ئه‌نجامنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بڵاوکردەوە کە بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی لە بارەگای کەنەکە لە برۆکسل ئەنجامی دا، لە ئەنجاممناکەدا جەخت لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکراتیک کراوەتەوە.

كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌ له‌ ٥\٧\٢٠٢٥به‌ به‌ به‌شداری زۆرینه‌ی ئه‌ندامان له‌ بارەگای کەنەکە لە برۆکسل كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا. بەهۆی ڤیزا و هۆکاری تەکنیکی ئەندامان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان نەیانتوانی بە شێوەی کەسی ئامادەبن، بەڵام بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریان کرد. ئەم كۆبوونه‌وه‌ دووەم کۆبوونەوەی كۆنسه‌ بوو له‌ دوای کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کە لە ٢٤-٢٥\٥\٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. یەکەمین کۆبوونەوەی كۆنسه‌ لە ٢٩\٥ \٢٠٢٥ بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەدا كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ی ئەرکەکانی دابەشکرد و پلانی کاتیی دانا. ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری ئەو کۆبوونەوەیە بوو، کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەر و پلاندانان بوو.

کۆبوونەوەکە بە ڕێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدان ده‌سیتپێكرد و بەپێی کارنامەی كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌ره‌تا زانیاری لەسەر پرۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراسی لە باکووری کوردستان پێشکەشکرا، دواتر هەڵسەنگاندنی بەرفراوان بۆ دۆخی سیاسی كوردستان وناوچه‌كه‌ وسه‌رانسه‌ری جیهان کرا. دوابەدوای هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان، بارودۆخی ئۆرگانه‌كانی کەنەکە و دامەزراندنی کۆمیسیۆن و كۆمیه‌ته‌كان تاوتوێ کران. پاشان، کارەکانی قۆناغی ڕابردوو هەڵسەنگێندرا و پلانی گشتی تاوتوێ کرا و پلانی کار بۆ ئەو ماوەیە دانرا.

کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كاتێكی هەستیار تێدەپەڕن. لە باکووری کوردستان پرۆسەی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەیە و ئێستا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن، بەڵام لە سەرتاسەری سوریا دۆخێکی نادیار هەیە. لە باشووری کوردستان ماوەی نۆ مانگە هەڵبژاردن بەڕێوەچووه‌، بەڵام تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە و پەرلەمان کارناکات و کێشە و گرفته‌كانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکراون.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی نوێدایە و ئەم بەشە خەریکە دەبێتە ڕۆژه‌ڤێكی سەرەکی. شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی بەردەوامە. هەرچەندە لەگەڵ ئێران ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و کێشەکان چارەسەر نەکراون.

لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سایکس پیکۆ و لۆزان لەناوچوونە، بەڵام شوێنەکەی پڕنەکراوەتەوە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات. ئەم دۆخە مەترسی و دەرفەتی زۆری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 هەر لەو پێوەندییەدا كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کەنەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت.

 _ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە نێوان تەڤگەری ئازادی کوردستان و تورکیا پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. کەنەکە پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە دەکات و کار بۆ سەرخستنی دەکات. هەر لەو پێوەندییەدا کەنەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکات کە بە نیازباكی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و ئەم دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن. هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو هێز و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکات پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە بکەن و لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کوردستان له‌ دیالۆگدا بن.

 

_ لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە نێوان حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر، کۆبوونەوە و دیالۆگ بەردەوامن. هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم کۆبوونەوانە بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی و ڕۆژئاوای کوردستان پێگەیەکی فەرمی هەبێت. کەنەکە زۆر به‌ هەستیارییه‌وه‌ له‌ دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژاڤا ده‌ڕوانێت و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکات و بە هەموو شێوەیەک هەڵوێستی خۆی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەردا دەگرێت. بابه‌ته‌كه‌ ته‌نیا به‌ كورده‌وه‌ په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ڵكو ، پێویستە سوریایەکی دیموکراسی بنیات بنرێت و لە چوارچێوەی ئەم سوریا دیموکراسیەدا مافی ئاشووری-سوریانی-کلدانی، عه‌له‌وی، دروز، ئێزیدی و هەموو پێكهاته‌كانی دیکە ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

