دۆسیە

تێکۆشانی ئازادی ژن و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە پرۆسەکانی دانوستان و ئاشتی

بە بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، گرنگی هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان و ئەزموونەکانی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و چارەسەری لە وڵاتانی جیاواز وەک پێویستییەک دەردەکەوێت.

بە بانگی مێژوویی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، گرنگی هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان و ئەزموونەکانی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و چارەسەری لە وڵاتانی جیاواز وەک پێویستییەک دەردەکەوێت. پرۆسەکانی ئاشتی کە لە بەردەوامی تێکۆشانە چەکدارییەکانی بزووتنەوە ڕزگارییەکان دەست پێ کردووە، لە هەر وڵاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی تایبەتی مێژوویی، کولتووری و سیاسیین. جیاوازییەکان، هەم لە ڕووی هەلومەرج و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە سیاسەتەکانی هێزە هەرێمی و باڵادەستەکان، هەمیش لە ڕووی هزریی، ئاستی ڕێکخستن و سیاسەتەکانی بزووتنەوە ڕزگارییەکانەوە دەردەکەون. ڕێبازێک نییە کە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر بەکاربهێنرێت. بەڵام شیکردنەوەی دەستکەوت و کەموکورتییەکانی ئەزموونی ژنان و بزووتنەوەکانی شوێنە جیاوازەکانی جیهان، زانیاری گرنگ بۆ دیاریکردنی سیاسەتی بزووتنەوەی ئازادی ژن، لەم قۆناغە مێژووییەدا دەخەڕوو.

لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ژنانی لە وڵات و بزووتنەوە جیاوازەکاندا وەک چالاکوانی ئاشتی پەرەیان بە هەوڵەکانیان دا بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی پیاو-دەوڵەت و سیستەمی نەژادپەرستی و ڕەتاندن. کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالیست لە بێرن و کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی لە دەنهاگ بە بەشداریی ١١٣٦ ژن لە ١٢ وڵاتەوە لە ساڵی ١٩١٥دا نموونەی ئەم کارانە بوون. بە پێشەنگایەتی کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست یەکگرتنی ئینتەرناسیۆنالیستی ژن و کرێکاران لە دژی نەتەوەپەرستی، ملیتاریزم، سەرمایەداری و جەنگی ئیمپریالیستی لە نوێوە زیندوو کرایەوە. ئەم هەڵوێستە بووە بنەمای شۆڕشی سۆڤیەت و ڕاپەڕینەکانی سەربازان و کرێکاران کە جەنگی جیهانی یەکەمیان وەستاند. ” جەنگ بە دەستی پیاوان بەرپا کرا ، دەبێت بە دەستی ژنان ڕاوەستێنرێت” هەم دەربڕی هۆشیاری کۆنگرەی دەنهاگە و هەمیش سەردێڕی مانیفێستۆ بوو کە لە لایەن نوێنەری ئەرمەنی کۆنگرەی دەنهاگ، لوسی تۆمایان نووسرابوو.

بڕیار و کارەکانی نوێنەرانی کۆنگرەی دەنهاگ دەربارەی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی جەنگ، پێناسەکردنی پەلامارەکانی دەستدرێژی بە کۆمەڵ وەک ئامراز و تاوانی جەنگ، قەدەغەکردنی بازرگانی چەک، دروستکردنی سیستەمێکی ئابووری جیهانی نوێ و دامەزراندنی یەکێتی ژنانی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و ئازادی (WILPF) پێشەنگایەتی دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوەکان (ڕێکخستنی بەرایی نەتەوەیەکگرتووەکان) و یاسای نێودەوڵەتیی کرد.

پرۆسەکانی دانوستان و پەیمانەکانی ئاشتی

وێرای ئەوەی ژنان هەم لە بوارە نێودەوڵەتییەکاندا و هەمیش لە خەبات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە پێشەنگایەتی پرۆسەکانی چارەسەر و ئاشتییان کردووە، ژنان و داخوازیەکانیان زۆرجار لە میکانیزمەکانی دانوستان و ڕێککەوتنەکانی ئاشتی فەرامۆش کراون. لە ساڵانی ١٩٩٠دا بە کاریگەری جەنگ و کۆمەڵکوژییەکانی یوگۆسلاڤیا و ڕواندا، ژنانی فێمینیست و ئاشتیخواز بۆ داننان بە پەلامار و توندوتیژییە زایەندییەکان بە تاوانی جەنگ، هەڵمەتێکی نێونەوەییان ڕێکخست. لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیارنامەی ١٣٢٥یان بۆ ڕێگرتن و داننان بە توندوتیژی زایەندی لە کاتی جەنگدا وەک تاوانی جەنگ و بەشداری ژنانیان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا پەسەند کرد. بەڵام زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان نیشان دەدەن لە پەیمانەکانی ئاشتی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢- ٢٠١٩دا واژۆ کراون، تەنها لە ٦٪ ژنان چالاکانە بەشداریان پێکراوە. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو پرۆسانەی گفتوگۆ و ئاشتی کە دید و ئیرادەی ژنان لەخۆناگرن، شکست دەهێنن و ناتوانن ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی ڕیشەیی و درێژخایەن بونیاد بنێن. ئەگەری جێبەجێکردنی پەیمانەکانی ئاشتی لەو پرۆسانەی ژنان بەشدارییان تێدا کردووە ٣٥٪ زیاتر دەبێت. بەڵام گرنگیش ئەوەیە بەشداریی ژنان سیمبۆلیک یان نوخبەیی نەبێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە، ژنانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بتوانن بەشداری پرۆسەکانی گفتوگۆ ببن و بە ڕێگەی نوێنەرانی بزووتنەوەی ژنانەوە، دید و داخوازیەکانیان لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی، چالاک و کاریگەرانە بەشدار بن و بەدی بهێنن.

تێگەیشتنی زاڵ لە پرۆسەکانی ئاشتی وەک سیاسەتی نوخبە لەسەر پێنج قۆناخ بونیاد نراوە:

١-  دانوستانەکان لە نێوان نوێنەرانی لایەنە ناکۆکەکاندا. زۆرجار بە بەشداریی چاودێری یان نێوەندگیری لایەنی سێیەمە.

٢-  ڕێککەوتن و واژۆکردنی پەیمانەکانی ئاشتی.

٣-  وەستاندنی ململانێیە سەربازییەکان.

٤-  گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی’ ( بێچەککردن و بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی نادەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنی چاکسازی لە لایەن دەوڵەتەوە).

٥-  سەرلەنوێ گونجاندنی جەنگاوەرانی پێشوو لە سیستەمی دەوڵەت، کۆمەڵگە و خێزاندا.

زۆرێک لە پرۆسەکانی ئاشتی کە بەم تێگەیشتنە بەڕێوەبراون، شکستیان هێناوە. ڕێکەوتنی ئۆسلۆی ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریی فەلەستین (PLO) یان ڕێکەوتنەکانی ئاروشای ساڵی ١٩٩٣ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆیی لە ڕواندا، لەو نموونانە. هەر چۆن دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاشتیانەی فەلەستین و ڕواندا مەزنترین کوشتارەکان لەم وڵاتانە ڕوویان دا، لە بەرەی تامیلیەکانەوە، ئیلام-یش ٣ ساڵ دوای تێکشکانی پرۆسەی ئۆسلۆی ساڵی ٢٠٠٦، دەوڵەتی سریلانکاش مەزنترین کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی سڤیل و کادرەکانی LTTE ئەنجام دا. لەم نموونانەدا دەردەکەوێت هەم لە دۆخی تێکشکانی دانووستانەکانی ئاشتیدا و هەم دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکانی ئاشتی، مەترسییە گەورەکانی کۆمەڵکوژی بەردەوام دەبن.

هەروەها پرۆسەکە تا واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاشتی لە نێوان جەنگاوەرەکانی فارک و دەوڵەتی کۆڵۆمبیا لە ساڵی ٢٠١٦دا لە چوارچێوەی پێنج قۆناغدا بەڕێوەبرا. بەڵام ئەنجامدانی چاکسازی زەوی لەلایەن هێزەکانی سەرمایە و خاوەن زەوییە گەورەکانەوە ڕێگری لێکراوە و سەدان چەکداری پێشوو لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون. لە زۆرێک لەو وڵاتانەی جەنگیان تێدا بەرپا بووە، ڕێکەوتنەکان ئاشتی بە شێوەیەکی فەرمی وەستاوە، بەڵام توندوتیژی دەگۆڕێت بۆ شێوەکانی تر. نموونە، ژنان لە وڵاتانی ئەبیا یالا( ئەمەریکای لاتین)، ئەفریقا و ئاسیا ڕادەگەیەنن کە دوای کۆتایی هاتنی تێکۆشانە چەکدارییەکان توندوتیژی ڕەگەزی و کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە. جەنگاوەرانی پێشووی ژن، ڕووبەڕووی فشارەکانی دەوڵەت، هاوسەر و خێزان دەبنەوە.

لەو پرۆسانەی وەک ‘گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی’ یان ‘گونجاندنی نوێ’ پێناسە دەکرێن، سیستەمی پیاو-دەوڵەت زۆرترین هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و ژن و شۆڕشگێڕان تێکەڵ بە قەوارەپارێزی باوکسالارانە بکاتەوە. لە ڕێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئایین، پەروەردە و میدیاوە گوڕ بە نەریتی ڕەگەزگەراییانەی کۆمەڵایەتی(سێکسیزم) و کولتووری دەستدرێژی دەدرێت.

دوای ڕێکەوتنەکانی ئاشتی شکۆی جەنگاوەرانی ژن، وەک لە نموونەی ژنانی فارکدا زۆرجار بە پێناسەکانی وەک ‘لەشفرۆش’ یان ‘خانمانی فەرماندار’ نزم دەکرێتەوە. هەروەها دوای قۆناغی شەڕ و کۆمەڵکوژیەکانی سیرالیۆن، نیپاڵ، بۆسنیا، سریلانکا و زۆرێک لە وڵاتانی تر، ژنان تەنها وەک قوربانیانی بێدەنگ، پێناسە دەکران. ڕەنج و خەباتیان بۆ دادوەری و ئاشتی نادیدە کران.

ژنانی ساندینیستا لە سەردەمی شۆڕشی نیکاراگوا فەرماندەیی یەکینەکانی شەڕڤانانیان دەکرد، ڕادەگەیەنن کە ئەوان دوای سەرکەوتنی سەربازی شۆڕشەکە لە ساڵی ١٩٧٩دا نەک تەنها لە میکانیزمەکانی بڕیارداندا فەرامۆش کران، دەسەڵاتدارانی نوێی پیاو وەک دانیێل ئۆرتیگا، هەوڵیان دەدا ژن بە ڕۆڵی هاوسەر و دایکایەتیەوە سنووردار بکەن و بۆ ویستە تاکەکەسییەکانی خۆیان بەکاریان بهێنن. لە بری سیستەمێکی دیموکراتیک کە مافی کرێکاران و گەلانی خۆجێی بپارێزێت، جارێکی تر سیستەمێکی ئۆتۆکراتی هێنرایەوە. بۆیە خەباتی ئەم ژنانە لە دژی دەسەڵاتداری لە ڕێی ڕێکخراوی جیاوازەوە، هەتا ئێستا بەردەوامە.

ڕێبەر ئۆجالان لە بەرگرینامەی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا ئاشتی وەک ‘ ڕێکەوتنی نێوان دیموکراسی و دەوڵەت’ پێناسە دەکات. لەسەر ئەو بنەمایەی کە ‘ لە ئاشتیدا لایەن هەنباڵادەستی سەد لە سەدی یەک لایەنە بوونی نییە و ناشبێ’، ئەو ٣ مەرج بۆ ئەنجامدانی ئاشتی ڕاڤە دەکات:

مەرجی یەکەمی ئاشتی ئەوەیە کە هەرکەس بتوانێت بە ئارامی بژی. ئەمەش تەنها بە خۆپاراستنی کۆمەڵگە و کارەکتەری کۆمەڵایەتی ئەخلاقی و سیاسی شیاو دەبێتدووەم، ناکرێت یەک لایەن زاڵ بێت. ‘ کام لایەن (حەق-ناحەق) بێت، ئەگەر هەردوو لایەن بێ ئەوەی دەسەڵاتدار بن (بەچەکدەبێ ڕاگرتنی جەنگ قبووڵ بکەن، ئەوجا ئاشتی دەتوانێت بخرێتە بەرنامەی کارەوە.’ سێیەم، هەموو لایەک لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ڕێز لە خەبات و دامەزراوە دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە بگرن.

بزوتنەوەکانی ژنان و چالاکوانانی ئاشتیش لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجیان ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ئاشتی نەک تەنها واتای وەستاندنی پێکدادانە سەربازییەکانە، بەڵکو ئاشتی وەک پرۆسەیەکی پڕ لە جوڵە پێناسە دەکرێت کە هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی دیموکراسی، دادوەری کۆمەڵایەتی، مافە یەکسانەکانی ژنان و هەموو پێکهاتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت.

کۆمیسیۆنەکانی حەقیقەت و دادوەری

تا ئەو کاتەی پرۆسەی گەڕان بە دوای حەقیقەت و دادوەری کە ژنان و هەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگە بگرێتەوە، تا پێکدادان و جەنگ چارەسەر نەکرێن، پەرە بە ژیانێکی هاوبەشی دیموکرات و ئاشتیانە نەدرێت، ئەوە نادادی و نایەکسانی بەردەوام دەبن و دەبنە سەرچاوەی جەنگ و پێکدادانی نوێ.

