ئەردۆغان: وەک هەنگاوی یەکەم کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکدەهێندرێت

سەرۆکی گشتی ئاکەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێیکدا گوتی: "وەک هەنگاوی یەکەم لە پەرلەماندا کۆمیسیۆنێک دروستەکەین و گفتوگۆ لەسەر پێویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە دەکەین."

سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەرۆدۆغان، لە ٣٢ـیەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی و هەڵسەنگاندی ئاکەپەدا، وتارێکی پێشکەشکرد و سەرنجی خستەسەر ئەو پرۆسەیەی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێکردووە.

ئەردۆغان سەبارەت بەو هەڵانەی، کە حکومەتی تورکیا ئەنجامیدابوو بۆ زیاتر قوڵکردنەوە و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد وتی: "لەلایەن حکومەتەکەمانەوە چەندین هەڵە هەبووە تا شەڕ زیاتر بێت و تەنانەت ڕێگەمان نەدا، کە دایکان لەگەڵ ڕۆڵەکانیان لە زیندانەکان بە زمانی کوردی قسە بکەن، ڕووداوەکانی زیندانی دیاربەکر (ئامەد) بەشێکبوون لە هەڵەکان، کە لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو ڕوویاندا."

ئەردۆغان لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر ئەو زیانە دارایەیی بە هۆی شەڕەوە لە تورکیا کەوتووە و دەستنیشانی کرد شەڕەکان زیانی ٢ تریلۆن دۆلاری لە ئابووری تورکیا داوە.

پەیوەست بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە

ئەردۆغان باسی بڕیارە وەرگیراوەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی کرد و وتی: "دوێنێ، ڕێکخستن بەشێک لە بڕیارە وەرگیراوەکانی جێبەجێ کرد و مەراسیمێکی چەکداری ئەنجام دا. بەڵای تیرۆری ٤٧ ساڵە لە دوێنێوە پەڕیوە بۆ قۆناغی کۆتایهێنان و چاکسازی. تورکیا دوێنێ پەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە. نابێت بیرمان بچێت لە ڕۆژێکی نوێداین. ئەمڕۆ ڕۆژێکی نوێیە و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا هەڵدرایەوە و کۆتایی بە خوێن و فرمێسک دێت و دەرگا بۆ ١٠٠ ساڵی نوێ کرایەوە."

هەروەها ئەردۆغان ئامەژەی بە گرنگی یەکگرتوویی گەلانی کورد، تورک و عەرەب کرد و سەرنجی خستەسەر ئەوەش، هەندێک لایەن لە هەوڵدان تا بەردەوامی بە شەڕ بدەن و گەر شەڕ کۆتایی پێبێت ئەوان زەرەمەندی یەکەم دەبن.

سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی پرسەکە جەختی کردەوە، بۆ پرۆسەکە کۆمسیۆنێك لە پەرلەمان دروست دەکەین و دەست بەکارەکانی دەکات و کۆمسیۆنەکە گفتوگۆ لەسەر پێویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە دەکرێت.