هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان دەربارە مەڕاسیمی لەناوبردنی چەکەکانی پەکەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە. هاوسەرۆکان ئاماژەیان بەوەدا قۆناغی نوێ کە بە بانگەوازی مێژوویی ئاشتی لە ئیمراڵی دەستیپێکرد، بۆ گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک، یەکسان و ئازادی کردەوە و گوتیان"مەڕاسیمی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە بانگهێشتکردن بۆ ژیانێکی دیموکراتیک، دادپەروەری، یەکسان و ئازادە."
'لە ئیمراڵییەوە دوای ٢٦ ساڵ بانگەوازێک بە دیمەنەوە بۆ ئاشتی هات'
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە بە ناوی هەردوو هاوسەرۆکانەوە درا، گوترا: "ئەمڕۆ خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیادا. لە ئیمراڵییەوە لە دوای ٢٦ ساڵ بانگەوازێک بە دیمەنەوە بۆ ئاشتی هات. دوای بانگەوازی ئیمراڵی بە مەڕاسیمی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە سەردەمێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد و بونیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک دەست پێدەکات. بڕیاری چەک دانانی پەکەکە تەنها بۆ پرسی کورد نییە، لە هەمانکاتدا چارەسەرکردنی هەموو پرسەکانی تورکیا بە ڕێبازەکانی دیموکراتیک."
'بانگهێشتکردن بۆ ژیانی ئازاد'
مەڕاسیمی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە بانگهێشتکردنە بۆ ژیانێکی دیموکراتیک، دادپەروەری، یەکسان و ئازاد. ئەم مەڕاسیمە هیوای گەلەکەمانی بۆ داهاتوو بە هێزتر کرد. لەم گەشتە پیرۆزەدا هیچ کەسێک یان بەشێک لە کۆمەڵگە بەجێناهێڵین. لە خاکە بەپیتەکانی ئەنادۆڵەوە تاوەکو دەشتە بەپیتەکانی تورکیا، لە کەنارەکانی دەریای ڕەشەوە تاوەکو شارە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا، هەمووکەسێک دەبێتە گەواهیدەر و هاوبەشی ئەم گۆڕانکارییە دیموکراتیکییە.
'ئەم پڕۆسەیە بە سەرفرازییەوە دەپارێزین'
گەل سەردەکەوێت. ئەوەی سەردەکەوێت یەکسانی، دیموکراسی و ئاشتییە. ئەم پڕۆسەیە بە سەرفرازی، ئارامی و پێداگرییەوە دەپارێزین. بەم هەستانەوە بە دڵ و گیان سڵاو لە هەنگاوی چەکدانان و گۆڕانکاری بۆ سیاسەتی دیموکراتیک دەکەین کە بە ئیرادەیەکی مێژوویی لە لایەن گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد. ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە یاسا دابمەزرێنین و بە سیاسەتی دیموکراتیک بەرەو تورکیایەکی دیموکراتیک هەنگاو بنێن و تێکۆشانی سیاسەتی دیموکراتیک فراوان بکەین."