سەرۆکی حیزبوڵا: لەبن هەڕەشەدا چەکدانان ڕەتدەکەینەوە

نەعیم قاسم، سەرۆکی حیزبوڵای ئاماژەی بەوە کرد کە بزوتنەوەکەیان ئامادە نییە لەژێر هەڕەشەدا چەکدابنێت و خۆی بەدەستەوە بدات.

قاسم لە قسەکانیدا کە لە هەرێمەکانی باشووری بەیروت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە هەزاران لە لایەنگرانی ڕاگەیاندرا وتی: "بە هەڕەشە ناتوانن ئێمە تەسلیم بکەن. با کەس پێمان نەڵێت 'سازش بکەن، چەکەکانتان دانێن."

ئەم لێدوانە لە ڕۆژی عاشورادا کە بۆ کۆمەڵگەی شیعە گرنگەدرا. قسەکانی قاسم هاوکاتبوو لەگەڵ سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممەی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا تۆم باراک بۆ بەیروت. خواستی لایەنی ئەمریکا ئەوەیە کە تاوەکو کۆتایی ساڵ حیزبوڵڵا چەک دابنێت. وەڵامی دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ ئەم داوایە بە باراک ڕادەگەیەنرێت.

دانانی چەک بە مەرج

نەعیم قاسم لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل بەگوێرەی ئاگربەست مامەڵە ناکات، لە خاکی لوبنانی داگیرکراو نەکشاوەتەوە، لە هێرشەکانی بەردەوامە، گیراوە لوبنانییەکان ئازادنەکراون و ئەو ناوچانەی لە شەڕدا وێرانبوون نۆژەن نەکراونەتەوە.

قاسم ڕایگەیاند، "دوای هەنگاونان، ئامادە دەبین کە لەسەر ستراتیژیی پاراستن و ئاساییشی نەتەوەیی لوبنان گفتوگۆبکەین." ئەم قسەیە، هەڵوێستی مەرجداری حیزبوڵڵا لەسەر چەکدانان نیشاندەدات.

قاسم شوێنگرەوەی سەرۆکی پێشووی حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵایە کە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیروت گیانی لەدەستدا.

لەگەڵ ئەوەی ٢٧ـی تشرینی دووەم ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، هێشتا سوپای ئیسرائیل ماوە ماوە هێرش دەکاتە سەر لوبنان. ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە ئەو هێرشانە دژی حیزبوڵڵان. هەروەها سوپای ئیسرائیل لە پێنج پێگەی ستراتیژیی لە باشووری لوبنان نەکشاوەتەوە.