سۆنیا مێجری فەرەنسی بە تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان دادگایی دەکرێت

دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس بڕیاریدا، سۆنیا مێجری بە تاوانی جینۆساید دژی ئێزیدییەکان دادگایی بکرێت.

ژنە فەرەنسی سۆنیا مێجری (٣٦ ساڵ) کە لە سوریا گەڕاوەتەوە، لەبەرئەوەی بەهاری ٢٠١٥ گەنجێکی ئێزدی کردبووە کۆیلە و زیندانی کردووە، لەسەر بناغەی ئایینی و زایەندیی ستەمی لێ کردووە، دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس بڕیاریدا، ئەم ژنە بە تۆمەتی تاوانی نامرۆڤانە و بە تاوانی جینۆساید لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی بکرێت.

سۆنیا مێجری، هاوژینی پێشووی سەرچەتەی داعش، عەبدولناسڕ بن یوسف بوو،  یەکەم ژنی فەرەنسییە کە لە سوریا گەڕاوەتەوە و لە فەرەنسا بە تاوانی جینۆساید دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی دادگایی دەکرێت.

بەم بڕیارە، بێجگە لە تاوانە تیرۆریستی و نامرۆڤانەکان، سۆنیا مێجری بە تاوانەکانی جینۆساید و تیۆریزم لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی دەکرێت.

سۆنیا مێجری پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ فەرەنسا بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە داعشەوە بکات، خاوەنی خواردنگەیەک بووە لە فەرەنسا. لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ عەبدولناسر بن یوسفی بە ڕەچەڵەک فەرەنسی-جەزائیری کرد کە بە ئەندامێکی سەرەکی شانەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش دادەنرا. عەبدولناسر بن یوسف بەهۆی فەرمانی هێرشی ٢٠١٥ دژی کەنیسەیەک لە پاریس و تاوانی جینۆساید و نامرۆڤانە و تیرۆریزم دادگایی کرا. پێدەچێت سەرچەتە بن یوسف لە ساڵی ٢٠١٦ مردبێت.

ژنێکی ئێزدی کە ئێستە تەمەنی ٢٦ ساڵە، بۆ ماوەی شەش ساڵ لەلایەن بن یوسف و چەتەکانییەوە ڕفێندرابوو، ڕووبەڕووی سوکایەتی و دەستدرێژیی بووییەوە. پاشان بن یوسف فرۆشتبووی بە ئەشکەنجەکار و بەرپرسێکی باڵای داعش.