هه‌واڵی به‌په‌له‌: ناسنامەی ئەو گەریلایانە ئاشکرا کرا کە بەشدابوون لە مەراسیمی چەک لەناوبردن دیمەنی مەراسیمی سووتاندنی چەک

مەراسیمی چەک لەناوبردن لە میدیا جیهانییەکاندا: هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئاشتی

مەراسیمی چەک لەناوبردن و سووتاندنی چەکەکان لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە، لە میدیای جیهانییدا دەنگی دایەوە. مەراسیمەکە بە هەنگاوێکی مێژوویی لێکدرایەوە بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و ئاشتی تورکیاوە.

مەراسیمی چەک لەناوبردن و سووتاندنی چەکەکان لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە کە لە ئەشکەوتەی جاسەنەی سلێمانی ئەنجامدرا، لە میدیاکاندا دەنگی دایەوە. چەندین دەزگای ڕاگەیاندن مەراسیمەکەیان وەک هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد، دووپاتکرایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ چەقی پرۆسەی ئاشتییە.

گرووپێکی ٣٠ کەسی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ مەراسیمی لەناوبردنی چەکیان ئەنجامدا. مەراسیمەکەی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگی دایەوە.

RFI: پەکەکە هەنگاوێکی گرنگی هاویشت بۆ چەکدانان

ڕادیۆیەکی فەرەنسی بە ناوی (Radio France Inter (RFI)) بە ناونیشانی "بە مەراسیمێک لە عێراق، شەڕڤانانی پەکەکە پرۆسەی چەکدانانیان دەست پێ کرد"، مەراسیمەکەی ڕاگەیاند. لە هەواڵەکەدا تیشکخراوەتە سەر تێکۆشانی درێژخایەنی پەکەکە و ڕایگەیاند پەکەکە هەنگاوێکی گرنگی هاویشت بۆ چەکدانان.

لە هەواڵەکەدا، ئەم وتەیەی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات دانراوە کە دەڵێت: "بەهیواین ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی. گەلەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ژیانێکی ئاشتییانە و ئازاد و دادپەروەرانە و دیموکراتیک هەیە".

هەروەها ڕاگەیاندراوە، ئەم پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات، ئامانجی ئەوەیە پرسی کورد لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی چارەسەر بکات.

لو مۆند: ئامانج ئەوەیە شەڕی ٤٠ ساڵە کۆتایی بێت

ڕۆژنامەی بەناوبانگی فەرەنسی لو مۆندی فەرەنسی دەڵێت: "لە عێراق، پەکەکە کە ٤٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا لە شەڕدایە، چەکی دانا".

لو مۆند ڕایگەیاند مەراسیمەکە پاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، لایەنی کوردی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکات.

لۆریۆن لۆجۆر: پەکەکە پشتگیریی لە پرۆسە مێژووییە کرد

هەروەها ڕۆژنامەی لوبنانی لۆریۆن لۆجۆر لەژێر مانشێتی "پەکەکە سڵاوی لە ئۆپەراسیۆنی مێژوویی و دیموکراتیک کرد" هەواڵی مەراسیمەکەی بڵاوکردەوە. لە هەواڵەکەدا وردەکاری ئەو مەراسیمەی لە دەوروبەری شاری سلێمانی بەڕێوەچوو خراوەتەڕوو و ئاماژە بەوە کرا کە پەکەکە بەم هەنگاوە پاڵپشتییەکی بەهێزی لە پڕۆسە مێژووییەکە کردووە.

ئەل جەزیرە: پرۆسەی چەکدانان دەست پێ دەکات

ئەل جەزیرە بە ناونیشانی "پەکەکە پاش تێکۆشانی چەکداریی ٤٠ ساڵە لە تورکیا، پرۆسەی چەکدانانی دەست پێ کرد"، بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەی ڕاگەیاند. ئاماژە بەوە دەکات، ئەم مەراسیمە پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە.

ڕۆیتەرز: هەنگاوێکی مێژوویی بۆ چەکدانان

ڕۆیتەرز سووتاندنی چەکەکانی لەلایەن پەکەکەوە وەک "هەنگاوێکی سیمبولیکی گرنگ" ناوبرد. لە هەواڵەکەدا وتەیەکی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات دانراوە، کە دەڵێت: "بۆ نیشاندانی نیازپاکی و پێداگرییمان، ئەمڕۆ بە ئیرادەی خۆمان چەکەکانمان لەناودەبەین".

THE NEW YORK TIME: هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو ئاشتی

(The New York Times) ئەم بابەتەی بە ناونیشانی "شەڕڤانانی کورد، وەک هەنگاوێکی ئاشتی لەگەڵ تورکیا، چەکەکانیان دەسووتێنن" کرد بە هەواڵ. ئاماژە بەوە دەکات ئەم هەنگاوە دەکرێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس تێیدا کوژراون، ئەگەر پرۆسەکە سەربگرێت، یەکێک لە پرسە هەرە گەورەکانی تورکیا چارەسەر دەبێت. هەروەها جەختی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ چەقی پرۆسەی ئاشتییە.

هەروەها چەندین میدیای جیهانی ئەم هەنگاوەیان وەک پێشهاتێکی مێژوویی ناوبرد بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا. هەروەها زۆربەیان دووپاتیان کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ چەقی پرۆسەکەیە.