کانای: جوگرافیای کوردستان بەمەبەست تاڵاندەکرێت
چالاکوانی ئیکۆلۆژی زەکی کانای ڕایگەیاند، جوگرافیای کوردستان بەمەبەست تاڵاندەکرێت و وتی: "دەیانەوێت مرۆڤ لەم جوگرافیایەدا نەهێڵن."
چالاکوانی ئیکۆلۆژی زەکی کانای ڕایگەیاند، جوگرافیای کوردستان بەمەبەست تاڵاندەکرێت و وتی: "دەیانەوێت مرۆڤ لەم جوگرافیایەدا نەهێڵن."
تاڵانکردنی ژینگە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبێت. یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین تاڵانکاریی ژینگەی تێدایە کوردستانە. لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ تاڵانکردنی ژینگە دروستکرندنی بەنداو، وێستگەی کارەبای ئاوی، کارگە و سووتاندنی دارستانەکان بەردەوامن. ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بۆ سەر بارودۆخی ئیکۆلۆژی، ئابووری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. ئەم پڕۆژانە تەنها بۆ بەکارهێنانی سامانی سروشتی نین، بەڵکو لەدژی گەلی کوردیش، وەکو سیاسەتی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنرێن.
چالاکوانی ئیکۆلۆژی زەکی کانای لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی، "کاپیتاڵیزمی دڕندە لە ساڵانی ڕابردوودا بە ڕێگەی شەڕی تایبەتی خۆی ئەم جوگرافیایەی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. شەڕی بەردەوام لەدژی ئەم ناوچەیە کراوە. لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە بەرهەمدارە. خەڵکی ناوچەکە لەڕێی کشتوکاڵەوە بەشی خۆیان بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەمدێنن.
گوندەکانی ئەم ناوچانە چۆڵدەکرێن. بۆ دەرکردنی مرۆڤ لەم خاکە هەوڵێکی زۆر درا. کاتێک بەنداوێک یاخود وێستگەیەکی کارەبا دروستدەکرێت، تەنها گوندنشینان لە جێ و ماڵی خۆیان نابن، بەڵکو ئیکۆسیستەمی هەموو گیانەوەران لە ناوچەکە تێکدەچێت. دەیانەوێت یادەوەری هەزاران ساڵەی مرۆڤی ئەو جوگرافیایە لەناوببەن.
لە جوگرافیای کوردستاندا تاڵانکردنی ژینگە بەهۆی وێستگەکانی کارەبا و بەنداو گەیشتووەتە لوتکە. ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەتر دەبینەوە. زیانە ژینگەییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی جیاواز، بەتایبەتی بەهۆی پڕۆژە کانزایی و نەوتییەکانەوە."
کانای لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە هەمووان لە هەموو جێیەک ڕووبەڕووی ئەمە ببینەوە. لەپێش هەمووانەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێویستە هەمووان لەژێر چەترێکی هاوبەشدا کۆببینەوە، خۆمان ڕێکبخەین و ڕووبەڕووی تاڵانکردنی ژینگە ببینەوە."