نەورۆز یوساڵ: تورکیا ناتوانێت خۆی لە مافی هیوا بدزێتەوە

پەرلەمانتاری شڕناخی دەم پارتی نەورۆز یوساڵ ئاماژەی بەوەدا 'مافی هیوا' بابەتێک نییە حکومەتەکەی ئاکەپە بازاڕی پێوەبکات و گوتی: "مافی هیوا هاوکات پێویستی و بەرپرسیارێتی پرۆسەکەیە."

مافی هیوا

پەرلەمانتاری شڕناخی پارتی یەکسانی دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە یەکێکە لە پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ، پەیوەست بە 'مافی هیوا'ـی ڕێبەر ئاپۆ و پلانڕێژییەکانی حکومەت بۆ خۆ دزینەوە لە جێبەجێ کردنی مافی هیوا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

نەرۆز یوساڵ بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنەکەی دەستپێکرد: "پلانڕێژی چالاکییەکی پێنج پەڕەی پێشکەش کراوە. لەم پلانڕێژییەدا بە تەنها وشەیەکیش نەهاتووە تا لە بەرژەوەندی دۆخی زیندانیانی سیاسیی سزادراو بە سزایی هەمیشەیی بگۆڕێت. هەندێک زانیاری تێیدایە  و دەستنیشانی دەکات گوایە سزای هەمیشەی هەموو زیندانیکراوێک ناگرێتەوە بەڵکو پەیوەستە بە هەندێک تاوانەوە. دادگای دەستووری بنەڕەتی ناونیشانێکی کراوەیە، بەڵام پەیوەست بە سزای زیندانی هەمیشەیی قورسکراو هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە، لەم بابەتەدا هیچ زانیارییەکی نەداوە. تەنها دەڵێت بڕیارەکەم ئاڕاستەی دادگای باڵا کردووە، بۆ دەستووری بنەڕەتیم ناردووە."

نەرۆز یوساڵ باسی لەوەکرد حکومەت بانگەشەی ئەوەی کردووە، سزای زیندانی هەمیشەیی قورسکراو بۆ گەڕانەوە لە تاوان بەکاردەهێندرێت، بەڵام لەسەر میکانیزمی گۆڕانکارییەکە کە دادگا پرسی ئەوەی کردووە هیچ زانیاری و وەڵامێکی پێشکەش نەکردووە و گوتی: " حکومەت بانگەشەی کردووە کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسکراو بۆ ڕێگریکردن لە تاوان بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەسەر میکانیزمی ئەو گۆڕانکارییەی کە دادگا داوایکردووە، تاکە زانیارییەکی نەخستووەتە ڕوو، بۆ نموونە کەی دەگۆڕێت؟ گۆڕانکارییەکان بە کام ڕێوشوێن ئەنجام دەدرێن؟ ئێمەی پەرلەمانتارانی دەم پارتی گەلێک ڕەشنووسی یاساییمان پێشکەشکرد. ئەم ڕەشنووسە یاساییانەی ئێمە لە کوێن؟ لەهەمان کاتدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا داتایەکیان  خستووەتە ڕوو کە ئێمە پێی دەڵێین 'دوو لە نۆ'. هەروەها پارێزەری جوان بۆڵتان لە نیسانی ٢٠٢٥ـدا ڕاپۆرتێکی 'یەک لە نۆ'ـی پێشکەشکرد. لێرەدا هەم بڕیارەکانی دادگای دەستوور، هەم بەندەکانی ئەو یاسایانەی کە چاوەڕێی پەرلەمانن هەمیش گەلێک بارودۆخی ڕاستەقینە لەسەر سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو هەن. ئەم پلانی چالاکییە وەڵامی هیچ کام لەمانەی نەداوەتەوە، تەنها بە زانیاریی تەکنیکی خۆی لە بەرپرسیارێتیی دزیوەتەوە."

'پێویستە تورکیا بە گوێرەی بەڵینەکانی مامەڵە بکات'

پەرلەمانتاری شڕناخی دەم پارتی نەورۆز یویسال ئاماژەی بەوە کرد، 'مافی هیوا' بابەتێکی وا نییە کە تورکیا بتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە و لە کۆتاییدا وتی، "بەر لە هەر شتێک لەبەرامبەر ئەم پلانی چالاکییە پێویستە سەبارەت بەم چوار بڕیارەی ئێمە پێیان دەڵێین غوربان، کایتان، بۆڵتان و ئۆجالان، زانیاری بخرێتەڕوو و بۆ ئەوەی لە کۆبووەنەوەی کاتیی مانگی ئەیلوولدا بڕیار بدرێت، داواکاری پێشکەش بکرێت. کۆمیتەکە لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٤ ڕایگەیاندبوو، ئەگەر تورکیا تاوەکو ئەیلوولی ٢٠٢٥ ئەو هەنگاوانە نەنێت کە ئێمە لەم بابەتەدا چاوەڕێی دەکەین و پێشکەوتنێکی بەرچاو ڕوونەدات، ئامادەکاری بۆ داڕشتنی پێشنیاری بڕیاری کاتی دەکرێت. لەئێستادا بەرەو مانگی ئەیلوول دەڕۆین، پلانێکی چالاکی هەیە کە پێشکەشکراوە، بەڵام لەسەر گۆڕانکارییەکی کۆنکرێتی هیچ پێشنیار و پلانسازییەک نییە. لەبەرئەوە پێویستە کۆمیتە لە دانیشتنی ئەیلوولی ٢٠٢٥ـدا تایبەت بە بڕیاری تورکیا لەسەر بەڕێز ئۆجالان ڕەشنووسێکی کاتی ئامادە بکات و لەم بارەیەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ئەنجامبدات هێزی یاسایی و دیپلۆماتیکی خۆی بخاتە گەڕ. 'مافی هیوا' بابەتێکی وا نییە کە کە تورکیا خۆی لێ بدزێتەوە و بازاڕیی پێوە بکات. ئەگەر کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا ئەمە  بۆ کات بەجێنەهێڵێت، بە زانیارییەکی لەم شێوەیەوە نەوەستێت و بە بەرپرسیارێتییەک هەڵسێت کە ئەم بابەتە وەکو پرسێکی دامەزراوەیی ببینێت، ئەوکات دەشێت گۆڕانکارییەک بکرێت. ئێمە لە پەرلەمان لە هەوڵی ئەوەداین. پێویستە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەیەدا تورکیا بەگوێرەی بەڵێنەکانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەڵسوکەوت بکات."