لە ئامەد وۆرک شۆپێکی گەنجان بەڕێوە دەچێت

ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی ئامەد وۆرک شۆپی 'بە گەنجانی پێشەنگ بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک' بەڕێوە دەبات.

ئەنجوومەنی گەنجانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی  گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد وۆرک شۆپی 'بە گەنجانی پێشەنگ بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک' ئەنجام دەدات. لە وۆرک شۆپەکەدا چەندین سیاسەتمەدار و گەنج بەشداریان کرد. پێش دەستپێکردنی وۆرک شۆپەکە گەنجان بە گۆرانی هەڵپەڕکێیان کرد و دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێ'یان بەرزکردەوە. 

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بەڵگەفیلمێک لەسەر کارەکانی ئەنجوومەنی گەنجان نیشاندرا. هەروەها لە وۆرک شۆپەکەدا سەرۆکی پارتی ڕەنجی گەل (HEP)ی ئامەد ویدات ئایدن بە بیرهێنرایەوە کە لە پێنجی تەمموزی ١٩٩١دا تیرۆرکرا.  

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی عومەر گۆرونەک سەرنجی بۆ 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە گەنجان لە بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پێشەنگایەتی دەکەن.  

لە وۆرک شۆپەکەدا ئەم ناونیشانانە "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک: تیۆری و بناغە پراکتیکییەکان"، "ئازادی ژن و ڕوانگەی ژنۆلۆژی" و "توندوتیژی دژی ژنان و سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان" تاوتوێ دەکرێن. 

وۆرک شۆپی گەنجان بە دوور لە ڕاگەیاندنەکان بەردەوامە.