لە سووریا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نۆ کەس کوژران

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند؛ لە سووریا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نۆ کەس کوژراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابروودا نۆ کەس بەهۆی هێرش، تەقەی هەڕەمەکی و ناکۆکی کوژراون. 

لە ڕاگەیاندراوەکەی سۆهردا ئاماژە بەوەکراوە گروپێک چەکدار هێرشیان کردە سەر گوندی شەهیبی حەما و لە ئەنجامی هێرشەکەدا گەنجێک کوژرا، لە مارەت ئەل جەلەلی حەما لە ئەنجامی گولـلەباراندا کەسێک لە نێو زەوی و زاری کوشتوکاڵییدا کوژرا، هەروەها لەسەر ڕێگەی شەتحە-عەین کروم لە ئەنجامی گولـلەباراندا گەنجێک و منداڵێکی کچ کوژران. 

هەروەها لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەی سۆهردا ئاماژەش بەوەکراوە لەسەر ڕێگەی ئەسریا-خناسری ڕۆژهەڵاتی حەما، لە هێرشێکدا لە دژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییدا ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری حکومەت کوژرا، لە دارستانی نەمرای شەهبا سوەیدا تەرمی خوێندکارێکی زانکۆ دۆزراوەیەوە کە شوێنی گولـلە بەسەر جەستەوەیەتی. 

لە گوندی عەقارب سافیەی ڕۆژهەڵاتی حەما گەنجێک لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا.  

سۆهر بەمجۆرە کۆتایی بە ڕاگەیاندراوەکەی هێنا: "لە گەڕەکی موهاجرینی شاری حومس گرووپێکی چەکدار بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆڵکردنی ماڵێک کەسێکیان کوشت، لە شارۆچکەی ناهتەی ڕۆژهەڵاتی دارا گەنجێک لە ئاهەنگێکدا بە تەقەی هەڕەمەکی کوژرا."