گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
گرووپێکی گەریلا کە پێکهاتبوون لە ٣٠ کەس و لە نێویاندا بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەبوو، لە چوارچێوەی پەیامە ڤیدۆییەکەی ١٩ی حوزەیرانی ڕێبەر ئاپۆدا، لە ١١ی تەمموزدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی سورداشی پارێزگای سلێمانی مەراسیمێکی مێژووییان ئەنجام دا و چەکەکانیان وەک سیمبول و بەدەمەوەچوونی پرۆسەکە سوتاند.
بەهزاد چارچەل (نەدیم سەڤەن) و تێکۆشین ئۆزان (ئەسمەن ئەیاز) کە لە نێو گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بوون، پەیوەست بە مەراسیمەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیانکرد.
'بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە'
بەهزاد چارچەل لە سەرەتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا بانگەوازەکەی ٩ی تەمموزی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ پەکەکە، بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بوو لە تورکیا و کوردستان. چارچەل ئاماژەی بە گۆڕانکاری دیموکراتیک و تێکۆشانی کۆمەڵگەی کرد و گوتی: "بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تەنها لە گۆڕان و گۆڕانکاری پەکەکەدا سنووردار نەبووە. هەم لە تورکیا و هەم لە کوردستانیش دەبێت هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆیان لەو پرسەدا بگێڕن. چونکە لێرە تێکۆشان بۆ دیموکراسی هەیە. تێکۆشانی دیموکراسیش گۆڕەپانی تێکۆشانی کۆمەڵگەیە. هەربۆیە وەک لە بانگەوازەکەماندا ئاماژەمان پێکرد دەبێت هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە دروستی لەم پرۆسەیە تێبگەن، خاوەندارێتی لێبکەن، پشتگیری هەموو جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک بکەن، خۆنوێبکەنەوە و ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن. بە تایبەتی ژنان و گەنجان ئێمە بانگەواز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەکەین پەیوەست بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پەیوەندییەکانی ئاشتی ئەرکی بونیاتنانی داهاتوو، بەڕێکخستنبوون و بونیاتنان جێبەجێ بکەن."
دەبێت هەلومەرجی جەستەیی ڕێبەرێتیمان بئافرێنرێت
چارچەل ئاماژەی بەوەشکرد دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەم لە لایەنی ئارامی سیاسی هەم لە لایەنی گۆڕانکاری یاسایی و پرۆسەی ئەنتێگراسیۆنەوە خاوەن ڕۆڵێکی گرنگە و گوتی: "هەم وەک ئەگەری پرۆسەکە هەم بۆ ئەوەی لە سیاسەتدا هیچ بۆشایییەک بە دی نەیەت دەبێت لایەنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرەکەمان مسۆگەر بکرێت. ئەگەر ئەو مەرجانە دابین بکرێن لە تورکیا گۆڕانکاری یاسایی و چاوەڕوانییەکانی ئەنتێگراسیۆن خێراتر بەدی دێت. ئامانجەکەش تەنها بە تێکۆشان بە دی دێت، پرۆسەکە بە یەک لایەنی بەڕێوەناچێت و دەوڵەتی تورک ناچارە بگۆڕێت. کۆماری تورک ناچار دەکەین. ناچارە بگۆڕێت؛ هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە. لە لایەنی دۆخی سیاسیشەوە بەم شێوەیە."
'مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بناغەی قۆناغی نوێیە'
بەهزاد چارچەل پرۆسه ی ئێستای وەک "لوتکەی سەردەمێکی نوێ" هەڵسەنگاند و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دارشتوە کە ئەم پڕۆسەیە تاجدار دەکات، گەریلا و هەموو چین و توێژەکانی پەیوەست بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری بونیاتنانی دیموکراتیک دەبن. گەریلاش پەیوەست بەم مانیفێستۆیەوە لە بوارەکانی وەک دیموکراتیک، ئایدیۆلۆژیا، کۆمەڵگە، پێکهاتە و بەرنامەی پەروەردە و بە ڕێکخستنبوونییدا سەرلەنوێ خۆی ڕێکخستن دەکاتەوە و خۆی ئامادە دەکات. بێگومان لە بەرانبەر هەموو جۆرە هێرشێکدا بە سیستەمی خۆ پاراستن خۆی دەپارێزێت، بەڵام بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر بنرێت دەبێت گۆڕانکاری یاسایی لە تورکیادا بکرێت."
