ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٥ زیندانیکراوی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەپاند
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێران بە پاساوی بەشداریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٥ کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێران بە پاساوی بەشداریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٥ کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێنج زیندانیی سیاسیی کورد لە دەستگیرکراوانی شۆڕشی
"ژن، ژیان، ئازادی" بە ناوەکانی عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەگزادە بابامیری و تەیفوور سەلیمی بابامیری لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها دووپاتکرایەوە، هەشت هاوڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی، سواره عەزیززادە، هێمن کرمانج، حوسێن حوسێن زاده، جەلیل مەولوودی، ئەحمەد مامەزاده، جوامێر مامخەسرەوی و سالار داغدار بە تۆمەتی چالاكی سیاسی سزای زیندانیی کردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئەو ١٤ هاوڵاتییە خەڵکی بۆکانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ بەهۆی بەشداریکردنیان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کران.
باس لەوە دەکرێت، ئەو كەسانە ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراون دان بە تاوانکاربوونی خۆیاندا بنێن، ئەم هاوڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.