یەکێک لە ڕێبازەکان گرنگ و وەرچەرخێنەرەکانی دامەزراندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەوڵەکانی حەقیقەت و دادوەریە. ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانەکانی جەنگ و تاوانبارەکانیان، لێبوردن و حسابپرسینەوە بۆ دامەزراندنی یادەوەریی کۆمەڵایەتی، زیندووکردنەوەی ویژدانی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، کاری بنەڕەتیین. لەم چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە جێگرەوە(بەدیل) مێژووییەکان و دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکانی حەقیقەت و دادوەری بۆ کۆمەڵگە سیاسی و ئەخلاقییەکان بوارەکانی چالاکیین.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ساڵی ٢٠١٥ لە سەرانسەری جیهاندا، لە هەرێمی پێکدادانەکاندا بە گشتی ٣٤ کۆمیسیۆنی حەقیقەت دامەزراون. بەڵام بە تایبەتی لە جەنگدا دۆخی ژنان و ئاستی سیستەماتیکی توندوتیژی ڕەگەزی هێشتا زۆر کەم ئاشکرا دەبێت. لە نیپاڵ، سریلانکا و زۆرێک لە وڵاتانی تریش هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆنی حەقیقەت و کۆمیسیۆنەکانی دیکەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دامەزراون لەلایەن حکوومەتەوە دیاری کراون. بەم شێوەیە ڕێگری لە دەرفەتەکانی گەیشتن بە حەقیقەت و بەشداری ژنان، کراوە. وێرای ئەوەی لە کۆڵۆمبیا لە ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانی ژناندا، ٥ ژن و ٥ پیاو لە کۆمیسیۆنی نەتەوەیی حەقیقەتدا بەشداریان کرد، بەڵام ژنان نەیانتوانی بگەنە ئەنجامی چاوەڕوانکراو و هیوابەخش. دۆزەکانی ژن بەپێی پێویست نەخوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکرا. تەنها دوای هەڵمەکانی پەروەردە، ژنان دەستیان بە گێڕانەوەی ئێش و ئازارەکانیان کرد و باسیان لە جۆرەکانی توندوتیژی کرد هەر ڕفاندن، ئەشکەنجە و توندوتیژی ڕەگەزی و دەستدرێژی. بەڵام چالاکوانانی ژن لە کۆڵۆمبیا ڕەخنە لەوە دەگرن کە ڕووداوە تاکەکەسیەکانی ئەو جۆرە توندوتیژییانەی ناو ڕێزەکانی فارکدا لەگەڵ تاوانەکانی توندوتیژییە سیستەماتیکەکانی دەوڵەت لە دەزگا و دەقە فەرمی و میدیاکاندا، وەک یەک بینراون.

کۆمیسیۆنی حەقیقەت و ڕێکەوتنی ئەفریقای باشوور لە ساڵی ١٩٩٥دا دامەزرا، ئەرکەکانی لێکۆڵینەوە، کاری حقوقی و لێبوردنی گرتەوە. ئەم شێوازە بۆ کۆمیسیۆنەکانی وڵاتانی تریش بووە نموونە. دوای ٤٦ ساڵ ئەپارتهاید و سەدان ساڵ داگیرکاریی دڕندە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حەقیقەت زۆر قۆناغێکی سەخت بوو. لەم پرۆسەیەدا پەرە بە چەمکەکانی ” ڕێکەوتن ” و “عەدالەتی وەرچەرخێنەر” (transformative justice)  دران. ژنیش بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بوون. بزوتنەوەی ژنانی ئەفریقای باشوور لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد و هەوڵی دا کەموکوڕییەکانی کۆمیسیۆنەکان چارەسەر بکات. ژنانی ڕەشپێست خاوەنی زانیاری قووڵی مێژوویی و سیاسی بوون. لە هەمان کاتدا ئەشکەنجە و تراومای قورسیان دەربڕی. ئامادەیی ژنان کەم بوو لە کۆمیسیۆنی حەقیقەتدا و زۆربەی لە پیاوان پێکهاتبوون. بۆیە چالاکوانانی ژن سەرنجیان ڕاکێشایە سەر ئەو بابەتە و دەسەڵاتی پیاوانیان لە کۆمیسیۆنەکاندا و فەرامۆشکردنی ژنانیان لەلایەن پیاوانەوە، قبووڵ نەکرد. لە ئەنجامی خەباتدا کۆمیسیۆنە خۆسەرییەکانی ژنان لەسەر دۆزەکانی ژنان و توندوتیژی ڕەگەزی دامەزران. بەم شێوەیە ئاستی بەشداری ژنان گەیشتە %٥٦. بەڵام زۆربەی ژنان لە دەرەوەی پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بوون. چونکە تەنها قوربانیانی نەژادپەرستی و ئەشکەنجەکانی سیستەمی ئەپارتهاید قەرەبوو دەکرانەوە. قوربانیانی توندوتیژی زایەندی و ڕەتاندن قەرەبوو نەدەکرانەوە. ئەمڕۆش خەباتی ژنانی ئەفریقای باشوور بۆ دادوەری و لە دژی کولتووری دەستدرێژی و کوشتنی ژنان، بەردەوامە.

لە ئەزموونەکانی ٣٤ وڵاتدا دەردەکەوێت کە لە زۆرینەی وڵاتاندا ژنان وەک بکەرێکی چالاک بەشداری کۆمیسیۆنەکان نەبوون یان تەنها بە ڕێگەی خەباتی بزوتنەوەکانی ژنانەوە توانیویانە بەشدار بن. کاتێک ژنان لە کۆمیسیۆنە فەرمیەکاندا بەشداریان کردووە، هەڵوێستی کۆمیسیۆن بە ڕێبازەکانی ڕەهابلیتاسیۆن( جێی ئارامکردنەوە)، پشتگیری دەروونی و یاسایی سنووردار بوو. میکانیزمەکانی دادپەروەری بە پێی پێویست بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکان لەدژی ژنان، دانەڕژرا. ژنان لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی زایەندی کەموکوڕییان هەبوو. هەر بۆ ئەوەش بزوتنەوە و دامەزراوەکانی ژنان لە وڵاتانی وەک نیپال، کۆڵۆمبیا و فیلیپین پەرەیان بە خەباتەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دا. لە هەموو هەرێمەکانیان کۆبوونەوەیان بە ناوی ‘مێزەکانی ئاشتی ژنان’ ڕێکخست. بەم شێوەیە دەیان هەزار ژن توانیان ئەزموونەکانیان بەش بکەن و بۆچوونەکانیان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ئاشتی پێکەوە گفتوگۆ بکەن. بەڵگاندنی گفتوگۆی هەزاران ژن بە شێوەیەکی پارێزراو و متمانەپێکراو، دەبنە داتای گرنگ بۆ هەڵسەنگاندن و نووسینی حەقیقەتی مێژووی خەباتی ژنان. لە هەمان کاتدا ژنان دەتوانن بەم شێوازە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییان بەهێز بکەن و سیاسەتەکانیان دیاری بکەن. پابەندبوونی دایکان بۆ سۆراخی کەسە ونبووەکانیان فشار لەسەر بەرپرسان دەکات تا حەقیقەت ئاشکرا بکەن. دایکانی پلازا دە مایۆ لە ئەرژەنتین، دایکانی شەممە لە تورکیا و کوردستان یان دایکانی سۆواچا لە کۆڵۆمبیا ‘ئەوانەی حەقیقەتیان دەزانی’ بە چالاکیە درێژخایەنەکانیان، بوونە چالاکوانی گرنگی ویژدانی کۆمەڵایەتی و کاریگەری سیاسەتی دیموکراتیانە.

پێویستی بە تێکۆشانێکی بەردەوامی کۆمەڵایەتییە

تێکۆشانی ژنان بۆ گەیشتن بە ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی تێکۆشانێکی درێژخایەن و هەمیشەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. بۆ سەرکەوتنی ئەم تێکۆشانە، ڕێکخستنی سەربەخۆی ژنان و هەڵوێستێکی هاوبەشی ژنان پێویستە.

بە گشتی بۆ گەیشتن بە چارەسەر و ئاشتی لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت، لە بواری تێکۆشانی ژناندا، لە قەیرانی دیپلۆماسیدا سێ قۆناخ دەردەکەون:

١تێکۆشان بۆ گەیشتن بە پرۆسەی دانووستان و پەیڕەوکردنی نوێنەرایەتی دەستەجەمعی(کۆلێکتیڤیژنان لە پرۆسەکانی گفتوگۆ، هەموو کۆمیسیۆن و میکانیزمەکانی بڕیارداندا.

٢-  تێکۆشان بۆ چەسپاندنی داواکاری بزوتنەوەکانی ئازادی و ژنان لە پەیمانەکانی ئاشتی، بڕیار و یاساکاندا.

٣تێکۆشان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆک و پێوەرەکان لەو پەیمانانەی ئاشتی کە واژۆکراون، چەسپاندنی دامەزراوە و یاسا پەیوەندیدارەکان.

بێگومان لە هەموو قۆناخەکاندا ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، هێزی بیرکردنەوە، سیاسی و چالاکی بزوتنەوەکانی ژنان یەکلاکەرەوەیە. ژنان بە چالاکیەکانی دادپەروەری و ئاشتی کە زۆرجار لە ژنانی نەتەوە و ئایینە ژێردەست و سەردەستەکانەوە پێکهاتووە، لە ئامادەکاریی پرۆسەکانی ئاشتیدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیان بینیوەدەستپێشخەریە هاوبەشەکانی ژنانی کاتۆلیک و پرۆتستان لە ئیرلەندا باکوور، دامەزراندنی دەستپێشخەری و تۆڕەکانی ‘ژنانی ڕەشپۆش’ لە ساڵی ١٩٨٨دا لەدژی شەڕ و داگیرکاری ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٩١دا لەلایەن ژنانی هەموو پێکهاتەکانی یوگۆسلاڤیا لەدژی شەڕ و نەژادپەرستی، چالاکیەکانی دایکانی ڕووس لەدژی شەڕی چیچەنستان، دایکانی ئاشتی لە تورکیا و کوردستان چەند نموونەیەکن. بەشکردنی ئێش و ئازار و ئەو تێگەیشتنەی ژنان کە لە شەڕدا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە زیانیان پێدەگات، هەوڵێک بوون بۆ ئاشکراکردنی پڕۆپاگەندەکانی شەڕی نەژادپەرست، نەتەوەپەرەست و ئایینپەرەستانە. دەستپێکردنی پرۆسەکانی دیالۆگ و دانووستان، هیوا و وزەی دا بە بزوتنەوە و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان. بەم شێوەیە لەم پرۆسانەدا چالاکبوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری ژنان بەهێز بوو. ژنان دەیانویست دەنگ و ڕەنگی خۆیان بۆ ئاشتی و ئایندەیەکی ئازاد بەرز بکەنەوە.

ئەزموونەکان لە وڵاتانی جیاواز نیشانی دەدەن ئەگەرچی ژنان لە نیشاندانی ئیرادەیان لە قۆناخەکانی ١ و ٢دا چەند ڕووبەڕووی سەختیش بووبێتنەوە، بەڵام لە قۆناخی ٣سێیەمیندا زیاترین سەختیان بینی. لەبەر ئەوەی لەم پرۆسەیەدا هێزەکانی دەوڵەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیاسەتی نوێی شەڕی تایبەتیان بۆ لەناوبردن و لەبەریەکهەڵوەشانی کۆمەڵگەکان خستەگەڕ. بۆ نموونە، لە وڵاتانی ئابیا یالا، توندوتیژی مافیاکانی مادەی هۆشبەر، چەتەکانی لەشفرۆشی، بازرگانی ژن و منداڵان گەیشتە بەرزترین ئاست. خاک و سروشت کە پێشتر لە ژێر پاراستنی هێزەکانی گەریلا بوون، ئێستا لەلایەن کۆمپانیا نیودەوڵەتیەکانەوە وێران و تاڵان دەکرێن. کاتێک ناکۆکی لەنێوان هێزەکانی پیاو-دەوڵەت کەم دەبنەوە، زۆرجار فشار لەسەر ژنان زیاتر دەبێت. نموونە، لە پرۆسەکانی دانووستان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، هێرش و سێدارە لەدژی ژنان ڕووی لە زیادبوون کرد.

بەتایبەت لە واقیعی شەڕی سێیەمی جیهانییدا دەردەکەوێت کە یاسای نیودەوڵەتی، دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و شێوازە کۆنەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دادپەروەری شکستیان هێناوە. دەوڵەت و هێزە سەرمایەدارە باڵادەستەکان شەڕ و کۆکوژی لەدژی کۆمەڵگەکان بەڕێوە دەبەن. دیدار و پەیمانەکانی ئاشتیش وەک شێوازێکی شەڕ و بە مەبەستی تێکدانی بەرهەڵستکارەکان بەکاردەهێنرێن. سیاسەتی ” شۆک دۆکترین” لە کاردایە. دیکتاتۆرەکانی وەک ترامپ، پوتن و ناتانیاهو ڕۆژانە قسە و کردەوەکانیان بەپێی بەرژەوەندیەکانیان دەگۆڕن، پەیمانە نیودەوڵەتیەکان پێشێل دەکەن، شەڕ و کۆکوژی دژی کۆمەڵگە دەسەپێنن.

