فەراد کۆچاک: داواکاریمان بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە
پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا فەراد کۆچاک کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو شاندە٣٩ کەسیەی سەردانی ئەستەنبوڵییان کردبوو، ئاماژەی بەوە کرد داواکارییەکەیان بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.
پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا فەراد کۆچاک کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو شاندە٣٩ کەسیەی سەردانی ئەستەنبوڵییان کردبوو، ئاماژەی بەوە کرد داواکارییەکەیان بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.
پلاتفۆڕمی ئاشتی و ئازادیی ئەوروپا (EFFP) بۆ بینینی ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە کەمپینی 'دەمەوێت سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان بکەم' کردبوو.
لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا شاندێکی ٣٩ کەسی لە ڕۆژنامەوان، نوسەر، ئاکادیمی، سەندیکاوان، پەرلەمانتار و یاساناس لە وڵاتانی جیاوازەوە سەردانی ئەستەمبوڵیان کرد.
یەکێک لە ئەندامانی دەستەکەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەڵمانیا ( بوندستاگ) پەرلەمانتاری پارتی چەپ فەراد کۆچاک بوو. فەراد کۆچاک لەسەر بابەتەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لەوە کرد ئەندامانی دەستە ٣٩ کەسیەکە لە گرووپی پیشەیی جیاواز و وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون. فەراد کۆچاک وتی، "بۆ نموونە لە ژاپۆنەوە، ڕۆژنامەوان و پەرلەمانتارێک، لە هیندستانەوە چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها لە سویسڕا، بەلجیکا، ئیتالیا و فەڕەنساشەوە هەڤاڵانمان لە دەستەکەدا هەبوون.
لەم چوارچێوەیەدا ئێمەش ویستمان بەشداریی لە شاندەکەدا بکەین. بەتایبەتی ویستمان لە ئەڵمانیا دەنگێکی گرنگ هەبێت. لە ئەڵمانیا و ئەو وڵاتانەوە کە بە ئەڵمانی قسەدەکەن بەشدارییەکی بەهێز هەبوو. لە ڤیەننا، هەروەها لە هەرێمە جیاوازەکانی ئەڵمانیاش بەشداریی هەبوو.
لەگەڵ شاندەکە لە یەکەم شەودا لەو شوێنە، دوای یەکترناسین، ڕۆژی سێشەممە بووە دەستپێکی کۆنفرانسی مانگی تەممووز. یەکەم سەردانمان بۆ نوسینگەی یاسای سەدە بوو کە لە پاراستنی بەڕێز ئۆجالان بەرپرسیارە.
لەوێ لەسەرەتادا سەبارەت بە پڕۆسەکە زانیاری بڵاوکرایەوە؛ قۆناغەکانی پڕۆسە هەنووکەییەکە ڕاگەیاندران. دواتر وەکو شاندەکە گەلێک پرسیار هەبوون. پارێزەران هەوڵیان دەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. بێ هەڵسانگاندنێکی تاکەکەسی یاخود پێشبینی، بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ وەڵامیان دایەوە.
ئەم سەردانە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بوو، لەبەرئەوە نامەوێت زانیاری زۆر بڵێم. بەڵام لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا وەکو ئەندامانی شاندەکە ئێمە داخوازنامەی خۆمان بۆ بینینی بەڕێز ئۆجالان ڕادەستی پارێزەران کرد، تاوەکو ئەوانیش بیگەیەننە لایەنی بەرپرس یاخود وەزارەتی دادی تورکیا.
لەبارەی پڕۆسەکەوە لە ئێستا بەدواوە فەراد کۆچاک ڕایگەیاند، "ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە کە لە سەردانمان بۆ وەزارەتی داد کاتێکی دیاریکراومان دانەناوە. پەیامەکەمان ڕوونە، تێیدا بە وەزارەتی داد دەڵێین: 'ئێمە دەمانەوێت سەردانی بەڕێز ئۆجالان بکەین'. بەرپرسیارێتیی دیاریکردنی کاتەکە لەئەستۆی دەوڵەتە. ئێوە کاتەکەمان بۆ دیاریبکەن، ئێمە ئامادەین دیدار بکەین."
فەراد کۆچاک ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەمەبەستی بینینی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی تر کۆدەبێتەوە و وتی، "هەروەها ئەم شاندە دوا شاند نابێت، ئێمە بەدواداچوون بۆ پڕۆسەکە دەکەین و هەوڵدەدەین بە بەشدارییەکی بەرفراوانترەوە کۆبینەوە.
شاندەکە دەبێتە شوێنەکەوتەی ئەم پڕۆسەیە. هەروەها لەبەرئەوەی ئێمە هێشتا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان نەکردووە، داواکاریمان بۆ سەردانەکە هێشتا بەردەوامە."