'ئێمە لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بە ئیرادەین'
چارچەل ئەوەی بە بیری هێنایەوە تێکۆشانی پەکەکە لەسەر ڕێبازی شۆڕش ٥٢ ساڵ و چوار مانگ بەردەوامبوو، ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ستراتیژی نوێ پلانی ٥٠ بۆ ١٠٠ ساڵی داهاتوویان داڕشتووە و گوتی: "هەربۆیە لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بە ئیرادەین، لە ڕێکخستن و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بە ئیرادەین. گەر گۆڕانکاری یاسایی ئەنجام بدرێت، وەک هەموو ئەندامانی نەریتی ئاپۆی لە چوارچێوەی یاساکانی دیموکراتیک و دەستووری بنەڕەتییدا لە بوارەکانی سیاسیکردن، بەکارهێنانی مافەکانی ئازادی، لە بونیاتنانی هەموو جۆرە سیاسەتێکی دیموکراتیکدا لە ئەکادیمیاکانەوە تاوەکو پەرلەمان؛ بە کورتی، لە هەموو کارەکانی بونیاتنانی سیاسەتی دیموکراتیکدا جێ دەگرین. ئەمەش بەم مانایە دێت: دوای ٥٢ ساڵ تێکۆشان کەس ناگیرێت یان بە هەزاران هەڤاڵی ئێمە لە زیندانەکاندا ڕاناگیرێن. بۆ ئەمە قوربانیدانی زۆر هەیە، چەندین شەهید هەیە. پەیوەست بەمەوە دەبێت بۆ پەکەکە یاسا دروست بکرێت. ئەگەر ئەمە لە تورکیا پەرە بسێنێت، هەموو گەریلاکان، بەتایبەت هەموو ئەو گەریلایانەی هاووڵاتی تورکیان دەتوانن بەشداری لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بکەن."
'پرسەکە هێشتا بە دروستی پێناسە نەکراوە'
چارچەل ئاماژەی بەوەدا تورکیا لە نێو گفتوگۆ سیاسییەکانی ئێستادا لە نێو "خۆدووبارەکردنەوەدا" گیری خواردووە و گوتی: "هێشتا بە دروستی پێناسە نەکراوە. هەمیشە دەڵێن 'تورکیا بەبێ تیرۆر'. ئێمەش ئەمە دەڵێین ‘تورکیای بێ شەڕپێکدادان' یان کوردستان. ئێمە بە شێوەیەکی ڕاست گوزارشتی لێ دەکەین. هۆکاری شەڕوپێکدادانەکان دیاری دەکەین و ڕێبازی چارەسەری پەرەپێدەدەین."
'دەبێت بۆ پەکەکە یاسا دروست بکرێت'
چارچەل لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا نابێت ئەوکەسانەی لە ناو پەکەکەدا تێکۆشانیان کردووە لە چوارچێوەی یاسایەکی ئاسایی سزاداندا هەڵسەنگێندرێن و گوتی: "دەبێت بۆ پەکەکە یان ئەوانەی ئەم تێکۆشانەیان ئەنجام دا یاسا دروست بکرێت. ئەمە پەیوەندی بە زیندانییەکانی دیکە یان دۆزەکانی دیکەوە نییە. هەندێکجار وەک پاکێجی چاکسازی کورتخایەن باس دەکرێت. ئەمانە چارەسەری هەمیشەیی نییە. دەبێت سەرەتا پرسەکە بە دروستی پێناسە بکەن."
'ناسنامەی کورد چۆن پێناسە دەکرێت؟'
چارچەل تیشکی خستە سەر قوڵایی مێژوویی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن لەسەر کورد و ئاماژەی بەوە کرد: "ڕاستیی نکۆڵیکردنی گەلی کورد سەد بۆ دووسەد ساڵی خایاند. لە ئێستادا بوونی سەلمێنرا، سەرلەنوێ بونیاتدەنرێتەوە. کاتێک سەرلەنوێ بونیاتدەنرێتەوە ئایا لەنێو دەوڵەتی کۆماری تورکیا یاخود نەتەوەی دیموکراتیکی کورددا چۆن پێناسە دەکرێت؟ کورد چۆن گوزارشت لە خۆی بکات؟ لە چوارچێوەی کام یاسایانەدا بن؟ سەبارەت بەم بابەتانە پێویستە یاساکان بە دروستی قسەیان لەسەر بکرێت و گۆڕانکاریی یاسایی ڕووبدات."
ئۆزان: ئێمە هەنگاوی نیازپاکیمان نا
تێکۆشین ئۆزان کە یەکێک بوو لەو گەریلایانەی کە چەکەکەی خۆی سوتاند و لەناویبرد، سەبارەت بە مەراسیمەکە قسەیکرد و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو هەستانەی کە لە تێکۆشانەکەمان دوور نین، لەگەڵ پێشکەوتنی تێکۆشانەکەمان پێشدەکەون. بارودۆخی هەنووکەیی یاخود ئەو هەنگاوانەی نراون، بارودۆخی گەیشتنە تێکۆشانێکی نوێ، پێشخستنی ڕێ و ڕێبازی رێکۆشان و دەوڵەمەندکردنیەتی. بەو هۆیەوە، لەبەرئەوەی قۆناغێکی نوێیە نە بریتییە لە تەواوکردنی هەندێک شت، نە مانای کۆتایی هێنان بە تێکۆشانە. لەبەرئەوە لەڕاستیدا بەهۆی هەندێک گۆڕانکاری هەستەکانی ئێمەش دەگۆڕێن، هەمیشە لەناخماندا کەمێک غەمگینی دەشارینەوە بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە دەستمان بە ڕێبازی تێکۆشانی نوێ کردووە، بڕیارداری و جۆش و خرۆش هەیە. سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی جۆشوخرۆشێک هەیە. هەرچەندێک ئەمە ئەنجامبدەین و قووڵی بکەینەوە ئەوەندە دڵخۆش دەبین. ئێمە هەنگاوی نیازپاکیمان نا. کاتێک چەکەکانمان لەناوبردن، تێکۆشانەکەمان نەوەستاند. ئێمە هەنگاوی نیازپاکیمان نا. ئەمە لەپێناو پێشکەوتنی زەمینەی یاسایی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و دیموکراسیبوونە. هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە. بڕیارداریی لە بوارەکانی دیموکراتیککردن و ئازادکردنی پڕۆسەی نوێدا نیشاندەدات. هەنگاوی گوزارشکردن لە دڵسۆزیی بۆ ڕێبەرێتییە."