توێژەرانی ئاشتی کە سەرۆکی دامەزراوەی Inclusive Peace – ە لە ژنێڤ، تانیا پافنهۆلز[1]Thania Paffenholz سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەوەی کە پارادایمی هێڵکاری ئاشتی و سیستەمی ئاسایشی نیودەوڵەتی شکستی هێناوە. بۆ ئەوەش تەنها یەکخستنەوەی ژنان لە ناو سیستەمێکی تێکشکاودا سوودی نییە، پێویستە ژنان زیاتر ببنە هێزی پێشەنگ و بونیادنانەری سیستەم و هزری دیموکراسی کۆمەڵگە.

ڕێبەر ئۆجالان لە ڕوانگە و کارەکانی خۆیدا بۆ جێبەجێکردنی بانگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات. ئەزموونەکانی ژن و گەلانی جیهانیش دەریدەخەن کە هێزەکانی دەوڵەت هەرگیز نابنە دامەزرێنەر و گەرەنتی ئاشتی. سەرکەوتنی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن و کۆمەڵگە تەنها لە کۆمەڵگەی دیموکراتیدا بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنەوە شیاو دەبێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی دیموکراتی دەکرێت هەم وەک ڕێباز و دامەزرێنەر، هەم وەک ئامانج و گەرەنتی پرۆسەکانی ئاشتی پێناسە بکرێت.

ئەزموونی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان

ئەوە ٣٢ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو دەستپێشخەر و هەوڵەکانیدا بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و ئاشتی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاراستەیەکی ستراتیژی بە تێکۆشانی ئازادی ژن داوە. لە ساڵی ١٩٩٣دا بە ڕاگەیاندنی یەکەم ئاگربەست، سوپابوونی ژنی وەک بنەمای چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەلسەفی و ئاشتی پێشنیار و گەڵاڵە کرد. لە ساڵی ١٩٩٥دا هەم یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان- YAJK وەک بزووتنەوەییەکی ئازادی ژن لە بوارەکانی سەربازی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دامەزرا، هەم دووەم ئاگربەست ڕاگەیەنرا. ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٨دا ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژنی ڕاگەیاند و بنەمای پارتیبوونی ژنی دامەزراند و هەم سێیەم ئاگربەستی ڕاگەیاند. بە تایبەتی لە پرۆسەی ئیمراڵیدا، بە ڕوانگەکانی دەربارەی گۆڕینی ستراتیژی بزووتنەوەی ئازادی لەسەر بنەمای پاراداگمای کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن ئەرکەکانی پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادی ژنی لە هەموو بوارەکانی ژیان و تێکۆشاندا بە فراوانی هەڵسەنگاند.

ئەو ئەرکانەی ڕێبەر ئاپۆ لە دیداری ساڵی ٢٠٠٢دا لەگەڵ پارێزەرانی بە کورتی؛ نووسینی مێژووی ژن، بەرپاکردنی شۆڕشی ژن و گەڵاڵەکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی ژن پێناسەکرد، ئەرکە ڕۆشەنبیری، سیاسی و ئەخلاقییەکان دەگرێتەوەژنان بە پرۆژەکانی وەک دروستکردنی ماڵی ئازادی ژن، وەقفی جیهانیی ژنانی ئازاد، کۆپەراتیف، پارک و شارەکانی ژنان هەنگاویان بۆ بونیادنانی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی ژن نا. بەم شێوەیە ڕۆڵی پێشەنگی بە بزووتنەوەی ئازادی ژن دا لە بونیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لەسەر بنەمای پاراستنی ژن و پێشخستنی سیاسەتی دیموکراتی کۆمەڵگە، بونیادنانی ئابووری کۆمینال، پەروەردە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

بۆ گۆڕین و وەرچەرخانی دیموکراتی زهنیەتی پیاو، بۆ کۆتایی هێنان بە کولتووری دەستدرێژی و قڕکردنی ژن، کۆمەڵگە و سروشت ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام ڕۆژەڤی نوێی خوڵقاند. هەروەها دامەزراوەییکردنی ژنۆلۆژی و پەرەدان بە چەمکی هاوژیانی ئازاد، بوونە ڕێنیشاندەری بۆ قووڵکردنەوە و ئەنجامگیریی تێکۆشانی ئازادی ژن وەک بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتی کە دەبێتە ستراتیژی و ئامانجی تێکۆشانەکەمان. لەلایەکی تر ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی فۆرمیلی ‘دەوڵەت + دیموکراسی’دا بۆ گۆڕانکارییەکانی دیموکراتی لە زهنیەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، تێکۆشان و هەوڵی دا سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردن دژی گەلی کورد بشکێنێت. بۆ ئەوەی ڕێگای چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییانە بە سوودی هەموو لایەک بکاتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت پەرەی بە بانگەوازی و نەخشەڕێگای دیالۆگ دا. لە هەمان کاتدا بایەخی بە ڕۆژەڤکردنی پێوەرەکانی مافی و ئازادی ژنان، پێشخستنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە کارەکانی سیاسی و دیپلۆماسیدا دا.

ئەگەر ئەنجامەکانی کار و خەباتی ٣٢ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی هەڵبسەنگێنین، دەبینین کە بە هەنگاوەکانی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بوونی بزووتنەوەی ئازادی ژن، یەکگرتوویی و هەڵوێستی ڕێکخستنی ژنانی لە سیاسەتی یاسایی و دروستکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیدا، پێشخست.

بزووتنەوەی ئازادی ژنان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵانی ١٩٩٠ کاتێک شەڕ لە تورکیا لە سەختترین ئاستیدا بوو، پێشەنگایەتی ڕێکخستنی بزووتنەوەکانی ئاشتییان کرد. دەستپێشخەر و هەڵمەتەکانی وەک ؛ دەست بۆ هەڤاڵەکەم مەبە (١٩٩٣)، دایکانی شەممە (١٩٩٥)، دایکانی ئاشتی (١٩٩٦)، کۆمەڵەکانی ژنان بۆ ئاشتی (٢٠٠٤) و کاتی ئاشتی هاتووە (٢٠٠٥)، کە لەو قۆناغانەدا کاریگەر بوون و لە نموونەکانی ئەم تێکۆشانەن. بە تایبەتی دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی کە لەلایەن دایکانی کوردەوە دامەزرا و دایکانی شەممەش کە چالاکییەکانیان بۆ سۆراغی کەسانی ونبوو و دادپەروەری لە تورکیا درێژە پێدا، لە کەسایەتییە گرنگەکانی کۆمەڵگەن و بوونە بکەری سیاسەتی کۆمەڵایەتی قۆناغەکە. دەستپێشخەری ژنان بۆ ئاشتی لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای تورکیا چالاکی و هەوڵەکانی ژنان ڕێکدەخات و خەباتی ئاشتی ژنان وەک خەباتێکی ستراتیژی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژی و سیاسی پێناسە دەکات. ئەم ڕێکخستنە جۆراوجۆرانەی لە دەوروبەری خەباتی ئاشتی دامەزراون، چالاکییەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پێشخستنی یەکگرتنی گەلان بە ڕێگەکانی وەک خۆپیشاندانەکانی شەقام، کۆبونەوە، ڕێپێوان، کۆڕبەند و هەڵمەتەکانی واژۆکۆکردنەوە درێژە پێدەدەن.

لە چاوپێکەوتنەکانی ئاشتی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە ئیمراڵی دەستیانپێکرد، بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠١٥ نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی ژن لە شاندی هەدەپە بەشداری کردبە ئامانجی بەشکردنی کارنامەکانی ژنان و گەیاندنی داواکارییەکانی کۆمەڵگە بە ڕێگای نوێنەری بزووتنەوەی ژن بۆ سەر مێزی دانوستان، ئەنجومەنی ئازادی ژنان– (KÖM) دامەزرا.

دەبوو ئەنجومەنەکە وەک ئەنجومەنی هاوبەشی ژنانی کورد، چالاکوانانی ژن و ژنانی فێمینیستی ڕۆژئاوای تورکیا ڕوانگەی ئازادی ژنانیان بۆ پرۆسەی دانوستانە فەرمییەکانی ئاشتی، پێشبخستایە بەڵام لە هەمان ساڵدا یەکسەر دانوستانەکانی ئیمراڵی لەلایەن دەوڵەتەوە ڕاگیران و شەڕ جارێکی تر بە سەختی دەستی پێکردەوە. لەو پرۆسەیەدا، ستەم و زۆرداری دەوڵەت بووە گەورەترین تەگەرە لەبەردەم تێکۆشانی ژنان لە پێناوی ئاشتیدا. دەوڵەت بە قڵپکردنەوەی مێزی دانوستان و داننەنان بە ئیرادەی ژن گوڕی بە شەڕ، نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی دا. چەند مانگ پاش کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دانوستان، داواکردنی ئاشتی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک تاوانێکی گەورە دەبینرا.

ژنانی تورکیا و کوردستان لە ژێر چەتری ئەو بەرەیەدا بۆ بەرەوپێشخستنی بەشداری چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا، لێکۆڵینەوەیان لە ئەزموونەکانی ژنانی جیهان کرد و نموونەکانی سەر ڕۆڵی ژنانیان لە دانوستان و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتیەکاندا وەک سەرچاوە هەڵسەنگاند. بە درووشمی ” بەبێ مسۆگەرکردنی ئاشتی لەگەڵ ژنان، جەنگ کۆتایی نایەت” ئامادەکاری بۆ بەرەوپێشخستنی نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان درا لە پرۆسەکانی دانوستاندا، پلانیان داڕشت لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دیدار ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بیروڕا و پێشنیارەکانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەر و ڕاستەقینە وەرگرن و گفتوگۆی لەسەر بکەن. بە تایبەتی ئامادەکاری بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە کرا کە پێداویستی و داخوازیەکانی ژنانی پشتگوێ خستبوو.

بەو پێیە، لە ناو بزووتنەوەی ژنانی کوردستاندا پێنج کۆمیسیۆن دامەزراوە:

١کۆمیسیۆنی ژنان بۆ حەقیقەت، لە پێناوی ئاشکراکردنی تاوانە جۆراوجۆرەکانی جەنگ لە دژی ژنان.

٢-  کۆمیسیۆنی یەکسانی ڕەگەز و دەستووری بنەڕەتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییە یاساییەکان بە مەبەستی بەرەوپێشخستنی یەکسانی ڕەگەزیی و قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی جەنگ لە دژی ژنان.

٣کۆمیسیۆنی چاکسازی ئاسایش بۆ دیاریکردنی ڕێسا و ڕێوشوێنەکانی ئاسایشی مرۆڤ، بۆ ئەوەی ڕێ بە تاوانەکانی دژ بە ژنان بگیرێت.

٤کۆمیسیۆنی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕا و داخوازیەکانی ژنان بۆ ئاشتی.

٥کۆمیسیۆنی پەیوەندی و چاودێری بۆ بە دواداچوونی چالاکی پرۆسەی چارەسەری، هەڵسەنگاندنی پرۆسەکە لە ڕوانگەی ژنانەوە، بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو لایەنەکان بۆ دیاریکردنی چاوەڕوانی و بیروڕا هاوبەشەکانی ژنان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.

کاتێک پرۆسەی دیالۆگ گۆڕا بۆ دانوستان، بۆ ژنان پێویست بوو کە بە داخوازیە فراوانەکانی خۆیانەوە لەسەر مێزی دانوستاندا ئامادە بن و لەو چوارچێوەیەدا خۆیان ڕێکبخەن. بۆ ئەوەش، بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ژێر ناوی کۆنگرەی ئازادی ژنان (KJA)دا خۆی سەرلەنوێ ڕێکخستەوە. بۆ گەڵاڵەکردنی پێکهاتەی دامەزراوەیی پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتی، کۆمیسیۆنی ژێرین دامەزرێنرا بۆ ئەوەی پێداویستی و داخوازییەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا یەکلابکرێتەوە. لە بابەتە ئابوورییەکانەوە بگرە دیپلۆماسی، لە ژینگەوە تا یاسا، لە سیاسەتەوە تا خۆپاراستن، کۆمیسیۆن دامەزران و ئامادەکارییان ئەنجامدا. نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە سەرەتادا لە یەک ژن و دوو پیاو پێکهاتبوون. دەوڵەت ماوەیەکی زۆر ڕێگای نەدەدا کە نوێنەری بزووتنەوەی ئازادی ژن تێکەڵ بە نوێنەرایەتییەکە ببێت. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی دانوستاندا داکۆکی لە بوونی نوێنەرایەتی بزووتنەوەی ژنان کرد وەک پرەنسیپێک و لەو پێناوەشدا هەوڵێکی زۆری دا. لە پرۆسەی دانوستاندا ئیتر نوێنەرایەتییەکە لە دوو ژن و سێ پیاو پێکهاتن. بەشداری ئەندامێک لە هەماهەنگی بزووتنەوەی ئازادی ژنان، بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و داخوازیەکانی ژنان، هەنگاوێکی گرنگ بوو.

