پیک شەهیدانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانی بیرهێنایەوە

پیک بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە دۆڵی زیلان تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

سەرۆکی گشتیی پارتیی ئیسلامیی کوردستان (پیک) حیکمەت سەربڵند بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو، شەهیدانی کۆمەڵکوژی زیلانی بیرهێنایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، لە ١٣ـی تەمموزی ١٩٣٠، یەکێکە لەو کۆمەڵکوژییە مەزنانەی کە دیکتاتۆرییەتی کەمالیست لەسەر گەلی کورد ئەنجامیدا. لەم کۆمەڵکوژییەدا، دەوڵەتی تورک تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لە کۆرپەلەی ناو سکی دایکەوە تا پیر، زیاتر لە ١٥ هەزار کوردی چەوساوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراون.

دەوڵەتی ستەمکاری تورک، هێشتا بەردەوامە لە دوژمنایەتییە دێرینەکەی بەرامبەر گەلی کورد و تەواوی کوردستان، دژی ناسنامە و دەسکەوتەکانی گەلی کورد، سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن بەکاردەهێنێت.

ئێمە شەهیدانی زیلان و هەموو شەهیدانی کوردستان، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. بەتوندی ڕژێمی کەمالیستی فاشیست شەرمەزار دەکەین کە ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی ئەنجامدا".