ئۆهەدە: لە گرتووخانەی تۆکات زیندانیانی نەخۆش چارەسەر ناکرێن

لقی ڕحای کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) دەربارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانەی جۆری Tـی تۆکات ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکە لە باڵەخانەی کۆمەڵەکە لە ڕحا خوێندرایەوە و ئاماژە کرا بەوەی بەهۆی سەپاندی پشکنینی ناوەوەی دەم چەندین زیندانی نەخۆش دەستبەرداری خواستی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە بوون و لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراون.

مەراڵ خەڵاتی ئەندامی ئۆهەدە ڕایگەیاند لە زیندانی تۆکات لە کۆی ١٥ زیندانی نەخۆش دۆخی ١١ زیندانیان زۆر خراپە، هۆکاری ئەمەش بۆ دواخستن یان چارەسەرنەکردنیان دەگەڕێتەوە. ئەمەش وادەکات ئەو دۆخە خراپە تەندرووستییە جێکەوتی مەترسیدار لەسەر دۆخی ژیانی زیندانیان جێبهێڵێت.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کردەوەی میزاجی و بڕیاری پوچەڵکردنەوەی جێبەجێ کردن بەشێوەیەکی میزاجی کراوە. ڕاگەیاندرا جیاوازی لە نێوان زیندانیانی سیاسییدا دەکرێت.

ئۆهەدە بانگەوازی لە سی پی تی، وەزارەتی تەندرووستی، وەزارەتی داد و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی پەڕلەمان کرد لێکۆڵینەوە لە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانەی تۆکات بکەن.