لە پاکستان باڵەخانەیەک ڕووخا؛ لانیکەم ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا

لە شاری کەراچی پاکستان لەئەنجامی ڕووخانی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیدا لانیکەم ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژی هەینی دوای کاتژمێر ١٠ـی پێشنیوەڕۆ، باڵەخانەیەک لە ناوچەی لیاری شاری کەراچیی پاکستان داڕما و لەئەنجامدا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا. لیاری هەرێمێکە کە پێشتر بە بوونی توندوتیژیی چەتەکان تێیدا دەناسرا.

وتەبێژی تیمی فریاگوزاری حەسەن حان بە ئاژانسی AFPـی ڕایگەیاند، زۆرینەی داروپەردووەکان پاککراونەتەوە.

بەرپرسان ڕایانگەیاند، بەمەبەستی چۆڵکردنی باڵەخانەکە لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ هۆشداریی دراوە. بەڵام دانیشتووانانی باڵەخانەکە ڕەتیانکردەوە کە هۆشدارییان پێدرابێت.

ڕووداوی لەو شێوەیە لە پاکستان بەهۆی کوالێتی خراپ و پلانی ئەمنیی لاواز زوو زوو ڕوودەدەن.

کاراچی، کە دانیشتووانەکەی نزیەکەی ٢٠ ملیۆنە، بە باڵەخانە خراپەکانی، کاری فراوانکردنی نایاسایی، بیناسازیی کۆن، دانیشتووانی زۆر و چاودێریی خراپ ناسراوە.