هودا شەعراوی: پێشەنگێک کە ڕێگەی بۆ ژنانی میسری کردەوە

هودا شەعراوی بە هەنگاوە بوێرەکانی لە تێکۆشانی ئازادی ژنانی میسر بوو بە پێشەنگ و بە لابردنی ڕووبەندەکەی لەسەر ڕوخساری، ژنانی هاندا دەنگیان بەرز بکەنەوە.

هودا شەعراوی

هودا ئەشەعراوی لە ساڵی ١٨٧٩ لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایک بووە، لە جیهانی عەرەبیدا یەکێکە لە داکۆکیکارە پێشەنگەکانی مافی ژنانە و پێشەنگی بزووتنەوەی فێمینیستە. هودا شەعراوی هەم خاوەنی زانست و هەم کەسایەتییەکی بەهێز بووە، بە درێژایی ژیانی بۆ پارێزوانی مافەکانی ژنان و زاڵبوون بەسەر نایەکسانی ڕەگەزیدا، هەنگاوی گرنگی ناوە.

هودا شەعراوی لە میسر لە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیر و دیار لە دایک بووە. باوکی پەروەردەکارێکی بەناوبانگی جیهانی عەرەبی بووە و بەم بۆنەوە ​​گرنگییەکی زۆری بە خوێندنی کچەکەی داوە. هودا لە منداڵیدا حەزی لە خوێندن بوو، هەرچەندە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان خوێندنی ژنانیان سنووردار دەکرد، بەڵام لە تەمەنێکی بچووکدا ئەدەبی فەرەنسی و عەرەبی خوێندووە و لەگەڵ شەپۆلی ڕۆشنبیری جیهان ئاشنا بووە.

تێکۆشانە کۆمەڵایەتیەکانی

هودا شەعراوی بۆ ئەوەی ژنان پێگەیەکی زیاتریان لە کۆمەڵگادا هەبێت و بتوانن پەروەردە ببینن و مافەکانیان بپارێزن تێکۆشانی دەستپێکرد و بەم تێکۆشانە ناسراو و بەناوبانگ بوو. لەو سەردەمەدا مافی ژنان لە میسردا دانی پێدا نەدەنرا. ڕێژەی خوێندەواری ژنان زۆرکەم بوو و مافی قسەکردن و بەشداریی بە ژنان نەدەدرا. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە، لە ساڵی ١٩٠٨ هودا یەکێتی ژنانی میسری دامەزراند و پڕۆژەی بۆ بەشداری زیاتری ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا پەرەپێدا.

تێکۆشانی ژنان بۆ سەربەخۆیی

هودا شەعراوی لە دژی پێشل کردنی مافی ژنانی میسر سەرهەڵدانی کرد. لەو سەردەمەدا کۆمەڵگا بە ڕێبازی ئیسلامیی کۆن تەنرابوو. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆتایی هاتبوو و دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانیا جێگەی گرتەوە. ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هیچ شوێنێکی نەبوو. هودا شەعراوی بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دەستی بە تێکۆشان کرد. داوای لە ژنان کرد نەک تەنها لە ماڵەوە، بەڵکو لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا بە شێوەیەکی چالاک بەشداری بکەن. لەسەر ئەو بنەمایە هەڵمەتەکانی بە ئامانجی پەروەردەکردنی ژنان دەستپێکرد و بۆ بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا تێکۆشانی دەستپێکرد.

ڕاپەڕین و بەرخۆدانی میسر لە ساڵی ١٩١٩

هودا شەعراوی لە سەردەمی ڕاپەڕینی میسر لە ساڵی ١٩١٩دا چالاکانە بەشداری تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ژنانی بوو، ئەم ڕاپەڕینە هەنگاوێکی گرنگ بوو لە تێکۆشانی سەربەخۆیی نەتەوەیی دژی داگیرکارییەکانی بەریتانیا. هودا لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ڕێکخستنی ژنان و بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکاندا کاری دەکرد. یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە تێکۆشانی سەربەخۆیی میسر.

هەنگاوی لابردنی ڕووبەندەکەی لەسەر ڕوخساری

سەرنجڕاکێشترین هەنگاوی کردەیی هودا شەعراوی لە ساڵی ١٩٢٣دا لابردنی ڕووبەندەکەی بوو لەسەر ڕوخساری. لەو سەردەمەدا لە میسر، بە شێوەیەکی نەریتی ژنان دەبۆ ڕۆخساریان داپۆشن. هودا لە وێستگەی شەمەندەفەردا کە هێمای تێکۆشانی مافەکانی ژنان بوو لە میسر، بە لابردنی ڕووبەندەکەی سەر ڕوخساری، ئازایەتییەکی گەورەی نیشان دا و بەم هەڵوێستەی بوێری بە ژنانی دیکە بەخشی. ئەم کارە وەک هەنگاوێکی گەورە بۆ ئازادی ژنانی میسردا لە مێژوودا تۆمارکرا.

هودا شەعراوی بە درێژایی ژیانی، چ لە میسر و چ لە جیهانی عەرەبیدا، هێمایەکی گرنگی تێکۆشانی مافەکانی ژنان بوو. هودا لە ساڵی ١٩٤٧ کۆچی دوایی کرد بەڵام بەو میراتەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێکهێنانی بزووتنەوەی مافی ژنان لە وڵاتی میسر و جیهانی عەرەبیدا هەبوو. تێکۆشانەکەی ڕێگەی بۆ ژنان هەموارکرد نەک هەر لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو لە بوارەکانی وەک سیاسەت و ئابووریشدا بتوانن بەشداری بکەن و ڕەوڵیان هەبێت.

تێکۆشانەکانی هودا شەعراوی بۆ ماف و ئازادییەکانی ژنان نەک تەنها لە سەردەمی خۆیدا، بەڵکو لە ئەمڕۆشدا بەردەوامە و ئیلهامبەخشی تێکۆشانی ژنانە. ژیان و تێکۆشانی ئەو بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە بزووتنەوەکانی ژنان نەک هەر لە جیهانی عەرەبیدا، بەڵکو لە سەرانسەری جیهانیشدا.

سەرچاوەی وێنەکە: ویک‌میدیا کۆمۆنس