تاوەکو ئێستا ٩٣ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، لەوانەش ٥٥ گۆڕی هەڵدراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ٣٨ گۆڕی دیکەش هەڵبدرێنەوە.
لەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە ٧٥٠ ڕوفات دەرهێنراوە، ناسنامەی ٢٦٤ کەسیان دەستنیشانکراوە، بەڵام ناسنامەی ٤٨٥ کەس ئاشکرا نەکراوە و لە پزیشکی دادوەری بەغداد دایە.
لەم دواییانەدا لەڕێگەی پشکنینی DNAەوە، بەڕێوەبەری پزیشکی دادوەری بەغداد ناسنامەی ٢٢ کەسی دیکەی لەو ٧٥٠ ڕووفاتە ئاشکرا کرد. بڕیارە ڕۆژی ١٢ی ئاب تەرمی ئەو کەسانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکرێتەوە.
لەو ٢٢ قوربانییە چوار قوربانیان ژنن و ١٨ دیکەشییان پیاون. ١٠ قوربانیان خەڵکی گوندی کۆچۆی شەنگالن، دوو قوربانیان خەڵکی شارەدێی تەلزەر، دوو قوربانیان خەڵکی قینی، دوو قوربانیان خەڵکی سۆڵاخ، دوو قوربانیان خەڵکی هەمەدان و حەردانە و چوار قوربانیان خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری شەنگالن.
تەرمەکانیان لە ١٢ی ئابدا لە موسڵ وەردەگیرێت. مەڕاسیمێکی گشتی بیرهێنانەوە لە ١٣ی ئابدا ئەنجام دەدرێت. لە مەڕاسیمەکەدا ناسنامەی شەهیدان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێت و بە ڕێزگرتنەوە بە خاک دەسپێردرێن.