دەم پارتی سەردانی جەهەپەی کرد: با کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت و دادگا سەربەخۆ بێت

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و شاندی یاوەری، سەردانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەلیان کرد و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و شاندی یاوەری، سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یان کرد. پاشان لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

کودەتا دژی ئیرادەی گەل

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر گرتن و دەستبەسەرکردنەکان و گوتی: "کودەتایە دژی ئیرادەی گەل". داوای کرد هەموو ئەو کەسانە دەستبەجێ ئازادبکرێن، دووپاتی کردەوە ئەم ئۆپەراسیۆنانە درێژەدانە بە زیهنیەتی قەیوم، گوتی: "ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سیاسییە. ئەگەر بانگەشەیەک سەبارەت بە گەندەڵی هەیە، ئەگەر لەم ڕووەوە بەڵگەیان هەیە، دەتوانن لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن".

با کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت و دادگا سەربەخۆ بێت

تولای حاتەم ئۆغۆللاری داوای کرد، کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت، دادگایەکی سەربەخۆ هەبێت کە نەک تەنها بەرامبەر شارەوانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بەرامبەر شارەوانییەکانی دەسەڵاتیش، لێکۆڵینەوە دەست پێ بکات. گوتی: "پێشنیاردەکەم لێکۆڵینەوە بەرامبەر ئەو شارەوانییانەش بکەن کە قەیومی لەسەر دانراوە. کاتێک لە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی دەڕوانین، دەبینن کە قەیومەکان چەندێک گەندەڵی دەکەن".

بەم جۆرە ئاشتی بەدی دەهێنن؟

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لە ئێستەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "لە پرۆسەیەکدا کە باسی ئاشتی دەکەین و چەکەکان بێدەنگ دەکرێن، ئێمە بەم پرسانەوە سەرقاڵین و دەبینە شایەتحاڵی ئەم ئۆپەراسیۆنانە. ئەمە هیچ بۆ کۆمەڵگەی تورکیا باش نییە. کۆمەڵگەی تورکیا لێمان دەپرسێت، ئایا ئاشتی کۆمەڵایەتی وەها دەبێت، دیموکراسی وەها دەبێت، دیموکراتیکبوون وەها دەبێت. بەتایبەت دوێنێ بە ئۆپەراسیۆنەکان دژی ٣ شارەوانی، ئاستی ئەم پرسیارانە مەزنتر بوو".