هه‌واڵی به‌په‌له‌: ناسنامەی ئەو گەریلایانە ئاشکرا کرا کە بەشدابوون لە مەراسیمی چەک لەناوبردن دیمەنی مەراسیمی سووتاندنی چەک

١٥٠ کەس لەسەر ڕێگەی سلێمانین: ئاشتییمان دەوێت نەوەک تەرم

ئەو شاندەی بۆ بەشداری لە مەراسیمی گەریلا لە سلێمانی بەڕێ کەوتن، لە جزیر بە هەلهەلە و پەیامی ئاشتی بەڕێ کران. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە".

پەکەکە سبەینێ لە شاری سلێمانی لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، مەراسیمی لەناوبردنی چەک ئەنجام دەدات. شاندەکان بۆ بەشداربوون لە مەراسیمەکە لە شارە جیاوازەکانی تورکیا و کوردستانەوە بەڕێ کەوتن، لە ناوچەی جەزیری شەرناخ کۆبوونەوە.

١٥٠ کەس لەنێویاندا، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندەر و هاوسەرۆکانی گشتی ئۆهەدە ئەکین یەتەر و سەرحەد چاکماک، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە شاندەکە جێ دەگرن.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە دەروازەی جزیر وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

باقرخان ڕایگەیاند ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی شەڕ و توندوتیژیی ٥٠ ساڵە، ئەم پرۆسەیە مێژوویی و بەنرخە، هەمووان دەیانەوێت ببنە شایەتحاڵی ئەم ساتە مێژووییە؛ گوتی: "ئیتر بەرپرسیارێتی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان، گەر بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ بکەین، لەبری تەرم و تابووتی گەنجەکانمان، ئاشتی هەڵدەگرین. وەک دەم پارتی هەرچی بکەوێتە سەر شانمان جێبەجێی دەکەین. چاوەڕێین هەمووان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".

'ئاشتی ڕۆحی سری سورەیا ئۆندەر شاد دەکات'

برای ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سری سورەیا ئۆندەر، عەلی ئۆندەر لەنێو شاندەکەدایە گوتی: "خەونی هەرە مەزنی براکەم ئاشتی بوو، ئاشتی ڕۆحی ئەو شاد دەکات".

'خەونی ٥٠ ساڵە دێتەدی'

مەلا قاسم یەگیت لە بەڕێکردنی شاندەکەدا بەشداربوو، ڕایگەیاند ٥٠ ساڵە خەون بە ئاشتییەوە دەبینین، گوتی: "ئێستەش بەدیهاتنی ئەم خەونە ٥٠ ساڵەیە، جۆشوخرۆشێکی مەزنمان پێ دەدات. باوەڕمان بە ڕەنجی بەڕێز ئۆجالانە. شاندەکە بەهیوای مەزنەوە دەچێتە باشوور. بەهیوام بە گەڕانەوەیان هەموو گەل هەناسەی ئاسوودەیی هەڵمژن".

'دایکان ساڵانێکە خوازیاری ئاشتیین'

وتەبێژی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی سلۆپی ئاسیا تای، ڕایگەیاند دەبێت هەمووان بەباشی لە بانگەوازی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، گوتی: "لەنێو شاندەکەدا دایکان هەن. ئەم دایکانە ساڵانێکە خوازیاری ئاشتیین. بۆ گەیشتن بە ڕۆڵەکانیان دەچنە ئەوێ. ڕێگەیان کراوەیە. چوونی ئەوان بە ئاشتییەکی شکۆدار تاجدار دەبێت".

شاندەکە بە هەلهەلە بەرەو دەروازەی سنووری خابوور لە سلۆپی بەڕێکران.