٤٥٠ هەزار ئەفغانی پێش وادەی دیاریکراو ئێرانیان بەجێهێشت

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند نزیکەی ٤٥٠ هەزار ئەفغانی بێ مۆڵەت پێش ئەو وادەیەی کە ئێران بۆیانی دیاری کردبوو، وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

وادەی کۆتای بۆ ئەو ئەفغانیانەی کە مۆڵەتی مانەوەیان نییە بۆ ٦ی تەمموز دیاریکرابوو، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچ ڕۆژی دووشەممە، ڕۆژێک دوای ئەو وادەیە، ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە نزیکەی ٤٥٠ هەزار ئەفغانی ئێرانیان بەرەو وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە.

وتەبێژی ڕێکخراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP)ی ڕاگەیاندووە: “لە نێوان ١ی حوزەیران تا ٥ی تەممووز، ٤٤٩ هەزار و ٢١٨ ئەفغانی خاکی ئێرانیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان."

دەوترێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەو ژمارەیەی کە گەڕاونەتەوە گەیشتووەتە ٩٠٦ هەزار و ٣٢٦ کەسە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە دەروازە سنوورییەکانی ئەفغانستاندا قەیرانی مرۆیی ڕوویداوە و ڕێوشوێنی بەپەلەی گرتووتەبەر.

کۆچبەرانی ئەفغانستانی دەڵێن، بەهۆی گوشارەکان، دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوە لە ئێران، وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان.

شایانی باسە دەوڵەتی ئێران، لە بڕیارێکدا کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا دابووی، ڕۆژی ٦ی تەممووزی وەک دوا وادەی دیپۆرتکردنەوەی ٤ میلیۆن ئەفغانی کە بەشێوەی نایاسایی چوونەتە ناو ئێرانەوە، دیاری کردبوو.