نەتانیاهۆ لە واشنتۆنە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بینیامین نەتانیاهۆ بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ گەیشتە واشنتۆن. لە قەتەریش بە ئامانجی ئاگربەست و ئازادکردنی زیندانییان جارێکی تر دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بینیامین ناتانیاهۆ بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ گەیشتە ئەمریکا. ئاماژە بەوەش کراوە، ترەمپ و ناتانیاهۆ لەسەر گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن حەماسەوە گیراون دانوستاندن دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ناتانیاهۆ ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ و نوێنەری تایبەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆفیش کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە فەڵەستینییەکان بۆ ڕۆیتەرز، "بەئامانجی ئاگربەست ئەمڕۆ لە قەتەڕ دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا بۆ جارێکی تر دەستیپێکردووە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، شاندی ئیسرائیلی خاوەن تێڕوانینێکی قایلکەر نەبوو تاوەکو  لەگەڵ حەماسدا بگاتە ڕێککەوتن. بەڵام نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد، شاندی دانوستاندکاری ئیسرائیل ڕێنمایی ڕوونی پێیە تاوەکو مەرجەکانی ئیسرائیل قبووڵ بکرێت، بگەنە ڕێکەوتنی ئاگربەست.

سەرچاوەیەکی فەڵەستینیی ئاگاداریش بە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) ڕاگەیاند، دانوستاندنەکان دەستیانپێکردووە و "هەڵوێست و وەڵام لەڕێی نێوەندگیرەکانەوە بڵاوکراونەتەوە."

هەردوو سەرچاوە فەڵەستینییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، دوایین پێشنیار کە لەلایەن ئەمریکاوە کراوە، بریتییە لە ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژی. بەگوێرەی پێشنیارەکە، پێویستە حەماس لەم ماوەیەدا ١٠ زیندانیی زیندوو و هەندێک تەرم ڕادەستی ئیسرائیل بکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا پێویستە گیراوە فەڵەستینییەکان کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان، ئازاد بکرێن.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، دەرفەتێکی باش هەیە تاوەکو ئەم هەفتەیە لەگەڵ حەمماسدا ڕێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی زیندانییانی غەززە و ئاگربەستێک ئەنجام بدرێت.

نەتانیاهۆ بەرلەوەی بچێتە واشنتۆن دوێنێ ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ ببێتە هۆکاری گەیشتنە ڕێکەوتن لەبارەی غەززەوە.