ناوەڕۆکی بەیاننامەی یەکێتی هێزە دیموکراتیکەکانی ئەورووپا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
"١٠ یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پرسووس جارێکی دیکە بانگهێشتمان دەکات کە لێپرسینەوە لە کردەوە تیرورییەکانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەر بکەین و تێکۆشانمان گەورەتر بکەینەوە. بە کۆمەڵکوژی پرسووس، ڕژێمی فاشیست لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥ چەمکێکی تازەی شەڕی بە ناوی پلانی لەناوبردن دەستپێکرد، ڕژێمی فاشیست هەڵمەتی گەنجانی سۆسیالیستی بۆ بنیاتنانەوەی کۆبانێ بە ئامانج گرت.
پرسووس شوێنی دەربڕینی داواکاری و هێڵی گەنجانی سۆسیالیستە بۆ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا. ڕۆیشتن بۆ پرسووس بەرەو کۆبانێ، خواستێکی فرەڕەنگی و ڕۆحی سەرهەڵدانی گەزییە بۆ بنیاتنانی شۆڕش. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی ڕژێمی فاشیستە و یەکێتیە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا. بەو بۆنەوە ڕژێمی داگیرکەری فاشیست و چەتەکانی داعش لە دژی گەنجانی سۆسیالیست و شۆڕشگێڕ لە پرسووس کۆمەڵکوژیی دڕندانەیان ئەنجامدا.
گەنجانی سۆسیالیست کە دەیانویست تێکۆشان و خرۆشیان لە پرسووسەوە بگوازنەوە بۆ کۆبانی، لە هەمان کاتدا دەیانویست بە گەلانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیوای یەکسانی، ئازادی و ئارامی بدەن.
مانگی تەمووزی هەموو ساڵێک مانگێکی تایبەت و گرنگە بۆ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی پرسووس بۆ پێشکەوتنی تێکۆشان بۆ دادپەروەری. بەدڵنیاییەوە ناڕەزایەتی سیاسی، بەرخۆدانی یەکگرتووانە و تێکۆشان بۆ دادپەروەری لە ئەنجامی چالاکییەکانی لێپرسینەوەن.
هەر لە شەقامەکانی تورکیا و کوردستانەوە تا شارەکانی ئەورووپا، لەسەر ڕێبازی ڕێبوارانی هیواین و بە ڕوانگەی شۆڕشێکی یەکگرتووانەوە بۆ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی پرسووس کۆدەبینەوە. وەرن با لە ١٠یەمین ساڵەیدا، تێکۆشانی ٣٣ رێبواری هیوا گەورەتر بکەینەوە."