ژنان: پێویستە پەرلەمان زەمینەی یاسایی بۆ ئاشتی بڕەخسێنێت

ژنان کە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و شکۆدار لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، لەبەردەم پەرلەمان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. ژنان گوتیان: "بۆ بونیاتنانی زەمینەی یاسایی ئاشتی دەبێت پەرلەمان بە خێرایی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات."

کۆبوونەوەی ژنان لە ئەنقەرە

ژنان کە لە چەندین شاری جیاوازی باکووری کوردستان و تورکیاوە بە پێشەنگایەتی 'دەستپێشخەری ژنان پێویستیان بە ئاشتییە' و داخوازی 'ئاشتی' هاتنە ئەنقەرە، دەیانویست لە گوڤەنپارکەوە تاوەکو پەرلەمان ڕێپێوان بکەن، بەڵام ڕێگرییان لێکرا. سەرەڕای ڕێگرییەکان ژنان لە دەروازەی چانکایە تاوەکو پارکی پەرلەمان ڕێپێوانیان کرد و لەوێ ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارت بە نووسینی "کۆتای بە سەپاندنی قەیوم بهێنن با سیاسەت ئاسایی بێتەوە"، "با لە کۆبوونەوەکانی ئاشتییدا ئەرک بە ژنان بدرێت" و "با یاسای تێکۆشان لە دژی تیرۆر هەڵبگیرێت" بەرزکرایەوە. هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "نا بۆ شەڕ، ئاشتی بۆ ئێستا" بەرزکرایەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوە کوردییەکە لە لایەن وتەبێژی کاتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ڕەنجدەرانی جەماوەری (کەسەکە) زەلال ئانگایەوە خوێندرایەوە و هەروەها تورکییەکەش لە لایەن ئەندامی 'دەستپێشخەری ژنان پێویستان بە ئاشتییە' فەریدە ئەراڵپەوە خوێندرایەوە.

زەلال ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و قڕکردن لە دژی کوردان، عەلەوی، ئێزدی، سەپاندنی قەیومەکان، ئۆپراسیۆنەکان لە دژی ئۆپۆزسیۆن وقەدەغەکردنی گۆڕەپانەکان کرد. هەروەها بانگەوازی لە پەرلەمان کرد بەرپرسیارێتی زەمینەی یاسایی بۆ ئاشتی لە ئەستۆ بگرێت.

زەلال تیشکی خستەسەر ئەوەش کە بۆ چارەسەری دیموکراتیک و یەکسانی پرسی کورد بە سێ داخوازی هاتوونەتە پێش پەرلەمان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم داخوازیانە خرایەڕوو:

- با ئیدی سیاسەت بە تاوان دانەنرێت و 'یاسای کارکردن لە دژی تیرۆر' هەڵبگرێت. با زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.

- دەبێت ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچە سنوورییەکان، پراکتیزەکردنی هەرێمی ئەمنی تایبەت و کۆکردنەوەی سەرباز لەو هەرێمانە ڕابگرێت.

- با یاسا سەروەر بێت و کۆتای بە سەپاندنی قەیوم بهێندرێت.

چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) گوڵستان کشاناک لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و گوتی: "چوونە پەرلەمانە بە مانای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی دێت. گەورەترین پرس لەم وڵاتەدا ئەو ئازارانەیە کە بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێت و دڵی دایکان ئازار دەدات. کۆتاییهێنان بەم شەڕە لە ئەستۆی ئێوەدایە."