ژنان نەخشەڕێگای خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لەسەر بنەمای چوار پرەنسیپ ئامادە کرد:

پێناسەیەکی ڕاست: دەبێت کێشەی ژنان ڕاست پێناسە بکرێت. کێشەی ژنان نەک تەنها کێشەیەکی ڕەگەزییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کێشەیەکی سەرەکیە لە کێشە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ئەخلاقی و سیاسییەکان. هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەی ئازادی ژن لە هەمان کاتدا، شێواز و ڕێبازەکانی چارەسەرییش ئاشکرا دەکەن.

دەربڕینی یاسایی: لە دەستووری بنەڕەتی ئێستادا، کێشەکانی بوون، ناسنامە و مافەکانی ژنان و کێشەی ئازادی ژنان و شێوازەکانی چارەسەر، پێناسە نەکراون. لە ناو چەند بەش و یاسای جیاوازدا ناوی ژنان بە زۆری وەک زیانلێکەوتوو باسیان کراوەلە یاسای خێزان و یاساکانی مەدەنیدا، بە زۆری ڕاوەستە لەسەر ڕەواکردنی خێزان کراوەپێویستە ئەم بابەتانە لەسەر بنەمای ئازادی ژن پێناسە بکرێنەوە و چارەسەر بکرێن.

بەشداری یەکسان و ڕێکخستنکراو لە سیستەمی کۆنفیدراڵدا: پێویستی بە هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی تەواوی سیستەمی ژنان و بەم پێیەش پێگە و بەشداری ژنان لە ناو سیستەمی کۆنفیدراڵدا هەیە. گرنگە ژنان بەشداری یەکسان و ڕێکخستنکراوی خۆیان لە بەشدارییان لە سیاسەتی دیموکراتیکەوە تا خۆپاراستن، خۆڕێکخستن و لە بوارەکانی دیکەی ژیاندا، دیاری بکەن.

یەکسانی و ئازادی لە خێزانداسەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی ژن و پیاو، یاسا و بیروڕاکان لەسەر بابەتی هاوسەرگیری، بابەتەکانی جیابوونەوە، ئیرادە و مافی ژنان لە گەورەکردن و خستنەوەی منداڵان، پێناسەی کاری ماڵەوە و ڕۆڵی پێشەنگی ژنان، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، هەڵوێست لە ئاست پەروەردە و زۆر بابەتی دیکە، پێویستە بە بەشداری ئیرادە و بیروڕای ژنان سەرلەنوێوە دامەزرێنەوە.

لە قۆناغی ئێستادا نوێکردنەوەی ئەم پرەنسیپانە و لە نوێوە زیندووکردنەوەی کارەکانی ٥ کۆمیسیۆنەکە گرنگە. هەروەها خستەڕووی ئەزموون و گفتوگۆ هاوبەشەکانی ژنان دەربارەی پرۆسەکانی دانوستان و چارەسەری لە باکوور/تورکیا و لە ڕۆژاڤا/سووریا گرنگە.

لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ – ٢٠١٥، بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە ڕۆژئاڤای کوردستان لە بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا، لە شەڕی پاراستنی شۆڕش دژی هێرشەکانی بەرەی نوسرە و داعش، هەروەها لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا ڕۆڵێکی پێشەنگییان گێڕا. ژنان ڕێکخستن و سیستەمی خۆسەری خۆیان دامەزراند. بۆ نموونە، ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک میکانیزمێک بۆ بڕیاردان و ئیرادەی هاوبەشی ژنانی هەموو پێکهاتەکان، دامەزرا. ئەنجومەنی ژنانی سووریا بۆ ئاشتی و گۆڕانکاری دیموکراتییەکان لە سووریا لەگەڵ ژنانی هەموو پێکهاتەکان کاریان بۆ دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی بۆ سووریا کرد. کۆنفرانس و کارەکانی ژنان بۆ یەکگرتوویی ژنانی کورد و بۆ دروستکردنی تۆڕی پشتگیری ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێز و ڕەنگی ژنانی بە تێکۆشانەکانی ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی دا. ژنان بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان، لە هەموو دامەزراوە و میکانیزمەکانی بڕیاردان لە هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون. ژنان لە کارەکانی یاسادان و پەیمانی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی یەکسان و بە کاریگەردا، بەشداریان کردبە کار و پەروەردەی کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی زهنیەتی زاڵ و نەریتیانە،  ژنان دەسکەوتی گرنگیان بەدەستهێنا.

بەڵام لە بواری گەیشتن بە کۆمەڵگەی دیموکراتیانە کە بە بەشداری و ئیرادەی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە خۆی لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەقینە، ئابوری کۆمینال، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان بەڕێوە دەبات هێشتا کەمی هێناوە. سەرچاوەی ئەم کەموکوڕییانە بەر لە هەموو شتێک، نائامادەیی بوو لە گۆڕینی زهنیەت، کەسایەتی و ژیان بەپێی پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازی ژن. لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی داد و گەشەپێدان- AKP لەگەڵ پرۆسەکانی دیالۆگدا پەرەی بە هێرشەکانی لەناوبردنی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادی دا، درەنگکەوتن و تێگەیشتنی تەنگ و جێبەجێ نەکردنی دیدی ڕێبەر ئاپۆ لە لایەن هێزەکانی سیاسەتی دیموکراتیکەوە، بووە هۆی ئەوەی دەرفەتەکانی چارەسەری سیاسی و ئاشتی لە پرۆسەی ئیمرالی نەگەنە ئەنجام.

ئەرکەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک

ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لەگەڵ هەموو هەنگاوەکانی بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوی نوێی بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستن و تێکۆشانی ژنان لەسەر بنەمای قوڵبوونەوەی هۆشیاری ئازادی ژن خستەڕوو. هەمان دۆخ بۆ پرۆسەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆوە بۆ ‘ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی’ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکرد. ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن، فەلسەفەی ژن-ژیان-ئازادی، چەمک و تیۆرییەکانی زانستی ژن- ژنۆلۆژی هێڵی سێیەمی ژن پێکدەهێنن. ئەم هێڵە گوزارە لە هێڵی ژیان و ئازادی دەکات، لە لایەک دژی هێڵی پۆستمۆدێرن- لیبرالە کە ناسنامەی ژن بێ واتا دەکات و بوونی بایۆلۆجی ژنیش دەخاتە پرسیارەوە و لە لایەکی تر لە دژی هێڵی کۆنەپەرێز-فاشیستە کە بوون و ناسنامەی ژن وەک کۆیلەی پیاوان دەسەپێنێ.

لە دیداری ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە ڕێبەر ئاپۆ لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆی و بە تایبەتی لە پەیامەکەی بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی گرنگییەکی مەزنی بە شیکردنەوە مێژوویی، کولتووری و ئازادی ژنان دا و باوەڕی خۆی بە هێزی پێشەنگی بزووتنەوەی ژنان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەربڕی.