'بۆ چارەسەری پرسی کورد ئامادەین هەنگاوی دروست بنێین'
تێکۆشین ئۆزان لە قسەکانیدا ئەم پەیامانەی گەیاند: "ئێمە ئامادەین چەکەکانمان دابنێین. ئامادەین بۆ چارەسەری پرسەکە هەنگاوی دروست بنێین. ئامادەین بەیەکەوە گۆڕان و گۆڕانکاریی بەدیبهێنین، لەگەڵ دیموکراسیدا تورکیا سەرلەنوێ بونیاتبنێین، بە پێشەنگایەتیی ژنان دەست بە پرۆسەیەکی گۆڕانی دیموکراتیک بکەین. مامەڵەی ئێمە بەم شێوەیەیە."
ئۆزان لەبەرامبەر شرۆڤەکرندنی هەندێک کەس و لایەن کە دەڵێن ئەم هەنگاوە ڕێ و ڕێبازی تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە بەرەو "تەسلیمبوون" دەبات، بەم شێوەیە ناڕەزایەتی نیشاندا: "پێناسەکردنی ئەمە وەکو تەسلیمبوون یان شتی تر هەڵوێستی دوور لە چارەسەرین. پرسەکە، پرسی چەکدانانی پەکەکە نییە. پرسەکە، پرسی چارەسەریی پرسی کوردی بەستراو بە ئازادییەوەیە. پرسی ئازادی لە تورکیایە. پرسی ژنان، ڕەنجدەران و ئازدیخوازانە. مامەڵەی دەرەوەی ئەم بابەتانە نە لەلایەن پەکەکەوە و نە لەلایەن گەلەکەمانەوە مایەی قبووڵکردن نییە. پێویستە مامەڵەی تایبەت بە چارەسەری هەبێت. ڕێ ڕاستەکە ئەمەیە. چارەسەری پرسی کورد تەنها بە مانای چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد نایەت؛ چارەسەرکردنی پرسی خەڵک، ڕەنجدەران و ژنان لە تورکیا دیاریدەکات. بەپێی ئەمانە هەنگاو دەنێت. بەو هۆیەوە ئەمە وەکو دیموکراتیکبوونێکی بەرفراوان و پرسی ئازادبوون پێناسە دەکەین."
'ڕێگەی دیموکراتیزەبوونی تورکیا پەیوەست بە نزیکایەتی پرسی کوردەوە'
تێکۆشین ئۆزان لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا پرۆسەی چارەسەری تەنها بە پەیوەستبوون بە دیموکراتیزەبوون و و ئازادییەوە پەرەدەسێنێت و گوتی: "لە بابەتی پرسی کورددا پێناسەکانی وەک نکۆڵیکردن یان 'تیرۆر' هیچ چارەسەرێک بە دی ناهێنێت. ئەزموونی ٥٠ ساڵ دەریخستووە ئەمە بەم شێوەیە بەڕێوەناچێت. ئەمڕۆ سنووردارکردنی چارەسەری لە چوارچێوەی چەکدانانی پەکەکەدا پڕۆسەکە بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکان جێبەجێکردنی گۆڕانکاریی کۆمەڵگەییە. لە بابەتی پرسی کورددا سنووردارکردنی وەک نکۆڵیکردن، لەناوبردن یان 'تیرۆر' چارەسەری ناهێنێت. لەو باوەڕەدام هەمووکەسێک ئاگاداری ئەمەیە. هەمووکەسێک لەمە تێدەگەن. گەلی کورد لەم بابەتەدا هەستیارە و سیاسییە. لە ڕاستیدا لایەنگری چارەسەرییە. هەروەها ئەو مەڕاسیمەی ئەنجاممان دا ڕێبازێکی تێکۆشانە. واتە لە بەشداری پڕۆسەی گۆڕان و گۆڕانکارییدا ڕێبازێکی تێکۆشانە. نیازپاکییەکە پەیوەست بە دیموکراتیزەبوونەوە. هیوادارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت."