'سووریایەکی دیموکراتیک بە پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دێتەئاراوە'
هاوسەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی فورات ئەحمەد خۆجە ئاماژەی بەوەدا سووریایەکی ناناوەندی تەنها بە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئازادی ژنان دێتەئاراوە
هاوسەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی فورات ئەحمەد خۆجە ئاماژەی بەوەدا سووریایەکی ناناوەندی تەنها بە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئازادی ژنان دێتەئاراوە
هاوسەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی فورات ئەحمەد خۆجە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا قۆناغێکی نوێ لە سووریا لە دوای ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئیدارەی ئێستا بە زیهنیەتی ڕژێمی پێشوو مامەڵە دەکات. خۆجە دەشڵێت، سووریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ تەنها بە مۆدێلی بەڕێوەبەریی هەرێمی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەش کراوە، بە دی دێت.
'حکومەتی ئێستای سووریا لە ڕژێمی پێشوو خراپترە'
ئەحمەد خۆجە گوتی: "دەبێت ئیدی سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک بە دی بهێنرێت، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق دەستبەکاربوو، گوایە کۆنگرەی بە ناو سەرکەوتنی خۆی ئەنجام داوە و کۆمیتەی دروستکردوە. هەروەها دەستووری نووسی و حکومەتی ڕاگەیاند. ئەو زیهنیەتەی ئێستە لە دەسەڵاتە لە ڕژێمی پێش خۆی بگرە خراپتریشە. تەنها یەک لایەنە و دەیانەوێت حکومەتیێکی یەک زمان، یەک کەلتوور و یەک ناسنامە دروست بکەن."
'تەنها یەک لایەن قبوڵ دەکات'
لە بەردەوامی قسەکانییدا ئەحمەد خۆجە ئاماژەی بەوەشدا لە پێش چاوی جیهان سەدان عەلەوی لە کەناراوەکانی سووریا تیرۆر کران و گوتی: "ئەم حکومەتە بە شێوەیەکی یەک لایەنی نزیکی وڵات دەبێتەوە. ئەمەش هەرگیز چارەسەری بۆ سووریا ناهێنێت. ئەم زیهنیەتە یەکلایەنەیە و تەنها لایەنێک لەناو خۆیدا قبوڵ دەکات. هەربۆیە تەنها یەک لایەنیان لەناو خۆیاندا دەوێت."
'ئەم سیستەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە بارە'
لە درێژەی قسەکانییدا خۆجە ئاماژەی بەوەدا ئەو سیستەمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بونیانتنراوە بۆ تەواوی سووریا نمونەییە و گوتی: "لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو نەتەوەکان لە ناویەکدا دەژین. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، لە هەمانکاتدا ئازادی ژنانە. ئەم سیستەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە بارە."
لە کۆتایی قسەکانییدا خۆجە ئاماژەی بەوەشکرد تاوەکو ئێستا سەقامگیری لە سووریا مسۆگەر نییە. هەروەها بۆ سووریایەکی دیموکراتیک، دەبێت هەر هەرێمک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خۆی لە ئەستۆ بگرێت. هەروەها دەشڵێت، دەبێت پێکهاتەیەکی ناناوەندی فرەڕەنگ و بە پێشەنگایەتی ژنان دابمەزرێت.