یاسر ئەبو شەباب لە هۆزی بەدن تەرابین لە باشووری غەززە خاوەن ڕۆڵێکی مەزنە و لە دژی حەماس سەرۆکایەتی گرووپێکی چەکدار دەکات، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنتی ئیسرائیلی ئەنجامدا و ڕەخنەی توندی لە حەماس گرت.
'وەک دز، بکوژ و داعش ناسێنرام'
ئەبو شەباب حەماس وەک "فرۆشەری فەلەستین، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە منداڵان دەڕفێنێت و دەیکوژێت" پێناسە دەکات.
ئەبو شەباب ئاماژەی بەوەدا حەماس لە بەرانبەر ویدا سیاسەتی ڕەشکردنی ئەنجام داوە و گوتی: "وەک داعش، دز و بکوژ ناسێنراوم، بەڵام کێ باوەڕ بە شەرعیەتی حەماس دەکات؟ کێ متمانەی بەو کەسانە دەکات کە بنەماڵەکان دەڕفێنن و منداڵ دەکوژن؟".
'حەماس گەلی لە ناوبرد'
ئەبو شەباب ئاماژەی بەوەدا ئەو هێرشانەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، بوو بە هۆکاری لە ناوبردنی غەززە و خەڵکەکەی و گوتی: "ماڵەکەم، کارەگەکەم و ژیانم لەدەستدا. خۆیانیش لە تونێلەکاندان، هەموو شتێک لە ژێر دەستیاندایە و هیچ پەیوەندییەکیان بە گەلەوە نەماوە. ئەوەی ئەمانەی بەسەر گەل هێناوە حەماسە."
'دەبێت دیلەکانی ئیسرائیل بگەڕێنەوە ماڵەکانیان'
ئەبو شەباب لە بەردەوامی قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە ئاگربەست و ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەری مەدەنی و ئاڵوگۆڕی بەرانبەر ئامادەن و گوتی: "دەبێت هەموو مرۆڤە بێتاوانەکان بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە کام لایەنن، بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. دەبێت دیلەکان ئازاد بکرێن. گەلی غەززە قوربانییەکی مەزنی داوە."
هێزی ئیسرائیل پشتگیری ئەبو شەباب دەکات
ئەو گرووپە چەکدارەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەبو شەبابدایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیی کە بەهۆی لاوازبوونی حەماسەوە دروستبووە، دامەزراوە. ئەو گرووپە چەک و پێداویستییەکانی لە ئیسرائیل وەردەگرێت، لە غەززە وەک هێزی جێگرەوەی حەماس تەماشا دەکرێت.