MKG: لە ماوەی مانگێکدا ٧ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون و ٢ ڕۆژنامەنووس زیندانیکراون

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG) ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنانی ڕۆژنامەنووسی بڵاوکردەوە.

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG)  ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنانی ڕۆژنامەنووسی بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە مانگی حوزەیران درێژەی هەیە. لە هەڵسەنگاندنەکەیدا باس لەوە کراوە کە کاری ڕۆژنامەنووسی بە تاوان دەزانرێت و بەو بۆنەوە ڕووبەڕووی گوشارەکان دەبێتەوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەم مانگەدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەرو زیندانی کراون و لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "یەکێک لە ڕووداوە دیارەکانی ئەم مانگە هەڕەشەکردن بووە بۆ سەر پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا زەینەب دورگوت سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی لەسەر کەیسێکی تاوانکار، زەینەب دورگوت لەلایەن ئەو کەسانەی ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەڕەشەی لێکراوە و ئەم دۆخە دیسان بووەتە مەترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان.

لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "لە پێشێلکردنەکانی ئازادیی بیر و ڕادەربڕیندا، ژمارەی ئەو دۆسیانەی کە لە دژی ڕۆژنامەنووسان کراونەتەوە، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و دادگاییکردنەکان دەریدەخات کە دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژنامەگەری وەک ئامێرێکی گوشار بەکاردەهێنێت و هەرجۆرە چالاکیەک لەو بارەوە بە تاوان دادەنێت، بۆیە ئەمە نیشان دەدات کە ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی سیستماتیک رێگری لێدەکرێت.

هەروەها لە بواری مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کاردەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بۆ دەنگی ئەمەریکا کاردەکەن، جارێکی دیکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕۆژنامەنووسان دروستدەکات."

مەکەگە لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەی تیشک دەخاتە سەر پێویستی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەتی لەبواری سەلامەتی، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کارکردن، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئاستەنگییەکانی بەردەم مافی ڕۆژنامەنووسان لە دروستکردنی ڕاپۆرتەکان و کۆتاییهێنان بە لێپرسینەوە و پێشێلکاریی مافەکانیان.

مەکەگە لە ڕاپۆرتەکەدا، ئەم پێشێلکاریانەی ئاشکرا کردووە: "هێرش کراوەتە سەر ٢ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ٣ڕۆژنامەنووس و ٧ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، ٢ ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون، ٢ڕۆژنامەنووس مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ کراوە، هەڕەشە لە ٣ ڕۆژنامەنووس کراوە، ڕێگری لە ٢ڕۆژنامەنووس کراوە لێپرسینەوە بۆ٢ ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە و ٢ ساڵ و ١مانگ زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسێک دەرکراوە، ١٠دۆسیە کە لە دژی ١١ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە بەردەوامە، ٧ ڕۆژنامەنووس زینداندان کراون، مافی کاری ڕۆژنامەنووسێک لێ سێندراوەتەوە و مۆڵەتی ڕۆژنامەنووسێک بەتاڵ کراوەتەوە."