانەوە ئاماژە بە مێژوو و سەردەمی ئێستاکەی کۆمەڵگەی دایکی کرا.

لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ بەشداربووانی پیاو وۆرکشۆپێکی تایبەت بەڕێوەچوو. بۆ منداڵانیش بەرنامەیەکی تایبەت ئامادەکرا.

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا کۆنسێرتێک بەڕێوەچوو و  بانگەواز بۆ ژنان کرا کە لەبەرامبەر شەڕ و میلیتاریزم دەنگیان هەڵبرن، خۆیان بگەیەننە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییانە.