ڕێبەر ئاپۆ: پرۆسەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە

ڕێبەر ئاپۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی ڕایگەیاند کە پرۆسەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، گوتی: "بە گرتنەبەری هەنگاوە نوێیەکان، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان بۆ بەجێگەیاندنی پێویستییەکانی پرۆسەکە".

پێش ئەو هەفتەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت پێشهاتی گرنگی تێدا ڕووبدات پەیوەست بە چارەسەری پرسی کورد؛ شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە شاندەکەدا بەشداربوون. دیدارەکە، دوو کاتژمێر و نیوی خایاند. شاندەکە دەربارەی دیدارەکەیان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی:

ئەمڕۆ وەک شاندەکەمان لە دوورگەی ئیمراڵی، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو دیدارێکی بەرهەمدارمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا.

تەندرووستی و مۆراڵی بەڕێز ئۆجالان زۆرباش بوو. لە دیدارەکەدا، ڕایگەیاند کە پرۆسەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. دووپاتی کردەوە کە بە گرتنەبەری هەنگاوە نوێیەکان، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان بۆ بەجێگەیاندنی پێویستییەکانی پرۆسەکە.

گوتی، بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو کۆبوونەوەیەی کە شاندەکەمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار ئەنجامی دەدات و بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لەقەڵەمی دا. هەروەها جەختی کردەوە، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت پەیوەست بە ئاشتی و چارەسەر.

بەڕێز ئۆجالان دووپاتی کردەوە، ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی گشتی بە سوودی دیموکراتیکبوونی تورکیا دەشکێتەوە؛ لەم ڕووەوە، بینیمان کە هیوا و باوەڕ و متمانەیەکی بەهێزی هەیە.

لەکاتی کۆبوونەوەکەدا بیستمان کە لە خاکی هەرێمی کوردستان، چەند سەربازێک بەهۆی گازی میسانەوە ژەهراوی بوون و گیانیان لەدەستداوە. بەڕێز ئۆجالان و ئێمەش بەم ڕووداوە زۆر خەمبار بووین. بەم بۆنەیەوە، دوعای ڕەحمەت بۆ ئەو کەسانە دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەین".