زیندانیکراوی نەخۆش عەبدوڵا یەڵماز کە لە زیندانی جۆری Fی ژمارە ٢ی کرکلاری ئەزمیر ڕاگیراوە و چاوەڕێ دەکرا کە ٥ـی تەمموز ئازادبکرێت. بەڵام یەڵماز لە تەلەفۆنێکدا بۆ بنەماڵەی ڕایگەیاند کە لیژنەی چاودێری بە پاساوی "حاڵی باش نییە" ئازادکردنی وی بۆ ماوەی ٣ مانگ دواخستووە. ڕاگەیاندراوە کە ٣ مانگی تر هەڵسەنگاندنەوە بۆ ڕەوشی وی دەکرێت.
بە برینێکی ١٢ فیشەکییەوە دەستگیرکرا
عەبدوڵا یەڵماز کە لە سێرت لە ساڵی ١٩٩٥ بە برینی سەختەوە دەستگیرکرا. هەرچەند بە ١٢ فیشەک بریندارکرا بەڵام بەزیندوویی مایەوە. سەپاندنی تەسلیمبوونی ڕەتکردەوە و لە دادگا بەرگریی یاسایی لە خۆی کرد. بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە، سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. لەماوەی ٣٠ ساڵدا گوزرایەوە بۆ چەندین زیندان و مافەکانی پێشێلکرا.
ڕەوشی تەندرووستیی یەڵماز هێشتا جدییە
بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە یەڵماز بەدەست کێشەی تەندرووستی جدییەوە دەناڵێنێت. نەخۆشی گورچیلەی هەیە، بەهۆی تەسکبوونەوەی دەمارەکانییەوە نەشتەرگەرییەکی مەترسیداری بۆ کراوە. بنەماڵەکەی ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر ئاستەنگکردنی ئازادکردنی، داوایانکرد زیندانیانی نەخۆش ئازادبکرێن.
لیژنەی چاودێری بووەتە شێوازێکی نوێی سزادان
ساڵی ٢٠٢٠ لەڕێگەی یاساییەکی نوێوە، لیژنەی چاودێریی و کارگێڕی دامەزرا، ئەم لیژنەیە بەتایبەت دژی زیندانیانی سیاسی بوو، گۆڕاوە بۆ شێوازێکی نوێی فشار و سزادان. زیندانیان بەهۆی سزای دیسپلین و هەڵوێستە سیاسییەکانیانەوە، لەلایەن لیژنەکانەوە بە پاساوی "حاڵی باش نییە" سزاکانیان درێژ دەکرێتەوە و ئازادکردنیان دوادەخرێت.