لە تەکساس بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ویلایەتی تەکساسی باشووری ئەمریکا بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا. بە دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.

ڕۆژی هەینی بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبوو. لە ناوچەی کێیر کە لافاوەکە زۆرترین کاریگەریی هەبوو، تێیدا ٤٣ کەس گیانیان لەدەستدا، لە سێ ناوچەی تر بەگشتی حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

لاری لێتیا شەریفی ناوچەی کێیر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، " لەناوچەی کێیر ٤٣ تەرممان دۆزییەوە. لەنێو قوربانیاندا ١٥ منداڵ هەن."

لێتیا ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی ٧٥٠ منداڵ  لە کەمپی هاوینەی کچانی کریستیان لە لە کەناری ڕووباری گوادالوپ بوون و ٢٧ـیان تا ئێستا بێسەروشوێنن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئینتەرنێتی کێیراڤڵ، بەڕێوبەر و خاوەنی 'کامپ میستیک'ـیش گیانی لەدەستداوە. هەروەها بەرپرسێکی تری کەمپێکی تریش گیانی لەدەستداوە.

نزیکەی ٥٠٠ بەرپرسی فریاگوزاری و ١٤ هەلیکۆپتەر ڕوویان لە ناوچەکە کرد. پارێزەرانی نەتەوەیی تەکساس و هێزە ئەمنییەکانیش کۆمەکیان نارد.