_ له‌ باشووری كوردستان ماوەی نۆ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان بەڕێوە چووه‌. بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوە، حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە و سەرۆکی هەرێم هەڵنەبژێردراوە. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. دۆخی ئابووریی خەڵک بە گشتی باش نییە، فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێنادرێت و کێشەکان له‌ گه‌ڵ حکوومەتی ناوەندیش چارەسەر نەکراون. کێشەی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ وەک پێشتر بەردەوامە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بۆ سەر ناوچەکە ئەنجام دراوە. دوای چوار مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، بەڵام کورد لە نێوان خۆیاندا یەکگرتوو نین. بۆ هەموو ئەو بابەتانە و زۆر بابەتی تر، پێویستە بە زووترین کات یەکڕیزی ناو ماڵی کورد پتەوتر بکرێت و بە یەک دەنگ و یەک دەست چارەسەری کێشەکان بکرێت. هەر لەو پێوەندییەدا کەنەکە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

_ لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویداوە. شەڕەکە لە فەلەستین دەستی پێکرد، لە لوبنان، سوریا، یەمەن، عێراق و ئێراندا بڵاوبووەوە. ڕژێمی بەعسی سوریا شکستی هێنا. شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی بەردەوامە. هەرچەندە لەگەڵ ئێران ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و کێشەکان چارەسەر نەکراون. لە دۆخی ئێستای  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كه‌ پێگه‌كانی سایکس پیکۆ و لۆزان له‌ داڕمان دان، و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە گۆڕاندایە. پێگەی کۆن بۆ ئێمەی کورد ئینکاری و ئاسمیلەکردن و جینۆساید بوو. پێویستە ئێمەی کورد ئامادەبین بۆ ئەم دۆخە نوێیە پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا یەکڕیزی لەناو وڵاتی خۆماندا دروست بكه‌ین.

_ له‌ ئێستادا پێشوازی لە ١٠٢ ساڵەی پەیمانی لۆزان دەکەین. کەنەکە لە یادی ١٠٢ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا دەیەوێت گفتوگۆیەکی نوێ بخاتە رۆژه‌ڤی هەموو کوردەکانەوە. دەشڵێت: “دۆخی ئێستای سایکس پیکۆ و لۆزان ڕووخاوە و بەرەو داڕمان دەڕوات، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە، ئێمە هەموو کورد و کورد دەبێت بە زووترین کات کۆببینەوە و بەپێی ئەم دۆخە هەڵوێستمان هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​داوا لە هەموو حزب و ڕێکخراو و هێزەکانی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین لە کۆنفرانسێکی نیشتمانیدا کۆببنەوە و ستراتیژی هاوبەش دابڕێژن”. کەنەکە لە یادی ١٠٢ ساڵەی پەیمانی لۆزان ئەم بانگەوازە لە شاری لۆزان دووبارە دەکاتەوە. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین لە یادی ١٠٢ ساڵەی پەیمانی لۆزان کۆببینەوە و پێکەوە یەکبگرین و دەنگمان بەرز بکەینەوە.

_ هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گەلی ئاشووری-سوریا-کلدان تاوتوێ کرا. چارەنووسی گەلی کورد و گەلی ئاشووری-سوریا-کلدان تێکەڵاو بووە. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو مافەکانی گەلی ئاشووری-سوریا-کلدانی خۆمان دەردەبڕین. ئەوان مرۆڤە دێرینەکانی ئەم ناوچەیەن. پێویستە لەسەر ئەم خاکە مافە نەتەوەیی و کولتووری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانیان پارێزراو بن وده‌ستبه‌جێ ئاوارەكان بگەرێنەوە سەر خاکی خۆیان. بەتایبەتی له‌ سوریا كه‌ لەم کاتەدا سوریایەکی نوێ دروست دەکرێت، دەبێت مافی گەلی ئاشووری-سوریا-کلدان لە دەستووردا زامن بکرێت.

_ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەروەها بارودۆخی باوەڕدارانی ئێزیدی و بارودۆخی شنگال تاوتوێ کرا. شنگال بەشێکە لە خاکی کوردستان. شنگال لە زۆر لایەنەوە هێرشی لەسەرە، پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران بۆ سەر شنگال بوەستن و شنگالیش بپارێزرێت. پێویستە ناسنامەی ئێزیدی لە شنگال پارێزراو بێت و دیمۆگرافیای شنگال لەناو نەچێت و خەڵکی شنگالیش خۆیان بەڕێوەبەرن. ئێزیدییایه‌تی باوه‌ڕێكی دێرینی کوردستانە. پێویستە لە سەرتاسەری کوردستاندا ئەم باوەڕە پارێزراو بێت و مافه‌كانیان به‌ یاسا و دەستوردا زامن بکرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی کەمپی پەنابەرانی مه‌خمور تاوتوێ کرا كه‌ ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن ئیدارەی هه‌ولێرەوە گەمارۆ بۆ سەر کەمپەکە دانراوە. ماوەیەکە هێزەکانی عێراقیش گەمارۆی کەمپەکەیان داوە و دانیشتوانی کەمپەکە لە بارودۆخێکی ناخۆشدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەم دۆخە جێگەی قبوڵکردن نییە. لەمبارەیەوە داوا لە ئیدارەی هه‌ولێر و حکومەتی عێراق دەکەین گەمارۆی سەر کەمپەکە هەڵبگرن و دۆخی کەمپەکە ئاسایی بکەنەوە. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و پەنابەران بپارێزێت.

دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی، دۆخی ئۆرگانه‌كانی کەنەکە و دامەزراندنی کۆمیسیۆن و كۆمیته‌كانی تاوتوی كران و بڕیاردرا کە سەرجەم کۆمسیۆن و كۆمیته‌كان لە ماوەی مانگێکدا دامەزراندنی خۆیان تەواو بکەن و کۆبوونەوەکانیان ئەنجام بدەن و پلانەکانیان ئاماده‌بكه‌ن وپێشكه‌شی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بكه‌ن. پاشان زانیاری لەسەر ئەو کارانە درا کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامدراون و کارەکان بە گشتی هەڵسەنگێندرا. بە تایبەتی کۆنفرانسی سەدەمین ساڵی ڕاپەڕینی ١٩٢٥ تاوتوێ کرا و کۆنفرانسەکە وەک کارێکی سەرکەوتوو هەڵسەنگێندرا. دوای ئەم گفتوگۆیانە پێشنیارەکان لەسەر پلاندانان بۆ داهاتوو خرایەڕوو و پلانێک بۆ داهاتوو دانرا.

درووستکردنی کۆمسیۆن و کۆمیتەکان و بەرپرسەکانیان بەم شێوەیەیە:

*جێگری هاوسەرۆکان و به‌رپرسی کۆمسیۆن و كۆمیه‌ته‌كان

جێگری هاوسەرۆکان: نورێ ئەلکیش و فاروق جەمیل

*کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە

بەرپرس: نیلوفەر کۆچ و ڕۆژین موکریان

*کۆمیسیۆنی ژنان

بەرپرس: شیلان ئیمینئۆغڵو

*کۆمیسیۆنی زمان وكولتور و پەروەردە

بەرپرس: عوسمان ئەرگین و د.شێرکۆ محمەد ئه‌مین

*کۆمیسیۆنی ژینگە

بەرپرس: شەهلا حەفید

*كۆمسیونی مافی مرۆڤ

بەرپرس: سەعید سنه‌نده‌جی و یه‌عکۆب میرزا و پعروین عەزیز

*كۆمیته‌ی دارایی

بەرپرس: زوبەیر ئایدار

*كۆمیه‌ته‌ی ڕاگه‌یاندن

بەرپرس: ڕەفیق غه‌فور