بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان، کەمێک پێش ئێستا لە دیمەشق، کۆبوونەوەی شاندی فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق لە سووریا دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا و ژان باپتیست فیڤەر نوێنەری حکومەتی فەڕەنسا لە سووریا بەشدارن.
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئاداردایە، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشقدا ئەنجامدرا.
پێشتریش هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ١ـی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە دیمەشقی پایتەخت لە نێوان شاندێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندێکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە، دوای تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش، کە بڕگە ڕێککەوتووەکانی لەخۆگرتبوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە، هەروەها بڕیاردرا، کە بەم نزیكانە کۆبوونەوەیەکی دیکە دیاری بکرێت بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی کە لەسەری ڕێککەوتوون.