حکومەتی تورکیا بۆ کۆنسەی ئەورووپا: مافی هیوا جێبەجێ ناکەین

حکومەتی تورکیا پیلاننامەی چالاکییەکانی خۆی پێشکەشی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کرد و ڕایگەیاند، کە هیچ گۆڕانکارییەک سەبارەت بە 'مافی هیوا' ناکات، دەوڵەتی تورک ڕێبەر ئاپۆی لە مافی هیوا بێبەش کرد.

لە پیلاننامەکەیدا دەوڵەتی تورک ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گیراوانەی کە سزای هەتاهەتایی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە ناتوانن سوود لە مافی هیوا وەربگرن.

لە پیلاننامەکەدا کە ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پێشکەش کراوە، بەرپرسیارێتییەکان لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی (ژمارە ٢)ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئەمین گووربان، جڤان بۆڵتان، حەیاتی قەیتان و ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگێندرا.

داداگاکە لەم دۆزانەدا ڕایگەیاندبوو کە نەڕەخساندنی دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزا یان هیوای ئازادکردن بۆ ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، پێشێلکردنی مادەی ٣ـیەمی (قەدەغەکردنی مامەڵە یان سزای نامرۆڤانە و ئەشکەنجە)ـی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە.

پێداگری لەسەر گۆشەگیری

لە پیلاننامەی چالاکییەکانی حکومەتی تورکیادا بانگەشەی ئەوەکراوە، سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ 'پێویستی بە وەرگرتنی ڕێوشوێنی کەسی نییە'، لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا لە زیندانی تاکەکەسییدایە، ئەم بارودۆخە دەریدەخات وێڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گۆشەگیری بەردەوامە.

ڕەتکردنەوەی مافی هیوا

حکومەتی تورکیا بە سەرناوی "ئازادکردنی مەرجدار" ئاماژەی بەوەدا، سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس "ئیستیسنائی"ـیە و ئەو کەسای سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە ناتوانن سوود لە میکانیزیمی ئازادکردنی مەرجدار وەربگرن، بەم شیوەیە تورکیا بە فەرمی ڕایگەیاند، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە یاسای "مافی هیوا"ـدا ناکات.

یەڵماز تونچ، وەزیری دادی دەوڵەتی تورک لە مانگی ئایار لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەدابوو، "دۆخێکی بەمشێوەیە نابێت"، ئەو وتانەی لە پیلاننامەکەدا ئاماژەی کراوە، نیشانی دەدات کە ئیدی ئەم هەڵوێستە بووەتە سیاسەتێکی فەرمی.