ڕێبەر ئاپۆ پاش بانگەوازی مێژوویی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کە لە ٢٧ی شوبات بڵاو کرایەوە، ئەمڕۆ پەیامێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە پێشەنگایەتی دەکات بڵاوکردەوە. پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بڵاوکرایەوە و لە ڕۆژنامەکانی جیهاندا دەنگی دایەوە.
ڕۆژنامەی L’ORIENT-LE JOUR: پەکەکە دەبێتە پارتێکی سیاسی
ڕۆژنامەی L’ORIENT-LE JOUR کە ناوەندەکەی لە لوبنانییە، بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی لە بە مانشێتی "رێبەری پەکەکە بەڵێنی دا کە دەستبەجێ چەک لاببرێت" ڕوماڵی پەیامەکی کردووە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە گەریلاکانی پەکەکە بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەرەکەیان، قۆناغێکی نوێیان بەرەو دامەزراندنی پارتێکی سیاسی لە تورکیا دەستپێکردووە" و وردەکاریی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بڵاو کردەوە، ڕۆژنامەکە بە ئاماژەدان بە تەمەنی ڕێبەر ئاپۆ و ماوەی ٢٦ ساڵ هێشتنەوەی لە زیندان، رایگەیاند کە ناوبراو یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان. هەروەها ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە قۆناغی تێکۆشانی چەکدارییەوە دەچنە قۆناغی دیموکراسی و سەروەری یاسایی.
ڕادیۆی نێونەتەوەیی فەرەنسا: لە تێکۆشانی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی دیموکراتیک
ڕادیۆی نێونەتەوەیی فەرەنسا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و ناوی ڕێبەر ئاپۆی وەک ڕێبەری دامەزرێنەر و مێژوویی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێنا و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە هەوڵی گواستنەوەی تێکۆشانی چەکدارییە بەرەو قۆناغی دیموکراتیک و سەروەری یاسایی.
فیگارۆ: پێویست بە هەنگاوی سیاسی هەیە
هەروەها ڕۆژنامەی فیگارۆی فەڕەنسا بە مانشێتی "رێبەری پەکەکە بەڵێنی چەک دانانی دا" ڕووماڵی ئەو بانگەوازە مێژووییەی کردووە. فیگارۆ بە وردی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە موخاتەبەکانی خۆی لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئاگادار کردەوە کە ئەمە گواستنەوە خۆبەخشانەیە لە قۆناغی شەڕی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی دیموکراتیک و سەروەری یاسایی، دەستبەجێ بە پرۆسەی چەک دانان جێبەجێ دەکرێت."
ئەلجەزیرە: گواستنەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک
هەروەها کەناڵی جەزیرە بەم ناونیشانەوە خوێنەرانی خۆی لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئاگادار کردەوە "عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی هاتنی تێکۆشانی چەکداری پەکەکەی لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند و بانگەوازی بۆ گواستنەوەی بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک کرد."
بی بی سی: پەیامێکی ڤیدیۆیی لە ڕێبەری پەکەکەوە
بی بی سی بە مانشێتی "عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لە ماوەی ٢٦ ساڵدا بڵاو کردەوە" ڕووماڵی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆی کرد. بی بی سی ئاماژەی بە گرنگی ڕێبەر ئاپۆدا لە تێکۆشانی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیکدا.
ڕۆیتەرز: بانگەوازێک بۆ گواستنەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک
هەروەها ڕۆیتەرز خوێنەرانی خۆی بەم ناو نیشانە لە بانگەوازەکە ئاگادار کردۆتەوە: "عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە کە لە زینداندایە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری ڕێکخراوەکەی دەهێنێت دژی تورکیا و بانگەوازی گواستنەوەی تەواوەتی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک ڕاگەیاند."
ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕوماڵ کردنی بانگەوازییەکەدا بەشێکی لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بڵاو کردوە: "قۆناغی تێکۆشانی چەکداری کۆتایی هاتووە، ئەمە شکست نییە، بەڵکو دەستکەوتێکی مێژووییە...دەبێت قۆناغی تێکۆشانی چەکداری بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بە قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی پڕبکرێتەوە."
جیا لەوەش زۆرێک لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری نیشتمانی و نێونەتەوەیی ئەم بانگەوازە مێژووییەیان لە مانشێتەکانی خۆیاندا بڵاو کردەوە و ئامانجی ڕێبەر ئاپۆیان بۆ گواستنەوە لە تێکۆشانی چەکدارییەوە بۆ سیاسەتێکی تەواو دیموکراتیک ڕوونکردەوە.