سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هەنگاوەکەی گەریلا داهاتوو ڕۆشن دەکاتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە وەک هەنگاوێکی مێژوویی پێناسەکرد و گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری بن و مافە ڕەواکانی هەموو لایەنەکان گەرەنتی بکرێت".

لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٩ ی تەمموز، لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی دوکان لە سلێمانی، بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات، گرووپێکی گەریلا کە لە ٣٠ کەس پێکدەهات، بە ئیرادەی ئازادیی خۆیان، چەکەکانیان لەناوبرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەربارەی مەراسیمەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکایەتیی عێراق بەگەرمی پێشوازی لە هەنگاوەکەی گەریلاکانی پەکەکە دەکات لەپێناو ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکە.

لە پەیامەکەدا گوتراوە: "مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان، هەنگاوێکی مێژوویی گرنگە لە پێناوی کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە دەیان ساڵە بەردەوامە. ئەم هەنگاوە ئاسۆی داهاتوو ڕۆشن دەکاتەوە و دەرفەتی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا فەراهەم دەکات. دەبێت هەموو لایەنەکان وابەستەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەبن، هەروەها پێویستە لە ڕووی یاساییەوە گرەنتی ئەو پرۆسە گرنگە بکرێت کە هەموو لایەنەکان لێوەی سوودمەندن".