ئەزموونەکانی پرۆسەی ١٥ ساڵی ڕابردوو گرنگی بونیادنانی هاوسەنگی و هاوبەشێتی کاروبارە ئایدۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدەن. دەبێت میکانیزم و ڕێکخستنە خۆسەرییەکانی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەقینە، بە بەشداری ئیرادەی کۆمەڵگە وەگەڕخرێن. بە ڕێبازێکی بونیادنەرانە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، پێکهاتە و بوارە سیاسییە جیاوازەکان دەتوانن بەشدار بکرێن لەپرۆسەکەدا. پێویستە بەشداری ژن لە بواری سیاسەتدا، خۆی بگەیەنێتە هێزی ڕێکخستنکراوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکانی ژنان. بە دڵنیابوون لەوەی ” ئازادی ژن بنەمای هەموو ئازادیەکانە” دەبێت ئاگادار بێت لەو هەڵوێستانەی کە دەڵێن ” ئێستا کاتی بابەتی ژن نییە”. یەکێک لە ڕووە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە، پێشخستنی ڕێوشوێنی یاسایی، سیاسی و خۆپاراستنی ژنانە دژی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی و قڕکردن.

بۆ ئەوەی ژنان ئەرکە سیاسی، ئەخلاقی و ڕۆشەنبیرییەکانیان لەم پرۆسەیەدا بە باشی جێبەجێ بکەن، گرنگە ژنان ئەزموونەکانیان لە ژیان و تێکۆشاندا هەڵسەنگێنن و نەخشەڕێی ژنان دیار بکەن. لە لایەنی سیاسەتی کۆمەڵایەتیشەوە گرنگە کە هەم لە پرۆسەکانی گفتوگۆ و بڕیارداندا، ژنانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداری بکەن. لێکتێگەیشتن دەربارەی پرەنسیپ، ستراتیژی و سیاسەتی ژنان، دەبێت پشت بە ئیرادە و هەڵوێستی هاوبەشی ژنان ببەستێت. ئەگەر وانەبێت مەترسی ئەوە هەیە کە سیاسەتێکی نوێی دەستەبژێری دامەزراوە، بێتە ئاراوە. خەباتی وەک کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی ژنان بۆ دیارکردنی ئیرادەی دەستەجەمعی و بڕیارە هاوبەشەکانی ژنان، واتایەکی گرنگییان هەیە. کاتێک هەموو بەشداران خۆیان بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەم کۆنفرانسانە لە بوارەکانی خۆیاندا بە بەرپرسیار بزانن، ژنان دەتوانن سیاسەتێکی کاریگەر بۆ گۆڕان و وەرچەرخانی دیموکراتیانە بەرێوە ببەن. هەروەها بەشکردنی ئەنجامی گفتوگۆ، پێشکەوتن و تەنانەت کۆسپەکانی بەردەم قۆناغەکە، لەگەڵ بزووتنەوە و چالاکوانی ژن لە وڵاتانی جیاوازدا، دەکرێت جموجوڵیکی گرنگی هاوپشتی ئینتەرناسیۆنالیست دروست بکات.

لە بواری ئەرکە ڕۆشەنبیرییەکانی ئەم قۆناغەدا، یەکێک لە کارە سەرەکیەکان پەروەردەیە بۆ پێشخستنی زهنیەتی دیموکراتیانە. کۆمەڵگەی دیموکراتی و ژیانی ئازاد تەنها بە تێپەڕاندنی تێگەیشتنی دەسەڵاتداری و خۆگەیاندنە ئیرادەیەکی ئازادی تاکەکەس و کۆمەڵگە، دەکرێت پێک بێت. گرنگە ڕێباز و بابەتەکانی لێکۆڵینەوە بە ئامانجی چارەسەری کێشەکانی ژن و کۆمەڵگەوە دیار بکرێن و پەروەردەی کۆمەڵگە فراوانتر و ڕێکخراوتر ئەنجام بدرێن. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ بۆ ڕۆشنکردنەوەی وەڵامەکانی ئەم پرسیارانە واتایەکی ستراتیژی مێژوویی و هاوچەرخیان هەیە:

واتای کولتووری دایکە-خوداوەند لە کەسایەتی ژن و نەریتە کۆمەڵایەتیەکاندا چییە؟ تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی مێژووی دەوروبەری ژن-دایک چین و واتای ئەم تایبەتمەندیانە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتی هاوچەرخ چییە؟ سیستەمی دەسەڵاتداریتی پیاو، شەڕ و دەوڵەت چۆن و کەی سەریهەڵدا ؟ لە ئەنجامی کولتووری باوکسالار وەک کولتووری کۆشک، کولتووری ساتی و کولتووری دەستدرێژیی چ زیانی گەیاندووە بە ژن و کۆمەڵگە؟ کولتووری ژنی ئازاد چییە و چۆن پەرە دەسەنێت؟  ژن و پیاو چۆن دەتوانن ببنە هی خۆیان؟ ژیانی سۆسیالیستی کۆمینال، پەیوەندیەکانی خێزانی دیموکراتیک و هاوژیانی ئازاد چۆن پێک دێن؟

بەدواداچوونی وەڵامە ڕاستەقینەکانی ئەم پرسیارانە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز دەبێت. لەبەر ئەوەی بونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیانە تەنها بە گۆڕینی ئەو پارادایمەی بەسەر سیاسەت، زانست و ژیانەوە زاڵە، ئەنجام دەدرێت. ژیانێکی ئازاد تەنها بە شیکردنەوە و وەلاوەنانی هۆکارەکانی شەڕ و ناکۆکیەکان، ئابڕوومەندانە و ئارام دەتوانێت پێشبکەوێت. ئەگەر وەها نەبێت جارێکی تر دیکتاتۆرێکی نوێ دێتەوە شوێنی دیکتاتۆری پێشوو.

ئەزموونەکانی ژنان لە چەندین وڵاتی جیهان نیشانی دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی شەڕ و قڕکردن بگیرێت، گۆڕانکاری بنەڕەتی زهنیەت، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی پێویستن. مێژووی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان دەبێتە نموونەیەک کە قەیراناویترین ساتەوەختەکانی ژنان دەتوانن هاوبەشی بیر، ڕوح و تێکۆشانەوە، هێز و وزەی گۆڕانی ڕەوتی مێژوو نیشان بدەن.

تێبینی: ئەم دەقە ئەنجامی دوو گفتوگۆی سەر هێڵ(ئۆنلاین)ی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە لەسەر ئەزموونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە جێگەی جیاوازی جیهان و هەروەها لەسەر بانگەوازی ” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی” ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥. ئەم گفتوگۆیانە بەردەوامن.

سەرچاوە: ژنۆلۆژی