لە جۆلەمێرگ لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئاکەپە چەند کەسێک دەستبەسەرکران

لە گوندەکانی ئاشوت و چەمەکای ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ، هێزەکانی دەوڵەت پەیوەست بە هێرشکردنەسەر ڕەحمێ ئۆلمەز برازای عیسمەت ئۆلمەز ئەندامی ئاکەپە، هەڵیانکوتایە سەر هەر دوو گوندەکە و ٧ کەسیان دەستبەسەر کرد. لە نێویاندا ٣ کەسیان زیندانی کران.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی ئەو ٧ هاوڵاتیەی کە ڕۆژی دووشەممە لەم دوو گوندەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە، ٣ کەسیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئاشتیەوە زیندانی کراون.

دوای بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئەو سێ هاوڵاتییە، نوێنەرانی گوندی ئاشۆت لە بەردەم قایمقامیەتی جۆلەمێرگ ڕاگەیاندراوێکییان خوێندەوە. عەبدولڕەحمان ئەجەر بە ناوی گوندنشینەکانەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کردەوەیە بە تەواوی نایاساییە و وتی: "هیچ نیشانەیەکی برینداربوون لەسەر جەستەی ئەو کەسە نییە کە گوایە لێی دراوە، بە بیانووی فەرمانی هەندێک کەس ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هەردوو گوندەکەمان ئەنجامدراوە، ٧ کەس لە کەسوکارمان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، ئەم بڕیارە نە یاساییە و نە ویژدانیی. بەبێ هیچ بەڵگە و مۆڵەتێکی دادوەری، گوندەکانمان خراوەتە گەمارۆدانەوە."

ئاماژەی بەوەش دا، نابێ دەوڵەت و یاسا ببنە لایەنگری هیچ کەسێک، بەڵکو دەبێت پشتیوانی لە گەل بکەن و لە کۆتاییدا گوتی: "ناتوانن بە گوشار و ترس بێدەنگمان بکەن، تا کۆتایی بەرگری لە مافی گەلەکەمان دەکەین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین."